2018-04-14

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

چەند رۆژێكی‮ ‬دیكە بانگەشەی‮ ‬هەڵبژاردنی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬عێراق دەستپێدەكات،‮ ‬ئەگەرچی‮ ‬ئێستا بەشێوەی‮ ‬نافەرمی‮ ‬دەستیپێكردووە و حزب و لایەنە سیاسییە كوردییەكان و هەتا عێراقییەكانیش،‮ ‬بەتایبەتی‮ ‬بەرەی‮ ‬ئۆپۆزسیۆن بازاڕییان بە دروشم و هاتوهاوار گەرمكردووە،‮ ‬ئەمەش لە كاتێكدایە هەر دوێنێ بوو بەشێك لەو هێزانە حكوومەتییان بە تەنیا بۆ پارتی‮ ‬و‮ ‬یەكێتی‮ ‬بەجێهێشت،‮ ‬رەنگە جوانتر بێت ئەگەر بڵێین هەڵاتن،‮ ‬هەڵاتن لە حكوومەتیش دەكرێت دوو رەهەندی‮ ‬هەبێت،‮ ‬رەهەندێك خۆدزینەوە بوو لە بەرپرسیارێتی،‮ ‬رەهەندێكی‮ ‬دیكەشی‮ ‬كە سەد لە سەد راستە،‮ ‬بۆ ئەوە بوو تاكو بازاڕی‮ ‬پڕوپاگەندەی‮ ‬حزبی‮ ‬گەرم بكەنەوە،‮ ‬واتە ئەو حزبانە لە‮ ‬یەك كاتدا دوو جۆر بەرنامەیان پەیڕەوكرد،‮ ‬هەم خۆیان لە بەرپرسیارێتی‮ ‬دزییەوە،‮ ‬هەمیش ئەو خۆزدینەوەیە وەك كارتی‮ ‬پڕوپاگەندەیی‮ ‬لە پرۆسەی‮ ‬هەڵبژاردندا بەكاردەهێنن‮.‬

پێشبینی‮ ‬دەكرێ لە كاتی‮ ‬پڕوپاگەندەی‮ ‬هەڵبژاردندا،‮ ‬ئەو حزب و لایەنانەی‮ ‬لە حكوومەت كشانەوە،‮ ‬یان هەڵاتووەكان،‮ ‬زۆرترین دروشمی‮ ‬بەتاڵی‮ ‬سیاسی‮ ‬بەرز بكەنەوە بۆ كۆكردنەوە و راوە دەنگ،‮ ‬دەی‮ ‬خۆ ئەوە ئاساییە حزبی‮ ‬سیاسی‮ ‬پڕوپاگەندەی‮ ‬هەڵبژاردن بكات،‮ ‬بەڵام ئەوە ئاسایی‮ ‬نییە لە بەرگی‮ ‬پڕوپاگەندەدا خەڵك‮ ‬یانی‮ ‬دەنگدەر لە خشتە ببردرێت،‮ ‬ئەگینا روونە لە ماوەی‮ ‬رابردوودا ئەو حزبە هەڵاتووانە رۆڵی‮ ‬زۆر خراپیان بینی‮ ‬لە ئاڵۆزكردنی‮ ‬رەوشی‮ ‬سیاسی‮ ‬كوردستان،‮ ‬تا ئاستی‮ ‬ئەوەی‮ ‬هیچ دەرفەتێكییان بۆ گفتوگۆی‮ ‬سیاسی‮ ‬نەهێشتەوە و ئەمەش كاریگەریی‮ ‬قووڵی‮ ‬لەسەر سایكۆلۆژییەتی‮ ‬كۆمەڵگە بەجێهێشت و ئێستاش خەڵكی‮ ‬بەشێوەیەكی‮ ‬گوماناوی‮ ‬سەیری‮ ‬پرۆسەی‮ ‬هەڵبژاردنیش دەكات،‮ ‬چونكە لە رابردوودا لە بەرگی‮ ‬ئۆپۆزسیۆنبوونەوە زۆرترین كێشەیان دروستكرد،‮ ‬گوایە ئەو كێشانە لەپێناوی‮ ‬خەڵكدان،‮ ‬كەچی‮ ‬كاتێك حكوومەت پارەی‮ ‬نامێنێت و بەغدا كێشەی‮ ‬بۆ دروست دەكات،‮ ‬ئیدی‮ ‬ئەوانیش دەكشێنەوە،‮ ‬ئاخر حزبی‮ ‬سیاسی‮ ‬كاتێك هەست بە بەرپرسیارێتی‮ ‬ئەخلاقی‮ ‬و سیاسی‮ ‬دەكات،‮ ‬هەوڵ نادات خۆی‮ ‬لە ئاست قەیرانەكان بشارێتەوە و لایەنی‮ ‬دیكەی‮ ‬پێ تۆمەتبار بكات،‮ ‬بەداخەوە لە رابردوودا ئەوە روویدا‮.‬

زۆر لایەنی‮ ‬سیاسی‮ ‬هەبوون لە دوای‮ ‬ئۆكتۆبەرەوە بانگەشەی‮ ‬ئەوەیان كرد كە حكوومەتی‮ ‬هەرێم كەوت و شتێك بەناوی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان نەماوە،‮ ‬بۆیە بەخێرایی‮ ‬هەڵاتن بۆ ئەوەی‮ ‬لە كاتی‮ ‬هەڵبژاردندا بڵێن ئێمە بەرپرس نین لە قەیرانەكان،‮ ‬بەڵام زەمەنێكی‮ ‬كورت ئەو سیحرەی‮ ‬بەتاڵكردنەوە و ئێستا حكوومەت‮ ‬لە بری‮ ‬ئەوەی‮ ‬بڕووخێت،‮ ‬مووچەی‮ ‬باشتركردووە و درێژەی‮ ‬بە كارەكانی‮ ‬خۆیداوە و گفتوگۆكانی‮ ‬هەنگاوی‮ ‬باشی‮ ‬هاویشتووە لەگەڵ بەغدا و كۆمەڵگەی‮ ‬نێودەوڵەتیش پاڵپشتی‮ ‬هەرێم دەكەن،‮ ‬ئەمە سەرباری‮ ‬ئەوەی‮ ‬دیسانەوە هەرێمی‮ ‬كوردستان ئەگەر بە هێواشیش بێت،‮ ‬بەڵام چۆیەوە سەر سكەی‮ ‬ئاسایی‮ ‬خۆی‮ ‬و ئاماژەكانیش دەڵێن گەڕێكی‮ ‬دیكەی‮ ‬بەهێزبوونەوەی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بەڕێوەیە‮.

‬راستە لە رابردوودا زۆر قسە و لێدوانی‮ ‬سیاسی‮ ‬خراپ ئاڕاستەی‮ ‬یەكتری‮ ‬كران و دۆخەكەیان زیاتر ئاڵۆزكرد،‮ ‬بەڵام گرنگە كوردیش لەناو ئەو هەموو هەڕەشە و گۆڕانكارییانەی‮ ‬ناوچەكە،‮ ‬ئەویش بە روئیایەكی‮ ‬دیپلۆماسییانەوە ئیش بۆ ستراتیژییەتی‮ ‬دوورمەودا بكات،‮ ‬دەكرێ ناكۆكی‮ ‬حزبی‮ ‬هەبن،‮ ‬بەڵام نابێت تاسەر بەردەوامییان هەبێت،‮ ‬چونكە بەردەوامیدان بەو ناكۆكییانە لە بەرژەوەندی‮ ‬گەلی‮ ‬كوردستاندا نابێت،‮ ‬ئاخر رووداوەكانی‮ ‬ئۆكتۆبەر و عەفرین،‮ ‬دەكرێ وەك وانەیەك سەیریان بكرێت كە هەموو نەیارەكانی‮ ‬كورد بۆ دژایەتیكردن و لەباربردنی‮ ‬ئەزموونە‮ ‬كوردییەكان هاوهەڵوێست و دەست لە ناو دەستن‮.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌