2018-01-29

ساسان دەروێش – هۆڵەندا

لەتیف عومەری شاعیری نیشتیمان پەروەرونەتەوەیی وەک گەڕیدەیەکی کۆڵوانە لە شان وتینوو بە مێژوو بەنێو جوگرافیایی نیشتیمانی سوتماکما دەگەڕێ و سنوری دەستکرد دەبەزێنێ لە تاریکی شەویاندا لە ژێر ئاسمانی پڕهەوردا لە ژێر چەتری دەوەنێک ملوانکەی ووشەی ناسک و پاڕاوی شعیری دوێنێ وئەمڕۆ دەهۆنێتەوە ودەمنباتەوە بۆ ڕووداوەکان وپڕکارەساتەکانی کورد و کوردستان و تۆمارەکان و شانازییەکانی دەکاتە گوڵی یەخەولە بەرۆکی منداڵانی شەهیدان ئەدا ، ڕووی ڕەشی داگیرکاران و نۆکەرانیان ڕەشتردەکات بەگێڕانەوەی داستان ونەبەردییەکان و پەیامەکانی  ، شاعیر لەتیف عومەر لە دوای هەگبەیەکی پڕلە ئەزموونی شیعروچیرۆک و ئۆپریت وشانۆ لە خەرمانێک بەرهەمی ناوازە ویانزە چاپکراو ، داماوەکان ، شەوێکی سلێمانی ، کانی خوێن ، گوڵە گەنم ، جڵەوی ڕیانێک ، هەردیل وبەردیل ، نێرگز ، شیلان وماسی یەکان ، تابوورەکان ، سەرشەقام ، ئەم جارە جیاواز لە هەموو گوڵ و دار ودرەختەکانی نێوباخچە ڕازاوەکەی بەتام وچێژێکی تری سەردەمیانەوبێ ماندووبوون ، چامەی کوردستان لە بیرمەکەن ، پانۆڕامایەکی شیعرییە خستیە بەردیدی خوێنەران ، لە توێی 139 لاپەرەی قەبارە مامناوەند لە زیڤن بێرگن – هۆڵەندا ، پیاچونەوە وڕێکخستنی لەلایەن هونەرمەند ئاشتی گەرمیانیە و وێنەی بەرگ لەلایەن هونەرمەندی لاو لانۆ لەتیف کوڕونەوەی شاعیرنەخشێنراوە و نووسینی پێشەکی لەلایەن هیوا سەرهەنگ کە لەبەشێکی نووسراوەکەیدا دەڵێت ، وێڕای دەستخۆشیم بۆ برای شاعیر کاک لەتیف عومەر کە هەمیشە خولیای نیشتیمان وئازادی وسەربەستییەو، بەم پانۆڕاما شیعرییەشی ئەوەی بۆ دووبارە کردووینەتەوە کە هەرگیز ناتوانێت ئەندێشە وهزری فراوانی بەدوور بێت لە خەم و ئازاری میللەتەکەی وبۆ خۆشی کەسێک بووە لەوکەسانەی لە نزیکەوە لەگەڵ ڕووداوەکان دا ژیاوە وکارەساتە تراژیدیاکانی میللەت ، ئاسەواری زۆریان لا بەجێهێشتووە ، هەر بۆیە ناو بە ناوبە ووشەی ناسک دایاندەرێژێتەوە وپەپووولەی هەست و مۆسیقاوهەناسەوحەسرەت ، تێکەڵ بە یەک دەکات وبەرهەمێکی بەپێزوپڕ چێژمان دەداتێ ، منیش بەنۆبەی خۆم دەڵێم کاتێک خۆشەویستی تێکەڵ بەویژدان دەبێت ، ئیدی شتێک نامێنێ بەناوی بەرژەوەندیەوە ، بەڵکو ئەوەی دەبێتە شوناسی ئەوخۆشەویستیە تەنها عیشقە ،  مەلە کردن لە دەریایی عیشقیش واتە نغرۆ بوون لە هەناوی حەقیقەتدا ، لەتیف عومەری شاعیر بەنووسینی پانۆرامای کوردستان لە بیرمەکەن ئەوحەقیقەتەی بەرجەستەکردووە وعیشقە ئەبەدیەکەی ئاویزانی خاک وخۆڵی کوردستان کردووە ، ئەوکوردستانەی لە ناخی گڕوگاڵیەوە لە کۆڵانەکانی سەرشەقام وچوارباخ و جولەکەکان وهێنانەوەی ناوی دراوسێ وهاورێکانی نێوگەڕەک لە  زاکیرەی شاعیر وون نابێ وبرینێکی بەسوێیەوهەمیشە لە غوربەتا دەکولێتەوە ئەوەتا لە دوای چەندین ساڵ بەسەر تۆماری داستانی لێدانی بیرە نەوتەکانی کەرکوکی دڵی کوردستان لە زەمبوور بەفەرماندی شەهید محمەد دەروێش نادروهەڤاڵەکانی ئاوێتەیی ووشەکانی بوون وئەبریسکێنەوە لە ژێر جریوەی سەمفۆنیاکانی و ئاوازێکی خۆش دەرئەبڕن  ، کوردستان لە بیرمەکەن بازدانێکی سیحرئامێزی منداڵدانی خەیاڵی شاعیرە بەناوئەسالەتی زیدی بابا وباپیران ، گەڕانەوە بۆ ناوئەشکەوتەکانی شانەدەر و لەدایکبوونەوەیە لە ئامێزی هاوچەرخیەتی چواربەشەکەی کوردستان ولەئامیزگرتنی گریان و پێکەنینەکانیان بە‌ هەڵەبجە و ئەنفاڵ وڕاگوێزان وکوشتن وئازاری نێوزیندانەکان وگۆڕی بەکۆمەڵی دۆزراوەی ئەم دیو ئەو دیوی سنوورە دەستکردەکان وهاوارێکی پڕبەگەروی خنکێنراو حاشا نەکردن لە کوردستان و لە بیرنەکردنی ، شاعیر فۆنیم ومۆرفیم وهەموو موفرەداتەکانی بەڕۆحیەتی شۆڕشگێڕی دەربڕیوە ودەست وپەنجەکانی بەکێوشاخە سەخت وبەرزەکانی کوردستان نەرم کردۆتەوە، ئەو لە هەناوی شۆڕشی ئەیلول شەونخونی کردووە وبەبڵێسەی شۆڕشی گوڵان خەوی لەخۆی حەرام کردووە ، بۆیە هەمیشە بەئومێدەوە مەشخەڵی ئایندەی زیدی باب وباپیرانی بەرز ڕاگرتووە، خەرمانی پڕ بەرەکەت بێت مامۆستایی ماندوونەناس لە ڕێگایی کوردایەتی و بەرخودان ، دەبێت ئەوەش لە یاد نەکەین کە سەرماییەی گیرفانی خاڵی ونانی دەمی منداڵەکانی کردۆتە گیانی بەرهەمەکانی وبۆ خشتنەڕووی دیدی خوێنەری کورد وعاشفانی ئەدەبی کوردی بێ ئەوەی هیچ کەسولایەنێک هاوکاریان کردبێت کە جێگایی پێزانینە لە دانیشتن وگفتوگۆیەکەی ئەوجیهانە بێ کۆتاییەیی شیعر وگوزەرێک بەنێوبەرهەمەکانی وئەم بەرهەمە نوێیەیی بۆ ڕۆژنامەی خەبات ئەم دیمانەیەم لەگەڵ مامۆستا لەتیف عومەر سازکرد 
پ /  پانۆڕامای کوردستان لە بیرمەکەن نامەیەکە ئاراستەی کێت کردووە ؟
لەتیف عومەر :- ئەگەر خوێنەر بەوردی پانۆڕامای کوردستان بخوێنێتەوەلەوە تێ ئەگات کە ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستانە لە هەمووکوردستانە ، بۆ ئەوانەی لە مێژووی دێرینی کوردستان وشۆڕشەکانی کوردستانا بەردەوام بەپاڵ پشتی دوژمنانی کورد ، کوردستانیان ئازارداوە وبوونەتە پیاوی دوژمن لە بەرامبەر خاک ونیشتیمان ونەتەوەکەیان ، لە لایکی تر بیرهاتنەوەی مەرگەساتەکانی کوردستانە کە دڵسۆزانی کورد کۆڵ نەدەن وهەرگیزکوردستان لەبیرنەکەن ، لە بەرامبەر دوژمن هزری نەتەوایەتی لاواز نەکەن
پ/ نووسینەوەی ئەم چیرۆکە کەی کۆتایی دێ ؟
لەتیف عومەر :- هاوارێک ، دەنگێک ، مۆسیقایەک ، گۆرانییەک ، شانۆنامەیەک بەوهێزەی داوا بکات کوردستان لە بیرمەکەن ئەمە خۆی لە خۆیا پێمان ئەڵێ تا ئەبەدییەت چیرۆکەکان تەواو نابن منیش وەک لەتیف لە ئازاری کوردستان ونەتەوەکەم تەواونابم لە بەردەوامی ئەم چیرۆکە ئەگەر مەرگ بواربات نهێنی پانۆرامەکان ئاشکرا ئەکەم ، وەختی خۆی لە پانۆڕامای ئێراق یا کوردستان وتم من ناترسم لەوەی ئەمرم
یا ئەخنکێم
عەبای بێشەرمیتان هەڵ ئەدەم
نهێنییەکانی شەو وڕۆژتان
ئاشکرائەکەم ..... تادوایی
ئەوکاتەی پانۆڕامایەک سەردەردێنێ بۆ سبەینێ چیرۆکێکی نوێ بەردەوام ئەبێ
پ/ لەم بەرهەدا چ ئیزافەیەکی ئەزموونی شیعرییت بەرجەستە کردووە کە لەبەرهەمەکانی دیکەدا نەبووە ؟
لەتیف عومەر :- لەم بەرهەمە ئەوەم تێ پەڕان زیاتر پەنا بەرم بۆ ڕەمز هێما بۆ گەیاندنی پەیامێک یان مەبەستێک ، هەوڵم داوە زیاتر لەگەڵ دوژمنان ، جاش خاک جاش نەتەوەوبێ ئابڕۆکانی کوردستان بەزەقی پێیان بڵێم گەر کوردستان لەبیرئەکەن ئێمەش ئێوە بێبەری ئەکەین لە نیشتیمانی کوردستان ، تازەترین جوانییەک کە لەوبەرهەمە دەبینم پێشبینییەکانە کە وەک وێنەیەک لەبەرچاومن ، کە دەمەوێ بڵێم مێژوومان چەند ماندووە بەڵام خۆری هیوا لە حەوانەوەیا هەرئەبینێ ، گۆرانیو مۆسیقا تێکەڵن لە شیوەنو چەرمەگەری تێکڕا لەم پانۆڕامایە بەشدارن کچ وکوڕوگەورە بچوکەوە ، سروشت هەمووی لەگەڵ کاروانی پانۆڕاماکەیە 
پ/ پێت وانیە ئاراستەکان یەک بگرنەوە لەگەل هۆنراوەکانی تابوورەکان یاخود پانۆڕامای سەرشەقام ؟
لەتیف عومەر :- تابورەکان ئەوجەلادانەن کە لە پانۆڕامایی سەرشەقاما باسیان ئەکات ، تابورەکان ئەومرۆڤ کوژانەن کە لەسەردەمی ساڵانی شەستەکان چەندین ژن وکچی میهرەبان وبێ توانیان تیرۆرکرد لە پێناوی حەزی خۆیانا واتە داستانی پانۆڕامای سەرشەقام و تابورەکانی تابوور ئەوناکەس بەچەوزۆڵەکوردانەن کە لە پانۆڕامای کوردستان لە بیرمەکەن درێژە بەگێڕانەوەی چیرۆکی بەسەرهاتەکان ئەدا هەروەک لە وەڵامیی پرسیاری دووهەم دا گوتم چیرۆکەکە بۆ ئەبەدییەت بەردەوامە ، تابورەکان ساڵی 1912 وپانۆڕامای سەرشەقام 2015
پ/ خۆت پێش شاعیربوونت شانۆکارونووسەری بوویت پێت وایە کامیان پەیامەکانی خێراترە وچێژی زیاترە بۆ بینەروخوێنەر ؟
لەتیف عومەر :- هەر لە سەرەتای لاویمەوە وام بیرکردۆتەوە هەرپەیامێک بتەوێ بیگەیەنی لەهەربوارێک بێت کاریگەری خۆی هەیە دەگاتە خواستی پەیامەکەت لای من شیعروشانۆ ئاوێتەی یەک بونە ، نەم دەویست لەیەکیان جیابکەمەوە وەک ئەوەی مەبەستم بووە کاتێ لەسەردەمی خۆیا شانۆییەکانم پێشکەش ئەکرد ڕۆحە شیعرییەکەی لەگەڵدا ئەژیابۆ نموونە ساڵی 1974 لە شانۆیی کوردستان لە ڕۆژانی شۆڕش پێشکەشم کرد سەرەتا کۆرسەکان بەم شیعرە دەرکەوتن
تیشکی ئاسۆ ڕێگامانە
ئەم تەرمانە تەرمی ئازادی گەلمانە
ڕازوخۆزگەی هەموومانە
لە ساڵی 1975
لە شانۆیی تۆڵەی مەرگ ڕاوی دەڵێ
هاتوم بڵێم مەڵێن سەگەکانی
ئەم وڵاتە بەوەفایە
سەگەکانی ئەم وڵاتە بۆرەوزیوە
نەوەک ئیسقان
کای بن خەرمانیش لە توێشەبەرەی
ژنە جوتیارێکا ڕائەماڵن
یان لەساڵی 1976 لە شانۆیی مرۆڤی ڕەش کە بەشێوەی ئۆپەرێت پێشکەش کرا بەشیعرەکانی دەنگی شۆڕشگێڕان دەهاتە ناوهۆڵی شانۆکە
دەبێت بەربێ مانگی وڵات
لە ڕۆژئاواتا ڕۆژهەڵات
لە باشورمان تالە باکور
خەبات ئەکەین نزیک تا دوور
بەڵێ بەم جۆرە من دەمەوێ پەیامی خۆم بگەیەنم ئەگەرچی شانۆ جارێکە دوو جار ڕوو بەڕوو ویستی خۆت ئەگەیەنێت بەڵام شیعر ژ بۆ هەمیشە لەگەڵتایە لەناختایە لە ئەحساسا دەیلێتەوە ئەوە شیعرە هەمیشە پێشەنگی ڕاستی دروستییە لە سەنگەری شۆڕش ولە قوربانی ئازادییا و لە هزری تەواوی خۆشەویستییا ، شیعربۆمن لە چرکە کەمتر ڕازوناز وکاریگەری خۆی ئەگەیەنێ
پ/ پەیامی شیعرلای ئێوە کە بەزەرورەتی دەزانن لە سەردەمە گونجاوەکاندا وچی دەگەیەنێ و خیتابی ئێوە لە نیویاندا ئاراستەی کێیە ؟
لەتیف عومەر :- شیعر ئەو دەستەڵاتە گەورەییە کە هیچ کاتێک دەستەڵاتێک لە خۆی گەورەتر پەسەند ناکا ، کاتێک دوژمنایەتی گەل بکات ، ئازاری مرۆڤ بات ئەوهێزە شۆڕشگێڕو جەنگاوەرەیە کە هەمیشە پاڵپشتی خاک ونیشتیمانە ، شیعر دەنگی عاشقانە کە زوڵمی پێ ڕەوانییە شیعردەنگی قارەمان وپێشمەرگەی هاوژینێتی لە خەباتی نەتەوەیەتی و نیشتیمانییا شیعر ئەوهێزەیە لەبانگراوندی هەر ڕوداوێک فەلسەفەی خۆی هەیە دواجار ئەو کەشکۆلەیە کە هەگبەی مێژووئەپارێزێ وپێشبینییەکان ئەداتە دەست وبەردەم بیرکردنەوە ، لە بەشی دووهەمی پرسیارەکەت ، دەڵێم شیعری من هەمیشە تیرێکی ئاگرینە ڕوبەڕوی دوژمنی نەتەوەکەم ، قەڵغانێکە بۆ پاراستنی نیشتیمانم کە کوردستانە ، شیعری من ئەوئەحساسەیە کە دەیەوێ مرۆڤی خۆش بوێی ، شیعرئاراستەی خاک فرۆشانە ، زاڵم سزانە لە دیوی دووهەم شیعرم بۆ عاشقانی وڵات ، خاک ونیشتیمان وشەهید ومرۆڤ پەروەرانە

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌