2018-04-08

ئه‌مینداری گشتی حزبی به‌عسی قه‌ده‌غه‌كراو رایده‌گه‌ێنێ،ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان له‌ زیندانه‌كان ئازاد نه‌كرێن و مافه‌كانیان پێنه‌درێت، ئه‌وا جه‌نگ له‌ دژی حكوومه‌تی سه‌فه‌وی و پێگه‌كانی ئێران راده‌گه‌یه‌نین،هه‌روه‌ها ده‌شڵێ،تا ڕۆژی قیامه‌ت ئه‌مریكا له‌ ئێران نادات و ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت ته‌نها پروپاگه‌نده‌یه‌.

عززه‌ت دووری، ئه‌مینداری گشتی حزبی به‌عسی قه‌ده‌غه‌كراو، ، به‌بۆنه‌ی 7ی نیسان، ساڵرۆژی دامه‌زراندنی حزبی به‌عس،له‌گرته‌ ڤیدیۆیه‌كدا كه‌ له‌نێو تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان له‌ زیندانه‌كان ئازاد نه‌كرێن و مافه‌كانیان پێنه‌درێت، ئه‌وا جه‌نگ له‌ دژی حكوومه‌تی سه‌فه‌وی و پێگه‌كانی ئێران راده‌گه‌یه‌نین و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بی و رۆژئاواییه‌كان ده‌كه‌ینه‌ ئامانج، كه‌ پشتگیری له‌ حكوومه‌تی سه‌فه‌وییه‌كان ده‌كه‌ن .

هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: وێڕای هه‌موو كۆسپێك، به‌ به‌رده‌وامی پشتگیری سعوودیه‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین ئێستا عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ رووبه‌ڕووی هه‌مان ئه‌و پیلانه‌ بووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێشتر له‌سه‌ر عێراق، لیبیا و یه‌مه‌ن جێبه‌جێ كرابوو.

گوتیشی: با قه‌ته‌ر باش بزانێت، به‌ زیانپێگه‌یاندن به‌ وڵاتانی كه‌نداو هیچی ده‌ستناكه‌وێت، هه‌تا ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهانیشی له‌پشت بێت.

دووری جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ تا ڕۆژی قیامه‌ت ئه‌مریكا له‌ ئێران نادات و ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت ته‌نها پروپاگه‌نده‌یه‌.

شایانی باسه‌ تا ئێستا ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پشتراست نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌