2018-03-31

خەبات: رانیار دڵشاد

لەژێر قەڵای هەولێر و لە تەنیشت چایخانەی مەچكۆ، زۆربەمان جارجارە كە بەو ناوە تێپەڕ دەبین، دەنگی ئامێرێكی موزیكی كوردی دەبیستین، ئەویش ئامێری ساز، بەكر سازڤان ناوێكە زیاتر لە 28 ساڵە لە دوكانێكی دوو و نیو بە سێ ئامێری ساز دەفرۆشێت، ئەو هەر لەمنداڵییەوە حەز و خولیای فێربوونی ئامێری سازی بووە.

لەبارەی ساز و جۆرەكانیەوە، بەكر سازڤان بە (خەبات)ی  راگەیاند: ساز ئامێرێكی كوردییە، 6000 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ناوچەی شووش لە كوردستانی رۆژهەڵات بەدەستی كورد دروست كراوە، سەرەتا ناوی " تامور" بووە دوایە بووە بە "تەمبوور"، ئەو كاتی زیاتر ساز بە ریش نەبووە، بەڵكو بە دەست لێدەدرا،  جۆرەكانیشی دەگۆردرێت بۆ " بەغلەمە، بزق، دیوان، دیوان ساز" ئێستا ساز لە هەر چوار پارچەی كوردستان بەكاردەهێندرێت، هەر وڵاتێكیش بیژەنێت، ئەوا هەر دەنگی رەسەنی كوردی لێ دێتەدەر.

لەبارەی ئارەزووی فێربوون و رێگریكردنی ساز، بەكر سازڤان  لەو بارەیەوە گووتیشی: لەو دوكانە دوو و نیو بە سێیە لەگەڵ هاوكارێكم تاوەكو ئێستا چەندان كەسمان فێركردووە، بەڵام ئێستا شوێنكی ئەكادیمی و گەورەم هەیە، لەوێ  ساز، عود، گیتار فێری ئەو كەسانە دەكەین كە خولیای ئەو ئامێرانەیان هەیە، بەڵێ رێگری هەبووە، ئەو كەسانەی لە لایەن خانەوادەكانیانەوە رێگرییان لێدەكرێت زۆرن.

لەبارەی سەیركردنی كەسی موزیكڤان لە كۆمەڵگای ئێمەدا، لەو بارەیەوە بەكر سازڤان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد و گووتی: ئەو كەسانە لە كۆمەڵگاكەماندا زۆرن، بەڵام ئێمە نابێت گوێیان پێ بدەین، رۆژێكیان كەسێك هاتە لام دەبینم ئامێری سازەكەی لە ناو تەلیسێك داناوە، بەراستی ئەو دیمەنە لای من جێگەی پرسیار بوو، بەو كەسەم گووت بۆ سازت لەناو تەلیس داناوە، گووتی شەرم دەكەم لەبەر ئەوە بەو شێوەیە هێناومە تا بۆم چاك بكەیەوە، یان سازم فرۆشتووە دوای ئەوە بۆی هێناومەتەوە دەڵێت باوكم رێگام پێنادات، ئەمانە و چاندان نموونەی دیكەش هەن، هەندێكیشان ئەوەندە بەرێزن خۆیان كچ و كوڕەكانیان دێنن دەڵێن فێری سازیان بكەن، هیوادارم ئەو جۆرە كەسانە بەو شێوەیە سەیری موزیكڤانەكانمان نەكەن، چوونكە بەڕاستی كارەساتە كۆمەڵگاكەمان بەو شێوەیە بێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌