2018-02-13

 مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد باوەڕی وایە، بە درێژەدانی دژایەتیكردنی ھەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق زیانمەند دەبێت و دەشڵێ، بەغدا بڕوای بە فیدڕاڵی نییە و دەیەوێ عێراقێكی مەركەزیی بەھێز ھەبێت.

دكتۆر مەحموود عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەیەوێ ھەرێمی كوردستان ڕادەستی بەغدا ببێت و شتێك بەنێوی ھەرێمی كوردستانەوە نەمێنێـت، چونكە بەغدا بڕوای بە فیدڕاڵی نییە وەك ئەوەی ھەرێمی كوردستان، بەڵكوو دەیەوێ حكوومەتێكی ناوەندیی بەھێز ھەبێت لەگەڵ لامەركەزییەكی ئیداری، نەك لامەركەزیی سیاسی وەك ئێمە دەمانەوێت، جگە لەوەیش بەغدا دەیەوێ خۆی فەرز بكات لەسەر ھەرێمی كوردستان بە رادەستكردنی داھات و سامانەكەی و، ھەرێمی كوردستان لاواز بێت".

بە گوتەی ئەو سیاسەتمەتدارە، دەستەڵاتدارانی عێراق یەك سیاسەتیان ھەیە بەرانبەر بە ھاووڵاتیان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دەشڵێ، "دەستەڵاتدارانی بەغدا ھەموویان شۆڤێنین و یەك بۆچوونیان بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان ھەیە".

عێراقی نوێ لەسەر بنەمای رێككەوتن و لێكتێگەییشتنی نێوان پێكھاتەكان بنیات نراوە و بە بێ رێككەوتنی نێوان سێ پێكھاتە سەرەكییەكەی عێراق، دەوڵەتی عێراق سەقامگیر نابێت، لەمبارەیەوە عوسمان گوتی، "عەبادی ئەگەر بیەوێ ببێتەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەوا باش دەزانێ عێراق بریتییە لە كورد و شیعە و سوننە، تا كورد و سوننە رازی نەكرێن، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەركەوتوو نابێت، بەو شێوەیەی ئێستا بێت شیعە و سوننە كێشەیان ھەیە و كوردیش لە سیاسەتی بەغدا رازی نییە، بۆیە ھەركەسێك سەرۆكوەزیر بێت، سەركەوتوو نابێت".

لەبارەی پشتگیریی كورد لە حەیدەر عەبادی بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، دكتۆر مەحموود ڕوونی كردەوە، "پێویستە سەرۆكوەزیرانی عێراق بەرلە ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەكان، لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا بگاتە رێككەوتن و ماف و شاییستە دارایی و دەستوورییەكان خەرج بكات، بە پێچەوانەوە حەیدەر عەبادی لەسەر ئەو سیاسەتەی دژایەتیكردنی ھەرێمی كوردستان، زیانمەند دەبێت".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌