2018-04-11

رۆژی چوار شه‌ممه‌ 11ـی 4ـی 2018 له‌ سه‌لاحه‌ددین سه‌رۆك مسعود بارزانی پێشوازی له‌ مه‌سعود ته‌ك سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می خۆی به‌ سه‌رۆك بارزانی ڕاگه‌یاند به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانی.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسی توركیا و هەروەها ڕەوشی كورد و لایه‌نه‌ سیاسییە كوردییەكانی توركیا و ئاماژه‌ی به‌ ئەو تەحەددیات و كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانە دا كە لەم دواییەدا لە ژیانی سیاسیی گه‌لی كورد له‌ توركیا هاتوونەتە كایەوە و هەروەها باسیشی لە پڕۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی توركیای كرد.

لای خۆیەوە سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ دۆخی هەرێمی كوردستان و ڕووداوكانی دوای ریفراندۆم كرد و نیگه‌رانی خۆی له‌باره‌ی داهاتوو و ڕه‌وشی گەلی كورد لە سووریا دەربڕی.

له‌باره‌ی بارودۆخی لایەنە سیاسییە كوردەكانی توركیا، سه‌رۆك بارزانی ئامۆژگاری پێویستی خسته‌ڕوو و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد و خەباتی سیاسیی گەلی كورد لە باكوور.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌