2018-02-10

سەرۆكی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند، "بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جگە لە كەركووك، كاندیدمان لە ھەموو پارێزگاكان ئامادە كردووە، بۆیە ئەگەر كورد بە لیستێك لە ناوچە كوردستانییەكان بەشداری بكات، ئێمەیش لە كەركووك بەشداری دەكەین، بەڵام گەر بە لیستێك نەبێت، لە كەركووك بەشداری ناكەین".
جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژردنەكانی عێراق رزگار حەمەئەمین، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، ١٠ـی ئەم مانگە كۆتا رۆژ بوو بۆ پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدانی قەوارە سیاسییەكان، بەڵام تا ئێستا ھیچ قەوارەیەكی سیاسی لیستی خۆی پێشكەش نەكردووە، بۆیە ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاری دا وادەكە بۆ پێنج رۆژی دیكە درێژ بكرێتەوە و، ئەم جارەیش دواوادە دەبێت و درێژ ناكرێتەوە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لەسەر داوای حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ھەموو لایەنە سیاسییەكان دوو جار كۆ بوونەوە بۆ بەشداریكردنی كورد لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە لیستێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەڵام نەگەییشتنە رێككەوتن، ھاوسەرۆكی حیزبی زەحمەتكێشانیش بەڵێن عەبدوڵڵا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ھەوڵەكانمان و پێداگیری دەكەین كە كورد بە لیستێك بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان لە ناوچە كوردستانییەكاندا بكات، لە ئێستایشدا لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كۆ ببنەوە و بگەنە رێككەوتن".
 
 سەرۆكی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان خەسرۆ گۆران، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان، خەریكە لیستی ناوی كاندیدانی خۆمان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواو دەكەین و لە قۆناغی كۆتاییداین، بەڵام كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان پێنج رۆژ ماوەكەی درێژ كردووەتەوە، بۆیە ئێمەیش لە رۆژانی داھاتوودا لیستی خۆمان پێشكەش دەكەین".
 
گۆران گوتیشی، "لیستی ناوی كاندیدانی ئێمە لە كاندیدی ھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان، مووسڵ و دیالەیش ھەیە، تەنھا لە كەركووك كاندیدمان دیاری نەكردووە".
لەبارەی ھۆكاری رێككنەكەوتنی لایەنەكان بۆ بەشداریكردنی كورد بە یەك لیست لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، سەرۆكی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشكرای كرد، "لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر قۆناغێكی دیكە ھاتە پێشەوە و خوازیاری ئەوە بووین كە ھەموو كورد بە یەك لیست بەشداری بكات و دوو كۆبوونەوەیش كران و نەمانتوانی بگەینە رێككەوتن، بۆیە ئێستا حیزبی زەحمەتكێشان جارێكی دیكە لە ھەوڵی ئەوەدایە لایەنەكان كۆ بكاتەوە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی سێیەم بكرێت و بگەینە رێككەوتنێك، ئێستایش چاوەڕێی ئەنجامی ھەوڵەكانی ئەوان دەكەین".
 
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ھەڵوێستی پێشووی خۆمان سوورین و، ئەگەر بە یەك لیستی كوردی نەبێت بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، لە كەركووك بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا ناكەین، ھەر بۆیەیش كاندیدمان لەو پارێزگایە ئامادە نەكردووە".
 
بڕیارە لە ١٢/٥ـی ئەمساڵدا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەیش كۆمسیۆن دەستی بە ئامادەكاری كردووە و، لە ئێستادا لە قۆناغی پێشكەشكردنی لیستی ناوی كاندیدانی قەوارە سیاسییەكاندان .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌