2018-02-03

بەرهەم عەلی نووسەر و رۆژنامەنووس نوێترین بەرهەمی كتێبی خۆی بەناوی "چیرۆكەكانی گەڕەكی ئێمە" لە ڕێورەسمێكدا بڵاو كردەوە.

ڕێورەسمەكە لە هۆڵی هۆتێل "ڤان ڕۆیاڵ"ی هەولێر بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەوانان بەڕێوەچوو، تیایدا نووسەر كورتەیەكی لەبارەی کتێبەكەی خستەڕوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبەکەدا، نووری بێخاڵی نووسەر و ڕۆژنامەوان باسێکی کورتی لەبارەی چەند خاڵێکی بەرچاوی کتێبەكە خستەڕوو و گوتی "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەر نووسەر و ڕۆژنامەنووسێک هەست و درک کردنیەتی بەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیت، واتە بە وردی بچێتە بنج و بناوانی پرس و دیارە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکانی ژینگەی دەوروبەری خۆیەوە و بیانکاتە هەوێنی نووسین و هەڵوێستەکانی".

بێخاڵی لەبارەی تایبەتمەندییەکانی کتێبەكەوە ئاماژەی بەوەدا "چیرۆکەکانی گەڕەکی ئێمە کە 65 ساتیرە چیرۆکی تەنزی سیاسی و کۆمەڵایەتییان لەخۆ گرتووە، ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو کۆمەڵگەیە و کایەکانی ژیانی ئێمە و بەتایبەت ئەو ئەزموونەیە کە نووسەر پێیاندا تێپەڕیوە. گرنگترین خاڵی ئەو کتێبە جەوهەری گێڕانەوە و خولقاندنی کەسایەتی و کارەکتەرە و پاشان زمانپاراوی و زاڵبوونی زمانی تەنز و تەوس و پلارە، کە وایان کردووە زیاتر بەرچاو بکەوێت".

ئاماژەی بەوەش کرد "خاڵێکی دیکەی چیرۆکە تەنزەکانی ناو ئەم کتێبە ئەوەیە کە هەمەڕەنگن و کەسایەتییەکان لە هەموو ئاست و پێگەی جیاوازی تێدایە و پەرژاوەتە سەر باری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریی کۆمەڵگە و هاوکات لەم ساتێرە چیرۆکە تەنزانەدا ژن دەورێکی بەرچاو دەگێرێت".


لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەرهەم عەلی لەبارەی کتێبە نوێیەكەیەوە گوتی "ئەم ساتیرە چیرۆکە تەنز و کۆمیدیانە کە 65 چیرۆکن و پێشتر لە گۆڤار و ڕۆژنامە و میدیاکانەوە هەندێکیانم بڵاو کردوونەتەوە، سێ جۆر نووسینیان لەخۆ گرتووە، یەکەمیان دەچێتە خانەی بیرەوەریی خۆمەوە، هەڵبەت نەک بیرەوەرییەکی وشک کە تایبەت بێت بە سەربوردەکانی خۆم، بەڵکو دامڕشتووەتەوە و کارەکتەر و کەسایەتی و پەیامیان تێدایە. هەندێکی دیکەشیان زادەی خەیاڵ و فانتازیان کە زۆرێکیان هەڵگری هەڵوێستی سیاسی و کۆمەڵایەتین و دەستبردن و ڕەخنەگرتنن لەو دیاردە ناشیرین و دزیوانەی کۆمەڵگە".

نووسەر لە بەشێکی دیکەشدا گوتی "سێ شوێن وەک ژینگە و جوگرافیا لەناو ئەم نووسینانەی مندا زەق و بەرچاون و هەوێنی خوڵقاندنی ئەو چیرۆکانەن، یەکەمیان گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، کە شوێنی لەدایکبوونی منە و بەشێکی زۆر لە بیرەوەری و سەربوردەی کاتی مناڵی و گەنجی و پێگەیشتنی من پێکدێنن، ناو بازاری سەوزەفرۆشی و هەڵسوکەوت و کار و ژیان لەگەڵ ئەو خەڵکە لە خاراوکردنی خەیاڵی نووسینی مندا دەوریان هەیە و زۆرێک لە کەسەکان دواتر بوونەتە کارەکتەر و کەسایەتیی بەشێک لە چیرۆکەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد "دووەم بەغدا، کە چەند ساڵێک تێیدا خوێندکار بووم، وەک شوێن لەلام گرنگە و لە خەیاڵ و نووسینمدا دەوری هەیە، هاوکات گوندی "زێوێ" لە بناری پێرەمەگرۆن کە باوکم بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەوێیە و بە هاوینان لەگەڵ باوکم تێیدا ژیاوم، منیان فێری زمان و کولتووری لادێ کردووە و دەبێ ئەوەش بڵێم کە چیرۆک و بەسەرهات و حیکایەتەکانی دایکیشکم بەشێکن لە خەیاڵی من و ئەمانە هەموویان پێکەوە کاریگەرییان لەسەر من هەبووە و لەم کتێبەدا و لە زۆرێک لە نووسینەکانمدا ڕەنگیان داوەتەوە".  
 
بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ ڕا و سەرنجی نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووسان کە لەسەر نووسین و زمانی تەنزی نووسەر و ڕۆژنامەوان بەرهەم عەلی قسەیان کرد، لەوانەش ئیسماعیل بەرزنجی، عەبدورەحمان پاشا، مومتاز حەیدەری، مەسعود پەرێشان، د. فازڵ جاف، ئاراس کۆیی، مەریوان نەقشبەندی، زیرەک کەمال و عەبدولستار مەجید.
 
بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بڕینی کێکێک بوو کە لەلایەن ناز عەبدوڵا هاوسەری "بەرهەم عەلی"یەوە لە شێوەی کتێب بەم بۆنەوە ئامادە کرابوو و لەلایەن بەرهەم عەلی و مومتاز حەیدەرییەوە بڕدرا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەكەدا، کتێبەکە بە واژۆی نووسەر وەک دیاری بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌