2018-02-02

به‌ پێی چه‌ند راپۆرتێكی جیهانی شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق به‌ مه‌ترسیدارترین پایته‌خت له‌ جیهان وه‌سف ده‌كرێت و شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ لای هاووڵاتییانه‌وه‌ شارێكی ئارامه‌ .

راپۆرته‌ جیهانییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ به‌غدا مه‌ترسیدارترین پایته‌ختی جیهانه‌ و له‌ پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر له‌ 2900 كرده‌وه‌ی تیرۆر و توندوتیژی له‌ به‌غدا ڕوویانداوه‌ .

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ناوه‌ندی ستراتیژی و لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ شاری به‌غدا نائارامترین شاری جیهانه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ته‌نها له‌ ساڵی رابردوودا حكوومه‌تی عێراق بڕی 17 ملیار دۆلاری بۆ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ته‌رخان كردووه‌ به‌ڵام هێشتاش هاووڵاتیان له‌ به‌غدا به‌ هۆی ‌ترسی تیرۆر و بانده‌كانی رفاندن و دزی له‌ ژیان و حاڵی خۆیان دڵنیا نین .

راپۆرته‌ جیهانییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ هاووڵاتییان و كاسبكاران  ده‌ڵین له‌ به‌غدا ناوێرین ‌جانتایه‌كمان به‌ ده‌سته‌وه‌ بێت چونكه‌ وا ده‌زانن پاره‌یه‌ و ده‌مانكوژن.

هه‌ر به‌ پێی راپۆرته‌كان و به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌غدا شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئارامه‌ و‌ هاووڵاتیان له‌ هه‌ولێر جه‌خت له‌ بوونی ئاسایش و ئارامی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئارامترین شارن له‌ عێراقدا و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی و ئاواره‌ له‌ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و هاوكات ئه‌و ئارامی و ئاسایشه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ وای كردووه‌ كه‌ له‌ شارێكی وه‌ك هه‌ولێری پایته‌ختی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌سه‌ر مێز و له‌ لێواری شه‌قامه‌كاندا كاسبكاران ‌سه‌دان هه‌زار دۆلاریان داناوه‌ و كاری ئاڵوگۆڕی دۆلار ده‌كه‌ن.

لێهاتوویی و وریا ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قوربانیدان و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر و پاراستنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وریایی و چاوكراوه‌یی هاووڵاتییانی كوردستان و ئه‌و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و جوانكاریی شار و شارۆچكه و گونده‌كان سه‌باری سزاكانی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان وایكردووه‌ كه‌ هاووڵاتییان و گه‌شتیاران و ئاواره‌كان هه‌میشه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ست به‌ ئارامی و سه‌قامگیری بكه‌ن .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌