2018-04-11

سیامەند سێلكی

زۆر لەمێژە بەرامبەرەكانی پارتی لە چوارچێوەی خیتابێكی خەیاڵی و ناواقعیانەدا هەڵمەتی هەڵبژاردنیان دەستپێكردووە. لەچوارچێوەی ئەو خیتابەدا رۆژانە دەیان تۆمەت و بوختانی ناڕەوا دەدرێنە پاڵ پارتی و سەدان بەڵێنی قەبە و گران و دوور لە ئەقڵانییەتیش بە خەڵكی كوردستان دەدرێت. پارتی لە سۆنگەی رێزگرتن لە یاسا و پابەندبوون بە رێنماییەكانی كومیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و لەپێناو ئەوەی هەم هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان و هەمیش ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەش و هەوایەكی ئارام و بێ كێشەدا بەڕێوەبچن. دانی بە خۆیدا گرتووە و وەڵامی بەرامبەرەكانی نەداوەتەوە. دیارە پارتی وەكو حزبێك كە خاوەنی رابوردوویەكی پاك و مێژووێكی پڕ لە سەروەرییە و خاوەنی جەماوەرێكی دڵسۆز و نەگۆڕە، نەدەچێتە نێو ئەو گەمە ئیعلامییە بێسەروبەرە پڕ لە چەواشەكارییە، نەئامادەشە وەكو بەرامبەرەكانی لەپێناو كۆكردنەوەی دەنگ یاری بە هەست و سۆزی خەڵكی كوردستان بكات. مێژووی پارتی و رابوردووی پارتی لای دوست و دۆژمنان روونە لە خەباتی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی و نەتەوەییدا، پارتی هێزێكی بێ ركابەرە و قوربانی و سەروەرییەكانی لەگەڵ هیچ هێزێكی دیكە بەراورد ناكرێن. یەكەم وێستگەی خەباتی پارتی لەپێناو رزگاری و سەربەخۆیی كوردستاندا لە رووبەڕووبوونەوەی داگیركەرانی عوسمانی دەستپێدەكات و دوا وێستگەش ئەو داستانە پڕ لە فیداكاری و قارەمانێتییە بوون كە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هێزەكانی حەشدی شەعبیدا تۆمار كران. لە بواری حوكمڕانیشدا پارتی وەكو هێزی سەرەكی لە حكوومەتی هەرێم و باڵادەست لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك نموونەیەكی باش و سەركەوتووانەی لە دەسەڵاتدارێتی پێشكەشكردووە. لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی كوردستان لە گوندێكی وێرانەوە بووە وڵاتێكی ئاوەدان و پڕ لە خێر و خۆشی. پێشكەوتن لە هەموو بوارەكانی ژیاندا دروست بوو. خۆشگوزەرانی و رەفاهییەت بۆ تاك و كۆمەڵگای كوردستانی فەراهەم كرا. بۆ یەكەمجار لە مێژوودا نەوتی كوردستانی خۆماڵی كرا و گەیێنرایە بازاڕەكانی جیهان. دەسكەوت و پێشكەوتنەكان لە سایەی دەسەڵاتی پارتییدا بەڕادەیەك گەورە و فراوانبوون، كە لە دەرەوەی چاوەڕوانی دوست و دۆژمنانی كورد بوون. لە بواری ئەمنیدا سەرەڕای ئەوەی كوردستان لە هەموو لایەكەوە بە دوژمن دەورەدراوە، بەڵام دام و دەزگاكانی ئاسایشی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی توانیویانە سەروماڵی كوردستانییان بپارێزن و كوردستان وەكو ناوچەیەكی ئارام و بێ كێشە لە هەموو مەترسییەك بە دوور بگرن. لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا لە بواری خەباتی دیموكراسی و ئازادی بیروڕادا بەكردەوە هەموو ئازادییەكان بۆ تاك و كۆمەڵگە و هێزە سیاسییەكان مسۆگەر و دەستەبەركراون.
 بێگومان لە هەموو ئەمانەش گرگتر و بەرچاوتریش هەڵوێستە نەگۆڕ و چەسپاوەكانی سەرۆك بارزانین لە ئاست پرسی سەربەخۆیی كوردستان و هەموو ئەو پرسانەی گرێدراوی چارەنووس و ئایندەی كوردن. سەرۆك بارزانی لەژێر هیچ گوشار و هەڕەشەیەكدا ئامادە نەبوو مساومە لەسەر مافە نەتەوەییەكانی كورد بكات. بەرگری لە قەوارەی فیدراڵی كرد و لە رێگای ریفراندومەوە كوردستانییەتی كەركووك و خانەقین و شنگال و مەخمووری سەلماند و پرسی سەربەخۆیی كوردستانیش وەكو مافێكی رەوای كورد بە دیكومێنتكرا و ئەمانە هەموویان راستین و نە دۆست و نەدوژمنانی كورد ناتوانن نكۆڵیان لێبكەن. بۆیە نە پێویست دەكات و نە جەماوەری پارتیش چاوڕێی ئەوەیە ئەم پرسانە بخرێنە ناو كارنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، تاكو راستییەك وەبیر جەماوەر بهێنرێنەوە. ئەوەی جەماوەری پارتی ئاواتی بۆ دەخوازێت و بەحەسرەتەوە چاوڕێی دەكات ئەوەیە، پارتی بەر لە هەڵبژاردنەكان هەندێك لەو بەرپرسە حزبی و حكوومییانە سزا بدات كە لە رێنمایی و راسپاردەكانی سەرۆك بارزانی دەرچوون و سەرپێچیشیان لەو بنەما بەرزانە كردووە كە رێبازی بارزانیی نەمر لەسەری بنیاتنراوە و، كورسی بەرپرسیارێتییان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار هێناوە. جەماوەری دڵسۆزی پارتی تەنها ئەمەیان دەوێت و خۆزگەی بۆ دەخوازن. بویە ئەگەر پارتی هەنگاوێكی لەو شێوەیە بهاوێژێت، ئەوە هەموو ئەوجەماوەرە دڵسۆزەی لەبەر هەڵەی هەندێك بەرپرس لە پارتی دووركەوتوونەتەوە، بەدڵخۆشییەوە دەگەڕێنەوە باوەشی حزبەكەیان و بە شانازیشەوە دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و سەركەوتنێكی مەزن بۆ پارتەكەیان تۆماردەكەن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌