بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان لەلایەن منداڵی ساواوە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی ئۆتیزم |
2018-04-02 |
 |
|
|
خەبات - بڕیار كۆیی بەپێی گوتەی پسپۆڕان پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا ئەگەرچی بووەتە سوودگەیاندن بە مرۆڤایەتی بەڵام ئامێرە زیرەكەكان كاریگەری نەرێنییان بۆ سەر منداڵ هەیە بەتایبەتی منداڵانی خوار تەمەنی 3 ساڵ، بەپێی بەدواداچوونێكی(خەبات) دەردەكەوێت كە لە هەرێمی كوردستانیش ئەو كاریگەرییە نەرێنییە ڕەنگی داوەتەوە و خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، كاریگەرییەكەشی برییتە لە دواخستنی گەشەی مێشكی منداڵ و تووشبوون بە ئۆتیزم. خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە بەشێك لە باوكان و دایكان بۆ ئەوەی منداڵەكانیان بخافڵێنن موبایل یان ئایپاد لەبەردەستی منداڵە ساواكانیان دادەنێن یاخود بە بەردەوامی لەبەردەم تیڤی دایان دەنێن كە ئەمەش بەپێی گوتەی پسپۆڕێكی پەروەردەی تایبەت و ڕاهێنانی منداڵان،دەبێتە هۆی دواكەوتنی چەند ڵایەنێك لە گەشەی منداڵ و وادەكات كە منداڵ درەنگ فێری قسەكردن ببێت و كاریگەری نەرێنی بۆسەر گەشەی منداڵ دەبێت و دەبێتە هۆی تووشبوونی منداڵ بە ئۆتیزم و ئەگەر چارەسەریش نەكرێت دواجار منداڵێكی تەواو ئۆتیزمی لێدەردەچێت. هیوا ئەسكەندەر كە باوكی دوو منداڵە لە دوو تەمەنی جیاواز و یەكێكیان 8 ساڵ و ئەوی دیكەیان 4 ساڵە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە منداڵە سێ ساڵانەكەی ئێستا كێشەی گەشەی بۆ درووست بووە و ناتوانێت قسە بكات و جیاواز لە منداڵانی ئاسایی تێكەڵی دەوروبەری نابێت و منداڵێكی گۆشەگیری لێ درووست بووە، دەشڵێ ماوەی چەند مانگێكە سەرقاڵی ڕاهێنانی تایبەتە بە منداڵەكەی لەڵایەن چەند كەسێكی پسپۆڕەوە و ئێستا هەست بە گۆڕانكاری ئەرێنی لە منداڵەكەیدا دەكات. دەشڵێ" لەدوای تەمەنی یەك ساڵییەوە خۆم و خێزانەكەم بەبەردەوامی موبایل و ئایپادمان دەخستە بەردەستی منداڵەكەم و بەبەردەوام ئەو یارییانەی دەكرد كە لەنێو ئەو ئامێرانەدا بوون و دوای ئەوەی بوو بە نزیكەی دوو ساڵ هەستمان كرد لەو ئامێرانە بێزاربووە و ئینجا لەبەردەم تیڤی دامان دەنا و بۆمان دەكردە كەناڵەكانی تایبەت بە منداڵان ، كە ئەمەش سوودی هەبوو بۆ ئەوەی منداڵەكەمان بخافڵێ و كەمتر بگریێ و خۆی ئازار بدا بەڵام دوای ئەوەی تەمەنی گەیشتە لەنێوان 3 بۆ 4 ساڵ هەستمان كرد منداڵێكی جیاوازی لێدەرچووە و دوورە پەرێز و گۆشەگیرە". ڕوونیشیكردەوە كە ئێستا منداڵەكەیان تەمەنی چوار ساڵە بەڵام تەنیا دەتوانێت چەند وشەیەكی كەم دەرببڕێت و جوڵە و ئاماژەی وەكو منداڵی ئاسایی نییە و دوای ئەوەی سەردانی پزیشك و پسپۆڕی تایبەتیان كردووە بۆیان دەركەوتووە كە هۆكاری تێكچوونی گەشەی منداڵەكەیان ئامێرەكانی موبایل و ئایپاد و تیڤی بووە و بە هەڵە بەكارمان هێناوە ، دەشڵێ "پزیشكەكان پێیان گوتووین كە منداڵەكەتان تووشی جۆرێك لە ئۆتیزم بووە". سەبارەت بە حاڵەتەكە یەشار عادل دەرچووی بەشی پەروەردەی تایبەت لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی سەڵاحەدین و پسپۆڕ لە بواری ڕاهێنانی منداڵان بۆ(خەبات)گوتی: "ئۆتیزم لە منداڵان بۆ دوو هۆكار هەن یەكێكیان بریتییە لە هۆكاری بۆ سكماكی و ئەوی دیكەیان هۆكاری ژینگەیی و دەوروبەر ، بەشێك لەو حاڵەتانەی كە دەهێنرێنە ڵامان دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنانی موبایل و ئایپاد و تیڤی لەڵایەن باوكان و دایكان بۆ منداڵە ساواكانیان بەمەبەستی خافڵاندنیان یاخود بۆ ئەوەی نەگرێین و خۆیان ئازار نەدەن كە ئەمەش لە زۆرینەی حاڵەتەكان دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئۆتیزم كە ئەگەر زووش چارەسەر نەكرێت ئەوە منداڵەكە دەبێتە ئۆتیزمێكی تەواو و مرۆڤێكی ناكامی لێدەردەچێت". ئەو پسپۆڕە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئێستا لە هەرێمی كوردستان حاڵەتەكانی ئۆتیزمی منداڵ زیادی كردووە و ئەمەی بۆ هۆكاری بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا بە هەڵە بۆ منداڵی ساوا گەڕاندەوە گوتی: "بەهۆی بەكارهێنانی موبایل و ئایپادەوە منداڵ گەشەی مێشكی دوادەكەوێت و درەنگتر فێری قسەكردن دەبێت و منداڵێكی گۆشەگیر و ناكامی لێدەردەچێت و پێویستە دایكان و باوكان بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەكانیان بكەن و ئەگەر هەستیان بە حاڵەتی درەنگ گەشەكرد كرد ئەوە پێویستە بە زووترین كات سەردانی پزیشك و پسپۆڕی تایبەتب كەن چونكە دواكەوتنیان دەبێتە هۆی زیان بۆ منداڵەكانیان". ئۆتیزم چییە؟ ئۆتیزم بریتییە لە تێكچوونی باری گەشەكردنی ئەقڵ و نیشانەكانیشی لە سێ ساڵی یەكەمی تەمەنی منداڵدا دەردەكەوێت،كە كاریگەری لەسەر مێشك دەبێت لەڕووی چاڵاكی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی بەدەوروبەرەوە. تووشبووانی ئەم جۆرە نەخۆشییە لەتەمەنی هەرزەكاریدا كێشەی قسەكردن و چەند گرفتێكی تری وەك گرانی لە ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتی و گەمەكردن لەگەڵ هاوتەمەنكانیدا. دیسان تووشبووانی ئۆتیزم لە قسەكردن تێناگەن یاخود بەگران توانای تێگەیشتنی وشەكانیان هەیەو ناتوانن گوێ لەوانیتر بگرن و لە ئاماژەكانی جەستەی بەرامبەر بگەن و كۆنترۆڵی چینەكانی دەنگ و ریتمیەكەی بكەن و هەندێك جاریش وشەی كەسەكانی تر چەند بارەدەكەنەوە و بێتوانایشیان لەوەی بتوانن پەیوەندی بەوانیترە بكەن لەرووی كۆمەڵایەتیەوە ئەوا دووچاری هاوار كردن و گریان و تووڕەبوون و كاری شەڕانگێزی دەبنەوە و خۆیان ئازار دەدەن. بەپێی یەكێك لە بیردۆزەكان كەسانی تووشبووی ئۆتیزم لەتێكەڵاوبوون بەكەسانی تر ئاسوودەیی (زیندە كیمیایی)نابیننەوە،هەروەك پرۆفیسۆر جاك بانكسیپ لەزانكۆی بۆلنگ گرین لەوڵایەتی ئۆهایۆ ئاماژەی پێكردوە كە مادەی " beta endorphins" كە لەنێو مێشكدا هەیە و هاوشێوەی ئەفیونە لەڵای كەسانی تووشبووی ئۆتیزم لەئاستێكی بەرزدایە هەربۆیە ئەو ماددەیە وادەكات ئەو كەسانەپێویستیان بە تێكەڵاوبوونی كۆمەڵایەتی نەبێت لەپێناو خۆشی و چێژ وەرگرتندا.بەپێی هەمان توێژیەمەوە بەكارهێنانی ماددەی (naltrexone) كاری ماددەی بیتا-ئەندۆرفین رادەگرێت و رەفتار و هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی ڵای تووشبوانی ئۆتیزم زیاد دەكات. دەستنیشانكردنی نەخۆشی ئۆتیزم لەرێگەی چاودێریكردنی راستەوخۆی رەفتاری ئەو منداڵانەوە دەبێت لەڵایەن كەسانی پسپۆڕەوە بەتایبەتیش بەر لەتەمەنی سێ ساڵی و كۆكردنەوەی زیاتر لەباری ئەو منداڵانە لەرێگەی دایك و باوك و كەسە نزیكەكانیانەوە. هەڵبەت دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە بەسێ قۆناغدا تێدەپەڕێت پاشان بڕیاری كۆتایی دەدرێت لەوەی كە ئەو منداڵە ئۆتیزمی هەیە كەئەو قۆناغانەش بریتین لەوەی كە منداڵەكە لەڵایەن پزیشكی منداڵا ن-پشپۆڕی مێشك-پزیشكی دەروونییەوە دەبینرێت تا پشكنینی وردو و وێنەی تیشكی بۆبگیرێت ودڵنیاببنەوە لەوەی كە منداڵەكە ئۆتیزمی هەیە. داوا دەكرێت ئامێرە زیرەكەكان لە منداڵان قەدەغە بكرێن ڕاپۆرتێكی رۆژنامەی گاردیان باسی لە بەهێزبوونی بەڵگەكان لەسەر ئەوەكردووە، كە ئاڵودەبوون بە ئامێرە زیرەكەكان زیانی گەورە بەمنداڵ دەگەیەنێت، خەوی تێكدەدات و تووشی خەمۆكی دەكات، هەروەها ئەگەری هەوڵی خۆكوشتنیان زیاتر دەكات. گاردیان دەڵێت، پێویستە رێوشوێنی توند لەو بارەیەوە بگیرێتەبەر، كاتی ئەوە هاتووە ئامێرە زیرەكەكان (مۆبایل و ئایپاد. . . هتد) لەمنداڵ قەدەغەبكرێت. ڕۆژنامەكە دەڵێت"بەهێزترین بەڵگە لە بارەی مەترسی ئامێرە زیرەكەكان لەسەر منداڵان لە ڕاپۆرتێكی مانگی رابردووی گۆڤاری زانستە دەروونییەكان هاتووە، كە توێژینەوەیان لەسەر زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵی سەرو پێنج ساڵ لە ئەمریكا كردووە". توێژەرەوانی توێژینەوەكە ئەوەیان بۆ دەركەوتووە ئەو منداڵانەی رۆژانە سێ كاتژمێر یان زیاتر مۆبایل یان هەر ئامێرێكی زیرەك بەكاردەهێنن، بەڕێژەی یەك لەسەر سێ زیاتر ئەگەری توشبوون بە ڕەشبینی و بیركردنەوە لە هەوڵی خۆكوشتنیان هەیە هەروەها ئەو منداڵانەی زیاتر لە پێنج كاتژمێر بەكاری دەهێنن، ئەگەری توشبوونیان بەرێژەی یەك لەسەر دوو زیاد دەكات. پێش تەمەنی دوو ساڵ منداڵ باشتر و زووتر چارەسەر دەكرێ یەشار عادل كە پسپۆڕی ڕاهێنانی منداڵانە سەبارەت بە ڕاهێنانی منداڵان بەمەبەستی چارەسەركردنیان لە نەخۆشی ئۆتیزم دەڵێ"دایك و باوكان هەرچەند منداڵەكانیان زووتر ببەمە ڵای پسپۆڕی تایبەت باشترە بەتایبەتی پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی دوو ساڵ ئەگەر هەستیان كرد منداڵەكەیان جیاوازە لە منداڵانی دیكە ئەوا پێویستە هەوڵی چارەسەركردنی بدەن". گوتیشی" دەبێ باوكان و دایكان لەكاتی ڕاهێنان بە منداڵەكانیان لەڵایەن پسپۆڕی تایبەتەوە ئارام بگرن و بەردەوام بن تاوەكو بەتەواوەتی منداڵەكەیان لە نەخۆشییەكە ڕزگاری دەبێت" نیشانەكانی ئۆتیزم 1-بەگران تێكەڵاو بەكەسانی تر دەبێت و كارلێكیان لەگەڵ دەكات 2-وەك منداڵێكی ڵاڵ هەڵسوكەوت دەكات. 3-حەزی بەفێربوون نییەو دژی دەوەستێتەوە. 4-دژ بەگۆڕینی رۆتینە. 5-پێكەنین و قاقا بەبێ هۆ. 6-نەسڵەمینەوە لەمەترسییەكان. 7- حەزی بەدەستلەمڵان نییە. 8-جموجۆڵی زۆرە. 9-سووڕانەوەی جەستەی خۆی ویاریپێكردن بەجەستەی خۆی. 10-هۆگربوونی بەشتەكان و یاریكردن لەگەڵ ئەو شتانەدا. 11-گۆشەگیرەوحەزدەكات بەتەنیا بمێنێتەوە . چارەسەری پزیشكی هەرچەندە نالتریكسۆن" Naltrexone " یەكێكە لەو ماددانەی بۆ باشكردنی ئاستی كۆمەڵایەتی ئەو كەسانە بەكاردەهێنرێت، بەڵام بەپێی توێژینەوەو راپۆرتەكان دەركەوتووە كە بەكارهێنانی ڤیتامین B6 و مەگنیزیۆم و دایمسایل گڵایسین (DMG) باری كۆمەڵایەتی منداڵانی تووشبوو بەئۆتیزم باشتر دەكەن. بەپێی توێژینەوەیەكی پزیشكی كە لەسویسرا ئەنجامدراوە لەڵایەن پزیشكانی زانكۆی بازلەوە روونبوەتەوە كە هۆكاری نەخۆشی ئۆتیزم بریتییە لەو گۆڕانكاریانەی كە بەسەر 300جۆری جینەكاندا دێت لەنێویشیاندا نۆیرۆلوجین3?كە بەرپرسیارە لە دروستكردنی خاڵەكانی بەریەككەوتنی دەمارەكی(Engagement nerve)كەبازنەی بەیەكگەیشتنی نێوان خانە دەمارەكیەكانی لەشی مرۆڤە. توێژەران لەئەنجامی تاقیكردنەوەكانیان لەسەرمێشك دەركەوتووە كە گرفتەكە لەو جۆرە جینەدایە كە دەبێتە هۆی بزربوونی بەیەكگەیشتنی نێوان خانەكان و تێكچوونی ئەو بەیەكگەیشتنە وئەوەش دەبێتە رێگر لەبەردەم گواستنەوەی سیگناڵەكانی نێرڤ(العصب) و پاشان تووش بوون بەئۆتیزم. وەك لەئەنجامەكانی ئەو توێژینەوەیەدا هاتووە زیادبوونی ترشی ئەمینی كە هۆی نەخۆشییەكەیە دەكرێت لەرێگەی چارەسەركردنی جینی جۆری نۆیرۆلوجین 3بەسەر نەخۆشیەكەدا زاڵبین. جۆرەكانی ئۆتیزم 1-ئۆتیزمی كڵاسیكی ئەم جۆرە ئۆتیزمە ئاستی زیرەكی زۆرە واتە ئەم مندالەی لەم جۆرەیە ئاستی زیرەكی زیاترە لەمندالی ئاسایی بۆیە زۆر جار ئەم مندالە توشی كێشە دەبێت لەقوتابخانە و ئەو بابەتانەی كە مامۆستا شەرح دەكات مندالەكە بابەتەكەی لەڵائاسانە بۆیە زۆر جار تەنیا دەمێنێتەوە . 2-ئۆتیزمی ئەسپرجەر ئەم جۆرە ئۆتیزمە ئاستی زیرەكیان ئاساییە و كێشەی هەیە لە هاوسەنگی رەفتاری واتە ناتوانێت رەفتارەكانی هاوسەنگ بكات وەكو مندالی ئاسایی و رەفتارەكانی بەشێوەیەكی دووبارە وبێزاركەرە و بۆیە زۆر جار ناتوانێت تێكەل بێت . 3-ئۆتیزمی سافانت ئەم جۆرە ئۆتیزمە زۆر زیرەكن لە ژمارەكان وحەز لە هونەر و وێنە كێشان دەكەن واتە ئەگەر كۆمەلێك قەلەم لەشوێنێك ببینێت راستەوخۆ پێت دەلێت كە ژمارەكەی چەندە. 4-ئۆتیزمی اكس الهش ئەم جۆرە ئۆتیزمە ئاستی زیرەكیان كەمێك كەترە لە ئاستی ئاسایی و هەروەها كێشەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی هەیە و هەروەها زۆر جار كێشەی قسەكردنی هەیە وە رەفتاری نوێی نیە. 5-ئۆتیزمی ریت ئەم جۆرە ئۆتیزمە كێشەی جولەی ئاسایی هەیە واتە ناتوانێت جوان بروات و یان شت بەجوانی بگرێت و گرنگی بە یاریەكانی نادات و هەروەها كێشەی پەیوەندی چاوی هەیە . 6-مەرگی منداڵی ئەم جۆرە ئۆتیزمە تا تەمەنی 3 سالی كێشەی نیە بەڵام دوایی تەمەنی 3 سالی كێشەی هەیە لە تیكەل بوون لەگەڵ منداڵان و رەفتاری شەرانگیزی هەیە وە ناتوانێت ئەو كارامانەی كە پێشتر ئەنجامی دەدا دوای تەمەنی 3ساڵی ئەنجامی بدات . 7-ناڕێكیی گەشە كردنی گشتگیر ئەم جۆرە ئۆتیزمە كێشەی گەشەكردنی هەیە و هەروها ناتوانێت پەیوەندی چاو ببەستێت و ناتوانیت وەڵام دانەوەی هەبێت بۆ هەست و سۆزی بەرامبەرەكەی . 8-ئۆتیزمی كانیر ئەم جۆرە ئۆتیزمە هەر لەزووەوە هەست پێدەكرێت لەتەمەنی 2مانگی، ئەم جۆرە زۆرتر بەربڵاوە ئەم جۆرە ناتوانێت ئاگایی بۆكەسانی تر هەبێت و لەقسەكردندا دوادەكەوێت و حەز بەگۆرانكاریەكان ناكات و هەست بە هەست و سۆزی ئەوانی تر ناكات. ئەمانە هەندێك جۆرن لە حالەتی ئۆتیزم بەڵام ئۆتیزم رۆژ دوایی رۆژ حالەتی نوێ زیاد دەبێت و حالەتێكی ئالۆزە و ناتوانرێت بەئاسانی جۆرەكانی روون بكرێتەوە، چونكە زانست رۆز دوایی رۆژ پێش دەكەوێت ، لەهەرێمی كوردستان ناتوانرێت بەئاسانی جۆرەكانی دیاری بكرێت، چونكە ئامارێكی دروست نیە بەهۆی چەند هۆكارێك چونكە رەنگە بەهەزاران مندال هەبێت، بەڵام دایك و باوك شەرم بكات كە ئاشكرای بكات. |
|
|
|
|