2018-04-16

دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی

لەبەرئەوەی حزبەكان مەبەستیان نییە، لە گوتاری خۆیاندا شوێنیان بۆ یەكخستنی ناوماڵی كورد تەرخان نەكردووە، حزبەكان میدیای خۆیان و ئەو میدیایەی هەقدەستی دەدەن، بە جۆرێك ئاراستە كردووە، یەكخستنی ناوماڵ لە ریزبەندی و پلەبەندیی ئەركەكانیاندا، نەك لە ریزی یەكەم و دووەم و سێیەمدا داناوە، بەڵكو هەر بەلایدا ناچن، تەنانەت وەك دروشمیش ناوی نییە.
پشتگوێخستنی مەسەلەی یەكخستنی ناوماڵ و بە گرنگ نەزانینی یەكگوتار لە ئاستی عێراقدا، بەرهەمی چەند ساڵی رابردووی حزبایەتیی تەسكبینە، بەرنامەی ئەو حزبایەتییە وا دەستی پێكرد بە حیساب دژی حزبایەتیی باو كار دەكات، پاساوی خۆدەرخستنی ئەوە بوو، گرنگ نییە هەموو حزبەكان لە دەوری یەكگوتاردا كۆببنەوە، دەكرێ هەر حزبە و بە جیا بەشداربێت، بەڵام لە بەغدا پێكەوە كار بكەن، كەچی ئەو ئاراستەیە كاری خۆی كرد، پارچە پارچە بوون نەك هەر بووە دیفاكتۆ، بەڵكو رێگەی بۆ ئەوە خۆشكرد لە بەغدا لە كورد هەڵگەڕێنەوە.
حزبەكان دەستكاری ویستی نەتەوەیی خەڵكیان كرد، گەلی كوردستان خۆڕسكانە چاوی لە وەدیهاتنی ئامانجی گەورە بووە، لێ حزبەكان هاتنەدیی ویستی خەڵك لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابینن، لەبەرئەوەی كورد لە خولی یەكەم و دووەمی پەرلەمانی عێراق یەكگرتوو بوو قورسایی خۆی هەبوو، بەڵام لە ناوخۆی كوردستاندا، بۆ دروستكردنی ئەم مۆدێلەی حزبایەتی كە زۆر ئاسایی بێت ئەندامی سەركردایەتی حزب لە لیستە عەرەبییەكاندا خۆی كاندید بكات، كەوتنە بنكۆڵكردنی یەكگرتوویی و یەكگوتاری، بەرنامەی چڕ و پڕی بۆ داندرا، شاڵاوێكی بەربڵاوی كرایە سەر، بەوە لێكدرایەوە ئەو یەكگوتارییە لە بەرژەوەندیی پارتی دایە.
هەموو ئەمانەش لە كاتێكدایە، وێڕای ناكۆكیی مێژوویی و قووڵی سوننە و شیعە، عەرەب بەرامبەر كورد ستراتیژێكی نەنووسراوی هەیە، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە رێگەی گرووپی خیانەتكاری ناو یەكێتی، شیعە كوردستانی داگیركردەوە، بەڵام سوننەش زۆر خۆشحاڵن كە ئەو ناوچانە لە دەست كورد دەرهێندراون، ئێستا عەرەب و توركمان ئیش لەسەر ئەوە دەكەن، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك، بكەنە بابەتی سەرەكیی خۆیان، پەرلەماتارێكی عەرەبی سوننەی كەركووك گوتی پێشمەرگە بگەڕێتەوە لە دادگای نێودەوڵەتی شكایەت دەكەین، كەچی لە بەرامبەردا حزبەكانی ئێمە ناكۆكن، هەیانە پرسیار دەكات كام پێشمەرگە بگەڕێتەوە، ئەگەر لە رێی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، واتە گەڕانەوەی پارتی، هەشیانە پێی وایە گەڕانەوەی پێشمەرگە لە بەرژەوەندیی پارتی و یەكێتییە.
ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق دەستپێدەكات، سەیر بكەن حزبەكانی ئێمە پەلاماری یەكتر دەدەن، هیچیان جورئەت ناكەن رەخنە لە بەغدا بگرن، دەیكەن بە هەرا و باسی گەندەڵی كوردستان دەكەن، لە كاتێكدا ئەركی ئەو پەرلەمانتارانەی دەردەچن لە بەغدایە، ئاخر كورد بە پەتای پارچە پارچە بوونەوە دەناڵێنێ، دەنا پەرلەمانتارێك نوێنەری خەڵك بێت، چۆن دەچێت لە بەغدا پشت لە دەنگدەرانی دەكات و بۆ بەرژەوەندیی خۆی و بەرنامەی حزبەكەی دژی كوردستان دەوەستێتەوە، سەردەمی یەكگرتوویی قورساییمان هەبوو، لەسەردەمی پەرتەوازەییش زەلیلی .

* رۆژی 2018/4/15 له‌ رۆژنامه‌ی خه‌بات بڵاوبۆته‌وه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌