2018-04-15

 سەرۆكی دەستەی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێ، ھەموو كارتی نوێی دەنگدەرانی ھەرێمی كوردستان گەییشتوون و، لە رێگەی دەیان بنكەی كۆمسیۆنیشەوە رۆژانە دابەشی سەر ھاووڵاتیان دەكرێن.
مازن عەبدولقادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەموو ئەو دەنگدەرانەی لە دوای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ بەشداریی پڕۆسەی بایۆمەتریی كۆمسیۆنیان كردووە، كارتی نوێیان بۆ چاپ كراوە، ھەموو كارتەكانیش گەیەندراونەتە ھەرێمی كوردستان و لە رێگەی ١٧٣ بنكەی كۆمسیۆنەوە دابەشی سەر ھاووڵاتیان دەكرێن، ھەموو دەنگدەرانیش كە بەشداریی بایۆمەتریان كردووە، پێویستە سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی عێراق لە وەرگرتنی كارت، پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان زۆر باشن، لە ئێستادا زیاتر ھاووڵاتیان سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن دەكەن، چونكە لایەنە سیاسییەكان لایەنگرانیان ھان دەدەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان".
سەرۆكی دەستەی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بەپێی دوائامار، لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستاندا زیاتر لە ٦٠%ـی دەنگدەران كارتی نوێیان وەرگرتووە، تا رۆژی ٩ـی ئایاری داھاتوویش، پڕۆسەی دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەردەوام دەبێت".

بڕیارە رۆژی ١٢ـی ئایاری داھاتوو، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت و پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی ژمارە ١٨٤ بەشداری لە ھەڵبژاردنی عێراقدا دەكات.

لەبارەی ئەو دەنگدەرانەی كارتی نوێی دەنگدان ون دەكەن، یان بە ھەر ھۆكارێك بێت كارتی دەنگدانیان بفەوتێت، مازن عەبدولقادر گوتی: "بۆ ئەوانەی كارتی دەنگدان ون دەكەن یانیش كارتەكەیان بفەوتێت، ئەوا ھیچ چارەیەك نییە، چونكە تەنیا رێگەیەك بۆ دەنگدان، ھەبوونی كارتە، ھەر رێگایەك دانێین بۆ دەنگدان لە دەرەوەی بەكارھێنانی كارت، ئەوا دەرگای دیكەمان بۆ دەكاتەوە، لەبەر ئەوەیش بڕیاری كۆتایی كۆمسیۆن ئەوەیە بە بێ كارت ھیچ كەسێك مافی دەنگدانی نییە".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌