2018-04-12

 پاش دوو كۆبوونەوەی ڕاوێژكاریی نێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فڕاكسیۆنەكان و لیژنەی یاسایی و دارایی لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە بۆ گەییشتن بە رێككەوتن بۆ پەسەندكردنی، كەچی نەگەییشتن بە رێككەوتن و، هەندێك لایەنیش باس لەوە دەكەن كە پەسەندكردنی بخرێتە دوای هەڵبژاردنەوە، بەڵام پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی پارتی دەڵێ: "دژی ئەوەین".

د. فرسەت سۆفی، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەكوو فڕاكسیۆنی پارتی، دوێنێ چوارشەممە كۆبوونەوەیەكمان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە كرد و پێداگر و جیددین كە دەبێت لە ماوەی حەفتەی دابێ و دوای كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە كە بڕیارە پەرلەمان لەگەڵ حكوومەت كۆ ببێتەوە،‌ كاتی كۆبوونەوەی پەرلەمانیش دیاری بكرێت و یاساكەیش تێپەڕێندرێت".

وەك سۆفی ئاماژەی دا : "بە هیچ شێوەیەك ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نابین یاساكە بۆ پاش هەڵبژاردن دوا بخرێت و، ئەگەریش هەر هێزێك سوور بێ لەسەر دواخستنی، ئەوا هەڵوێستی زۆر جیددیمان دەبێ و قبووڵی ناكەین، زۆریش بە ڕاشكاوانە لەگەڵ خەڵكی خۆمان قسە دەكەین و دەمانەوێت بە هەر نرخێك بێت لە ماوەی حەفتەی داهاتوودا بێتە پەسەندكردن".

ئەو پەرلەمانتارەی فڕاكسیۆنی پارتی، رونیشی كردەوە، لەگەڵ ئەوەدان ئەو پرسەی پەیوەندی بە پلە باڵاكانەوە هەیە، یاسای خانەنشینی یەكخەری عێراقی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و چی دیكە ئەو یاسایە دوا نەخرێت.

پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە، لە سەرەتای ئەمساڵ و رۆژی 3-1- 2018  لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا و، لە پەرلەمانیش ڕۆژی 28ی مانگی ڕابردوو، هاتە پەسەندكردن، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتییەوە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەسەر داواكاریی فڕاكسیۆنەكان، لە 4ـی مانگی ئاداری ڕابردوودا یاساكەی‌ گەڕاندەوە هۆڵی پەرلەمان و ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی و دارایی كرایەوە بۆ هەمواركردنەوەی.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌