2018-02-04

كاكەمین نەجار ئەندامی‮ ‬مەكتەبی‮ ‬سیاسی‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان دەڵێت"پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان پێی‮ ‬باش بووە هەموو لایەنە كوردییەكانی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بەیەك لیست بەشداری‮ ‬لەهەڵبژاردنەكان بكەن بۆ ئەوەش هیچ مەرجێكی‮ ‬لەسەر لایەنەكان نەبووە بەڵام لایەنەكان بەدەم ئەو بانگهێشتەی‮ ‬پارتیەوە نەهاتوون،‮ ‬ئێستاش دوای‮ ‬كشانەوەی‮ ‬سێ لایەنەكە لە حكوومەت پارتی‮ ‬پێشوازی‮ ‬لەهەڵبژاردنی‮ ‬پێشوەختە دەكات بۆ ئەوەش تۆپەكە لەگۆڕەپانی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستان و حكوومەتی‮ ‬هەرێم دایە بۆ دیاریكردنی‮ ‬ڕۆژێك بۆ ئەنجامدانی‮ ‬هەڵبژاردنەكانی‮ ‬كوردستان‮.‬

پێمان باشبوو هەموو كورد بەیەك لیست دابەزێت بەڵام نەكرا

كاكەمین نەجار ئەندامی‮ ‬مەكتەبی‮ ‬سیاسی‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی‮ ‬كوردی‮ ‬دەنگی‮ ‬ئەمریكا گوتی‮: ‬بەداخەوە لەناو ماڵی‮ ‬كوردی‮ ‬نەمانتوانی‮ ‬یەك بین،‮ ‬ئێمە پێمان باش بوو بۆ هەڵبژاردنەكانی‮ ‬عێراق‮ ‬یا هەموومان بەیەك لیست بەشداربین‮ ‬یا هەموومان پێكەوە بایكۆتی‮ ‬هەڵبژاردنەكانی‮ ‬عێراق بكەین بەڵام بەداخەوە نەكرا بۆیە ئێمە وەك پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان بڕیارماندا لەكەركووك بەشداری‮ ‬هەڵبژاردنەكان نەكەین‮.‬

ئەو ئەندامەی‮ ‬مەكتەبی‮ ‬سیاسی‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان ئەوەشی‮ ‬گوت‮:‬‮ ‬بۆ پێكهێنانی‮ ‬هاوپەیمانێتیەكی‮ ‬گەورە تا كورد بەیەك لیست دابەزێت پارتی‮ ‬هیچ مەرجێكی‮ ‬نەبوو لەبەر ئەوەی‮ ‬ئێمە پێمان باشبوو هەموو كورد بەیەك لیست دابەزێت بەڵام نەكرا خەڵكی‮ ‬تر چوو بەجیا لیستی‮ ‬پێشكەش كرد هاوپەیمانیان پێكهێنا و ئێمەیان بەجێهێشت ئیتر ئێمەش بەوجۆرە بڕیارماندا كەلەكەركووك بەشداری‮ ‬هەڵبژاردنەكان نەكەین‮.‬

پەلەكرا لەهاوپەیمانێتی

هەروەها گوتی‮: ‬بەڵام ئێمە بێدەنگ نین ئێمە چ وەك پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان،چ وەك پەرلەمان‮ ‬یاخود حكوومەتی‮ ‬هەرێم بەردەوام لەهەوڵ و لە پەیوەندیدان لەگەڵ حكوومەتی‮ ‬عێراقی‮ ‬و وڵاتانی‮ ‬دراوسێ تەنانەت هاتوچۆی‮ ‬ڕۆژانەش هەیە‮. ‬كاكەمین نەجاڕ‮ ‬لەگفتوگۆكەدا‮ ‬ڕاشیگەیاند‮: ‬خۆی‮ ‬پەلەكرا لەهاوپەیمانێتی‮ ‬ئەگەرنا ئێمە بەڕێگەی‮ ‬فەرمی‮ ‬پەیوەندیمان پێوە كردن و بڵاومانكردەوە لەڕاگەیاندنەكان كە ئێمە پێمان باشە كورد بەیەك لیست بەشداری‮ ‬بكات لەهەڵبژاردنەكانی‮ ‬عێراق بەڵام ئیتر ئەوان هاوپەیمانێتیان پێكهێنا،‮ ‬ئیتر خۆ ماڵی‮ ‬كورد هەر لەهەڵبژاردن درزی‮ ‬تێنەكەوت بەڵكو لەبابەتی‮ ‬بەرگریكردنیش ئەو درزەی‮ ‬تێكەوت خەڵكێك هەبوو لەكەركووك بەرگریكرد خەڵكێكیش هەبوو دەستی‮ ‬دوژمنی‮ ‬ڕاكێشا ئیتر ئێمە چی‮ ‬بكەین ناو ماڵی‮ ‬كورد وای‮ ‬لێهاتووە پێشمان ناخۆشە‮.‬

دۆخی‮ ‬كەركووك و مووسڵ زۆر جیاوازە

دوای‮ ‬بڕیاری‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان بۆ بەشداری‮ ‬نەكردنی‮ ‬لەهەڵبژاردنەكانی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬عێراق لەكەركووك و دیالە‮ ‬ڕەخنەی‮ ‬ئەوە لەپارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان گیرا كەهۆكاری‮ ‬بایكۆتكردنەكەی‮ ‬ئەگەر بۆ كەركووك دروست بێت ئەی‮ ‬بۆچی‮ ‬لە مووسڵ بەشداری‮ ‬دەكات چونكە لەدوای‮ ‬ڕووداوەكانی‮ ‬16ی‮ ‬ئۆكتۆبەر ئەو ناوچانەش لەلایەن سوپای‮ ‬عێراقی‮ ‬و چەكدارانی‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبیەوە هاوشێوەی‮ ‬كەركووك دەستی‮ ‬بەسەردا گیرایەوە؟ بەڵام كاكە مین نەجار ئەندامی‮ ‬مەكتەبی‮ ‬سیاسی‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان وەڵامی‮ ‬ئەو‮ ‬ڕەخنانەی‮ ‬دایەوە و گوتی‮: ‬كەركووك جیاوازە لە مووسڵ،‮ ‬كەركووك ماددەی‮ ‬140ـە،‮ ‬كێشەی‮ ‬لەسەرە لە ئەیلوولەوە تا ئێستا،‮ ‬ڕیفراندۆمی‮ ‬تێدا ئەنجامدرا،‮ ‬وە ئێمە نەمانگوتووە مووسڵ زۆرینەی‮ ‬كوردە،‮ ‬لە ئەنجومەنی‮ ‬پارێزگای‮ ‬مووسڵ‮ ‬10‮ ‬ئەندامی‮ ‬كورد هەیە و كاری‮ ‬ڕۆژانەیان دەكەن،‮ ‬سەرۆكی‮ ‬ئەنجومەنی‮ ‬پارێزگای‮ ‬مووسڵ لە ئێمەیە دەتوانین بڕیار بدەین،‮ ‬دەتوانین لەدەوروبەری‮ ‬مووسڵ بەكەیفی‮ ‬خۆمان هاتوچۆ بكەین،‮ ‬بەڵام لە كەركووك نەدەتوانین هاتوچۆ بكەین نەدەتوانین بچینەوە بارەگای‮ ‬خۆمان نەدەتوانین ئاڵای‮ ‬پارتی‮ ‬هەڵبكەین بۆیە دۆخەكە زۆر جیاوازە لەنێوان كەركووك و مووسڵ‮.‬

گوتیشی‮:‬‮ ‬مووسڵ زۆر نەگۆڕاوە ئێمە لەپێشتریشدا لەناو مووسڵ حاكم نەبوین بەڵكو خەڵكی‮ ‬تر حاكم بووە بەڵام توانیومانە ئیش و كاری‮ ‬خۆمان بكەین،‮ ‬تەنانەت‮ ‬یەكێتیش ناتوانێت لەكەركووك ئاڵای‮ ‬كوردستان هەڵبكات ناتوانێت‮ ‬یەك پێشمەرگە و ئاسایش لەدەوری‮ ‬بارەگای‮ ‬خۆی‮ ‬بێت ئەوانیش وەك ئێمە دەچەوسێننەوە لەناو كەركووك بەڵام ئێمە قبوڵمان نەكرد،ئیتر ئەوەش‮ ‬ڕای‮ ‬ئازادە كە ئەوان قبوڵیانە‮.‬

كاریگەریی‮ ‬دروستبوونی لیست و هاوپەیمانێتی‮ ‬نوێ

دەربارەی‮ ‬كاریگەری‮ ‬دروستبوونی‮ ‬لیست و هاوپەیمانێتیە نوێیەكانی‮ ‬كە بۆ هەڵبژاردنەكانی‮ ‬ئایندە لەهەرێمی‮ ‬كوردستانی‮ ‬عێراق دروست بوون لەسەر دەنگەكانی‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان؟ كاكەمین نەجاڕ‮ ‬گوتی‮: ‬خۆی‮ ‬پێكهێنانی‮ ‬حیزبی‮ ‬نوێ و لیست مافی‮ ‬مەشروعی‮ ‬هەركەسێكە هەروەك چۆن ئەو مافە بۆ خۆمان بەڕەوا دەبینم بۆ خەڵكی‮ ‬تریش بەڕەوای‮ ‬دەبینین،بەڵام بڕوا ناكەم ئەو لیست و لایەنانە كاریگەرییان لەسەر دەنگەكانی‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان هەبێت بەڵام‮ ‬ڕەنگە كاریگەرییان لەسەر دەنگی‮ ‬لایەنی‮ ‬دیكە هەبێت‮.‬

ناكرێت چوار ساڵ لەحكوومەت بیت و لەماوەی‮ ‬درێژكراوەدا بێیت بكشێیتەوە

لەدوو مانگی‮ ‬ڕابردوودا هەریەكە لەبزوتنەوەی‮ ‬گۆڕان و كۆمەڵی‮ ‬ئیسلامی‮ ‬و دواتر‮ ‬یەكگرتووی‮ ‬ئیسلامی‮ ‬كوردستان وەزیرەكانیان لە حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستانی‮- ‬عێراق كشانەوە،‮ ‬سەبارەت بە كاریگەری‮ ‬كشانەوەی‮ ‬ئەو لایەنانە؟ كاكەمین نەجاڕ‮ ‬گوتی‮:‬

بەڕاستی‮ ‬ئێمە پێمان باش نەبوو ئەو لایەنانە كشانەوە چونكە هەربۆخۆی‮ ‬حكوومەت ماوەیەكی‮ ‬كەمی‮ ‬ماوە و هەشت مانگ درێژكراوەتەوە دوو دەورە،جا پێمان باش بوو‮ ‬یا ئەو دوو دەورە تەواو بكەن‮ ‬یا هەڵبژاردنی‮ ‬پێش وەختە بكەین و لەحكوومەت نەكشێنەوە،‮ ‬ئەگەرنا ناكرێت چوار ساڵ لەحكوومەت بیت و لەماوەی‮ ‬درێژكراوەدا بێیت بكشێیتەوە‮.‬

تۆپەكە لە گۆڕەپانی‮ ‬حكوومەت و پەرلەمانە

كاكەمین نەجار جەختیشی‮ ‬كردەوە‮: ‬ئێستاش ئێمە پێمان باشە هەڵبژاردنی‮ ‬پێشوەخت،‮ ‬پێش تەواوبوونی‮ ‬ئەو هەشت مانگە بكرێت و لەو قەیرانە‮ ‬ڕزگارمان بێت،‮ ‬چونكە بۆشایی‮ ‬لەشوێنی‮ ‬وەزیرەكان و پۆستەكان دروست بووە،‮ ‬ئێمە داوامان لەحكوومەت و پەرلەمان كردووە چونكە وەك دەڵێن ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی‮ ‬حكوومەت و پەرلەمانە بۆ دیاریكردنی‮ ‬ڕۆژی‮ ‬هەڵبژاردن لەهەرێمی‮ ‬كوردستاندا،‮ ‬ئەگەر وادەیان دیاریكرد پێش ئەو هەشت مانگە ئەوا ئێمە پێشوازی‮ ‬لێدەكەین وە ئەگەر وادەشیان دیاری‮ ‬نەكرد و ویستیان ئەو هەشت مانگە تەواو بكەین ئەوا ئێمە بۆ هەردوو حاڵەتەكە پێشوازی‮ ‬دەكەین و ئامادەین‮.‬

سەرچاوە/بەشی‮ ‬كوردی‮ ‬دەنگی‮ ‬ئەمریكا

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌