خەبات: زانكۆ جاف
لە ئەنقەرەوە گفتوگۆ سیاسییەكان و پێشبینییە سیاسییەكان گەرموگوڕی زۆری پێوە دیارە، بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تا توركیا بخەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆگان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت. لە لایەكی دیكە عەبدولقادر سەلفی رۆژنامەنووسی نزیك لە رەجەب تەیب ئەردۆگان، لە وتاری رۆژی دووشەممەیدا ئاشكرای دەكات دەنگۆیەك هەیە كودەتا بكرێ و عەبدوڵڵا گویل بكەنە سەركۆماری توركیا و عەلی باباجانیش بۆ وەزیری ئابووری و ئەردۆگانیش لە لایەن دادگاوە بپارێزرێت و لە هەموو پۆستێك دووری بخەنەوە.
لاچوونی ئەردۆگان
لە ئەنقەرەوە گفتوگۆ سیاسییەكان و پێشبینییە سیاسییەكان گەرموگوڕی زۆری پێوە دیارە، بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تا توركیا بخەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆگان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت. لە ریفراندۆم بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا، بەرەی (نەخێر) توانی 49%ی دەنگەكان بهێنێت، بەرەی (بەڵێ) توانی 51%ی دەنگەكان بهێنێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كەوتووەتە دەست رۆژنامەی (جمهوریەت)ی توركی، ئێستە تابلۆی سیاسی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و رێژەی دەنگەكان پێچەوانە بووەتەوە. جمهوریەتی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا ئەنجام بدرێت بەرەی نەخێر كە پێشتر 49%ی دەنگەكانی هێناوە، ئەمجارەیان 55%ی دەنگەكان دەهێنێت و بە پێش پارتی دەسەڵات ئاكپارتی دەكەوێت. هەر بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەن تا بتوانن توركیا بخەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە و بەمەش كورسی دەسەڵات لە رەجەب تەییب ئەردۆگان وەربگرنەوە.
پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان چانسی بردنەوەیان زیاترە
دەزگا راپرسییەكانی توركیا بە تایبەت ئەوانەی وەكو بێلایەن خۆیان نیشان داوە، ئاشكرایان كردووە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئاكپارتی لەگەڵ مەهەپەدا دەچێتە ناو هاوپەیمانییەوە، بەڵام هەر ناتوانن 50+1 بەدەست بهێنن، چونكە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان چانسی بردنەوەی كورسی سەرۆكایەتییان زیاترە. بەڵام هەموو ئەو هەڵسەنگاندنە سیاسی و پێشبینییانە ئەنجامەكەی بەو مەرجە راست دەردەچێت، كە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەسەر یەك كاندید رێكبكەون بۆ ركابەری ئەردۆگان. بۆ نموونە جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە هەرگیز كاندیدی ئەوان بە تەنیا ناتوانێت لە ئەردۆگان بباتەوە، یان كاندیدی هەدەپە یان كاندیدی پارتی باش. تاكە رێگە بۆ ئەوەی بتوانن ببنە ركابەرێكی سەختی ئەردۆگان هەڵبژاردنی یەك كاندیدی هەموو پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنە. وەكو ئەوەی بە نهێنیش باسی لێوە دەكرێت، پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن رازی دەبن كەمال كلیچدار ئۆغلو سەرۆكی ئێستەی جەهەپە بكەنە كاندیدی خۆیان بۆ ركابەری ئەردۆگان، لە 3ی مانگی شوباتیش لە كۆنگرەی جەهەپەدا كاندیدكردنی كلیچدارئۆغلو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا یەكلایی دەبێتەوە.
ئەنجامدانی كودەتا
عەبدولقادر سەلفی رۆژنامەنووسی نزیك لە رەجەب تەیب ئەردۆگان، لە وتارێكدا ئاشكرای دەكات دەنگۆیەك هەیە كودەتا بكرێ و عەبدوڵڵا گویل بكەنە سەركۆماری توركیا و عەلی باباجانیش بۆ وەزیری ئابووری و ئەردۆگانیش لە لایەن دادگاوە بپارێزرێت و لە هەموو پۆستێك دووری بخەنەوە. سەلفی لە وتارێكیدا كە رۆژی دووشەممە لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، باس لە دەنگۆیەك دەكات كە دەستی كودەتاچییەكانی لە پشتە، ئەویش دانانی عەبدوڵڵا گویلە بە شێوەیەكی كاتی لە شوێنی ئەردۆگان، بەڵام وەكو خۆی باسی دەكات جارێ بە باشی ئەردۆگانیان نەناسیوە. سەلفی دەنووسێ سیناریۆیەك هەیە كە بە شێوەیەكی كاتی گویل بخەنە شوێنی ئەردۆگان و عەلی باباجانیش بكەنە وەزیری ئابووری بە شێوەیەكی كاتی، ئەردۆگان و خانەوادەكەشی لە شوێنێك لە لایەن دادگاوە بپارێزرێن. واتە مەبەستیانە ئەردۆگان لەنێو ببەن، بەڵام شتێكیان بیر چووە، ئەویش ئەوەیە كە ئەوانەی ئەو پیلانەیان داڕشتووە، جارێ ئەردۆگان ناناسن، ئاخر ئەردۆگان سەری بۆ كودەتا شۆڕ نەكرد بۆ ئەو كەسانەی شۆڕ ناكات كە ئەو پیلانەیان داڕشتوە. سەلفی لە درێژەی وتارەكەیدا باسی لەوەش كردووە كە گویل و عەلی باباجان ئاگاداری ئەو پیلانە نین، بەڵام ئەوانەی پیلانەكەیان داناوە و دەنگۆكەیان بڵاو كردووەتەوە، دەیانەوێت سەرەتا شەڕەكە لەناو ئاكپارتییەوە دەستپێبكەن و پاشان بكەونە خۆیان. بۆیە سەلفی دەڵێ تەنیا عەبدوڵڵا گویل دەتوانێت ئەو دەنگۆیانە كۆتایی پێ بهێنێت، بێگومان ئەگەر بیەوێت.
دەستكارییكردنی یاسای حزبەكان
حكوومەتی ئاكپارتی لە توركیا بە نیازە یاسای پارتە سیاسییەكانی توركیا بگۆڕێت، بە گۆڕینی ئەو یاسایەش دەسەڵاتی دادگا بەسەر پارتە سیاسییەكانەوە كەم دەبێتەوە. رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئاكپارتی پلانی داڕشتووە لە ماوەیەكی نزیكدا یاسای پارتە سیاسییەكان لە توركیا بگۆڕێت و ئیدی دەسەڵاتی تەواو بدرێتە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان. لە هەواڵەكەدا هاتووە، پێشتر لە لایەن دادگاوە یاسای پارتە سیاسییەكان چاودێری دەكرا و زۆربەی ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە پارتە سیاسییەكان هەبووە لە لایەن دادگاوە یەكلایی كراوەتەوە، بەڵام بەم پڕۆژە یاسایەی ئاكپارتی دەیەوێت بیهێنێتە پەرلەمانەوە بۆ گۆڕینی یاسای پارتە سیاسییەكان، ئیدی دەسەڵاتی زۆر بە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەدرێت. هەروەها دەسەڵات دەدرێتە كۆمیسیۆن كە پارتە سیاسییەكان چۆن كۆنگرە ببەستن و چۆن بتوانن ئەندام وەربگرن و هەروەها سەرۆكی پارتیش تا چەند خول بۆی هەبێت سەرۆك بێت.
یەك حزب پشتگیری دەكات
رۆژی دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنكەرا، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە پشتگیری تەواوی پارتەكەی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆگان راگەیاند بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2019. باخچەلی لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئاشكرای كرد، كە پارتەكەیان بڕیاری داوە لە هەڵبژاردنی 2019دا لەگەڵ ئاكپارتیدا بچێتە ناو هاوپەیمانییەتەوە، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی2019 هەموو ئۆرگان و دەزگایەكانیان پشتگیری لە ئەردۆگان دەكەن. باسی لەوەشكردووە كە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا لە توركیا، ئەوان وەكو مەهەپە هیچ كاندیدێكیان نابێت و دەچنە پاڵ ئاكپارتییەوە، بەڵام وەكو ئەوەی باخچەلی باسی لێوە كرد، ئەگەر ئەردۆگان لەبەر هەر هۆكارێك بێت خۆی كاندید نەكات بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا لە هەڵبژاردنی2019 ئەوكات وەكو مەهەپە بڕیاری تریان دەبێت.