پڕۆفیسۆر دكتۆر كەیوان ئازاد دەڵێت، نابێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی دانوستان بێت لەگەڵ بەغدا و ئەوانیش وەڵام نەدەنەوە، بۆیە دەبێ لەگەڵ چاكسازی لە مووچەی خانەنشینكراوان هەوڵبدات مانگانە مووچەی موچەخۆرانی خۆی بدات و پشت لە بەغدا بكات و چیی دیكە رێگە بۆ غرووری عەبادی خۆش نەكات.
پڕۆفیسۆری مێژووی كورد لە زانكۆی سلێمانی، كەیوان ئازاد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: پێویستە كوردستان لە هەموو بوارەكاندا خۆی رێكبخاتەوە و چیی دیكە چاوەڕێی ئەوە نەكات لە بەغداوە مووچە بێت، كە دەشبینین، حەیدەر عەبادی غروور گرتوویەتی بەرامبەر بە گەلی كوردستان، بۆیە داوا دەكەم حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چاكسازیی راستەقینە لە مووچەی خانەنشینانی پلە باڵا تا خوارەوە، كە بە نایاسایی خانەنشین كراون و هەر ئەوانیشن باسی گەندەڵی دەكەن، دەتوانێت بەو داهاتەی كە هەیە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرەكانی خۆی بدات.
كەیوان ئازاد دەڵێت: پێویستە ئیدی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای دانوستان لەگەڵ بەغدا نەكات، پشت لە عەبادی بكات تا بەغدا بە خۆیدا بچێتەوە و لەو خەوی غروورە خەبەری بێتەوە. گوتیشی: بە ڕای من ئێمە جگە لە كێشەی مووچە، كە ئەگەر چاكسازی راستەقینە بكەین و داهاتەكان كۆ بكرێنەوە، ئەویش چارەسەر دەبێت، تەواوی خزمەتگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر باشترە لە خزمەتگوزارییە گشتییەكانی عێراق. لەبارەی گرنگیی جوگرافیای كوردستان لای ئەوروپاییەكان و ئەمەریكا، كەیوان ئازاد گوتی: ئەمەریكا و ئەوروپا زۆر كوردستانیان لا مەبەستە، كە خاكێكی زۆر كاریگەرە، میللەتێكی باش لەسەر ئەم خاكە دەژین، سەركردایەتییەكی حەكیمانەمان هەیە، كە جەنابی سەرۆك بارزانی، دۆزی كوردی گەیاندە ناوەندەكانی جیهان، بینیشمان لە شەڕی دژی داعشدا چۆن تەواوی وڵاتانی ئەوروپا بە ئەمریكاوە هاوكاریی كوردستان و پێشمەرگەیان كرد، ئێستەش مەبەستیانە كوردستانێكی بەهێز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت.
لەبارەی سەركەوتن و شكستەكان كە بەسەر پڕۆسەی نەتەوەی كورد هاتوون، كەیوان ئازاد گوتی: هەمیشە كورد لە مێژوودا دۆزی خۆی گەیاندووەتە لووتكە، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی ئەو سەركەوتنانەی كورد كە شكستی هێناوە، بە دەستی ناوخۆ و بە هاوكاریی دوژمنان بووە، بینیشمان لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوودا، چەند كەسێكی خیانەتكار بوونە هۆی ئەوەی خاكی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان داگیر بكرێت و بۆ ماوەیەكی كاتی پڕۆسەی سەربەخۆییی كوردستان دوا بكەوێت، هەمیشە كورد كاتێك لە سەركەوتنەكان گەڕێندرابێتە دواوە، ئەوە بە ماوەیەكی زۆر كەم ڕۆیشتووەتەوە بۆ لووتكەی سەركەوتن. لەبارەی پڕۆسەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان و گرنگییەكەی بۆ ئایندەی كورد، ئەو پڕۆفیسۆرە دەڵێت: رێفراندۆم سەنەدێكی نەتەوەییە بەدەست كوردەوە لە بەرامبەر هەموو دنیا كە كورد بە ئاشتی داوای سەربەخۆیی و سەرفرازیی خۆی دەكات، وەك هەموو گەلانی دنیا، بۆیە من پێموایە لە ئایندەیەكی زۆر دوور نابێت، دەرئەنجامی رێفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان بەرهەمی دەبێت.