2018-04-10

 سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد و باڵیۆزی رووسیا لە دیدارەکەدا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا بایەخێكی تایبەتی هەیە و وڵاتەكەی خوازیاری مامەڵەكردنە لە گەڵ هەرێمی كوردستان و هیوایشی خواست كە ئەو پەیوەندییانە گەشە پێ بدرێن و ئامادەیی كۆمپانییاكانی ڕووسیایشی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لە كەرتی نەوت و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

ڕۆژی سێشەممە 10ـی 4ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق سڵاوی تایبەتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان ڕووسیا و گەلی كوردستان، ئەوەیشی ڕاگەیاند كە هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا بایەخێكی تایبەتی هەیە و وڵاتەكەی خوازیاری مامەڵەكردنە لە گەڵ هەرێمی كوردستان و هیوایشی خواست كە ئەو پەیوەندییانە گەشە پێ بدرێن و ئامادەیی كۆمپانییاكانی ڕووسیایشی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لە كەرتی نەوت و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان خستەڕوو. هەروەها پێزانینیشی بۆ گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو كە پارێزەری مافی مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ترە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی دۆستانە و هاوسەنگ و واقعبینانەی ڕووسیای فیدڕاڵ كرد لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و ئەو تەحەددیاتەی كە لە چەند مانگی ڕابردوو بۆ هەرێمی كوردستان هاتنە ئارا. ئەوەیشی خستەڕوو كە پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی و نەبوونی حەساسیەتی ئایینی و مەزهەبی بەشێكی گرنگی فەرهەنگی گەلی كوردستان پێكدەهێنن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا و هەروەها ڕەوشی گفتوگۆ و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر چەند تەوەری دیكەی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق بوون.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌