2018-04-11

 ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی کوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی به‌لجیكا له‌ عێراق و ئوردن کرد و، لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەلجیکا بۆ کۆچی ناوادەی دلۆڤان ئیدریس بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی و وڵاتەکەی پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی کوردستان کرد.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11/4/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ هندریك ڤان دی فیڵدی، باڵیۆزی به‌لجیكا له‌ عێراق و ئوردن و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێكدا، سه‌ره‌تا باڵیۆزی به‌لجیكا به‌ناوی خۆی و حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ كۆچی دواییی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانی ـی برایان، دواتر باس له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و قۆناغی دوای داعش، كرا.
لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و پێشكه‌شكردنی سه‌ره‌خۆشی له‌ شاندی میوان كرد، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق، قۆناغی دوای داعش، پرسی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قۆناغی ئێستا پێشكه‌ش كرد. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كاندیدا هه‌وڵه‌ چاكسازییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ره‌وپێشچوونی دیالۆگی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ شاندی میوان خسته‌ ڕوو. تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌