2018-04-12

شۆرش عزیز سورمێ

کۆبونەوەکەی ئەم دواییەی ئەردۆگان و روحانی و پوتین لە ئەنقەرەی پایتەختی توکیا، بۆنی پلانە شومەکەی جەزائیری لێدێت، ئەو کاتیش لە سالی 1975 بە میانگیری (هەواری بومدین) سەرۆکی ئەوسای جەزائیر و راسپێردراوی (ریچارد نیکسون سەرۆکی ئەو کاتەی ولاتەکگرتوەکانی ئەمریکا و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هێنری کیسینجێر )خیانەتیان لە کورد کرد، بەوەی کە شای ئێران و سەدامی گۆربەگۆر رێککەوتنامەیێک ئەنجام بدەن و ناویان لێنا (رێکەوتنامەی جەزائیر ) ئەوە بوو عێراق بەڵێنی بە ئێران دا و راگەیاند کە خواستەکانی جێبەجێ دەکات، بەمەرجێک هەموو یارمەتییەکانی بۆ کورد رابگرێت، هەر ئەو رێکەوتنامەبووکە بارزانی نەمری ناچارکرد لە پێناو پاراستنی ژیانی هەزاران پەنابەری کورد لە ولاتی ئێران دەسبەرداری شۆرشی ئەیلول بێت دوای ١٣ ساڵ خەبات.

 ئێستاش وا هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە،بەڵام ئەمجارە لە نێوان پوتین و ئەردۆگان و روحانی. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە لەکاتی خستنە خوارەوەی فرۆکە جەنگیەکەی رووسیا لەلایەن تورکیاوە بە تۆمەتی بەزاندنی هێڵی سنوری تورکیا، بۆ ماوەیەک پەیوەندی نێوان سەرکردەکانی ئەو دوو ووڵاتە گرژی تێکەوت، ئەردۆگان و پوتین ببون بە دوژمنی باب کوشتەی یەکتر، کەچی ئەمرۆ لەسەر حیسابی خەلکی هەژار و لێقەوماوانی کورد و عەرەب چ لە سوریا چ لە عێراق بە هەوەسی خۆیان رێککەوتن ئەنجام دەدەن.

وەک ئاشکرایە ئەردۆگان بەردەوامە لە هەولدان بۆ رازیکردنی روحانی سەرۆکی ئێران، بۆ ئەوەی پاشگەز بێتەوە لە گشت ئەو یارمەتیە ئابوری و لۆجیستیانەی کە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا.هەروەها هەوڵ دەدات روحانی والێبکات کاریگەری زیاتری هەبێت لەسەر (حەیدەرعەبادی)ی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ چارەسەر نەکردنی قەیرانی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەوانەش هەمووی بە پاڵپشتیکردنی (فلادیمیر پوتین)ی سەرۆکی روسیا ئەنجامدەدرێت، دوای ئەو هەموو خیانەتەی کە روسیا لە کوردانی کوردستانی رۆژاوای کرد. ئێستاش بۆ بەرەنگاربونەوەی سیاسەتی دەرەوەی رۆژاوا بەتایبەتی سیاسەتی ترامپ و ولاتانی یەکێتی ئەوروپا هەموو گرینگیەک بە دوو وولاتی پێشێلکار و ڕێگری ئازادی و مافی مرۆڤ وەک ئێران و تورکیا دەدات.

گەلۆ ئەوەی کورد پێویستی پێیەتی لەو ئان و ساتەدا بوونی یەک رێزیە لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، لەگەل هەموو ئەو جیاوازییە ئایدۆلۆجی و سیاسیانەی کە لە نێوانیاندا هەیە بۆ وەلام دانەوەی نەیارانی کورد.
 
ئەوەمان لە یاد نەچێ نەبوونی یەک ریزی تەنیا لە بەرژەوەندی ئەو ولاتانەیە کە ئیمەی کورد لە روانگەی خۆمانەوە بە دۆست لە قەلەممان داون، کەچی ئەوان هەر دەرفەتێکیان بۆ رەخسابێ بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان درێخیان نەکردوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌