2018-04-11

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، داوا دەكات لە نزیكترین كاتدا پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسند بكرێت.
ئامینە زکری، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "وەکو فراکسیۆنی پارتی داوادەکەین لە نزیکترین کاتدا پڕۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمان پەسندبکرێت".
گوتیشی: "سەرەڕای کۆبوونەوەی نێوان فراکسیۆنەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێك لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی نەکراوە".
جەختیكردەوە: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراكسیۆنەكەمان، گفتوگۆ لەسەر پەسندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی كراوە و پێویستە پەرلەمانی كوردستان پێش ھەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نایاسایی ئەنجامبدات و پڕۆژە یاسایی چاكسازی پەسند بكات".
ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ 10/4/2018 سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ھەمان مەبەست كۆبوونەوە، بەڵام تا ئێستا فراكسیۆنەكان لەبارەی پەسندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

لە 28/2/2018 په‌رله‌مانی كوردستان، یاسای چاكسازی و خانه‌نشینی لە پەرلەمانی كوردستان په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسیش ئەو بابەتەیان وەك كاڵا بۆ ریكلام و بانگه‌شه‌ی سیاسی بەكاردەھێنا. بۆ لە رۆژی 4/3/2018 پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك فراكسیۆنی ناو په‌رله‌مانی كوردستان، یاداشتێكیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، دواتر هه‌ر یه‌كه‌ له‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رنج و نیگه‌رانی له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌ و مادده‌یه‌كی یاساكه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ بڕیارمانداوه‌ یاساكه‌ ره‌تكه‌ینه‌وه‌و جارێكی دیكه‌ له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌