2018-01-09

(بەشی دووەم)

كاروان محمەد

لیستی دووەم: (هادی ئەل عامری)
هادی ئەل عامری... نازناوی (ئەبو حسن ئەل عامری)یە، وەزیری پێشووی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بووە، ئێستا نوێنەرە لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی رێكخراوی (بەدر)ـە  كە ئیران راستەوخۆ پاڵپشتی دەكات، هەروەها ئیستا (هادی ئەل عامری) سەرۆكی چەكدارانی حەشدی شەعبییە. لەلایەكی دیكەوە بەپێی راپۆرتەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمركا(CIA) و راپۆرتەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ (هیومان رایتس ۆچ)، هادی عامری و رێكخراوەكەی (بەدر) تۆمەتبارن بە كۆمەڵكوژی و پاكتاوی رەگەزی بەرامبەر سوونەكانی عێراق و كورد لە توزخرماتو.
شایانی باسە ساڵی 2014 كاتێك كە هادی ئەلعامری وەزیری گواستنەوەی و گەیاندنی عێراق بوو، كۆمپانیای فرۆكەوانی (شرق ئەل ئەوسەت)ـی لوبنانی رایگەیاند كە فرۆكە خانەی بەغدا نەیهێشتووە گەشتی یەكێك لە فروكەكانیان كە (71) سەرنشینی لە خۆ گرتبوو لە بەغدا دابەزێت و ناچار كرا بگەرێتەوە بەیروت، لەبەر ئەوەی فرۆكەكە چاوەروانی (مەهدی) كوڕی هادی ئەل عامری نەكردووە !!، كاتێك لە فرۆكەخانەی بەیروت، كوڕەكەی هادی ئەل عامری لە وادەی فرین دواكەوتبوو.
(بەهەرحاڵ)... لیستی دووەم بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018 بەسەرۆكایەتی هادی ئەل عامری دەبێت، هەروەكو باسمانكرد عامری بەرپرسێكی باڵا و دەست رۆیشتووی حەشدی شەعبییە و سەرۆكی رێكخراوی بەدرە و راستەوخۆ لە لایەن ئیرانەوە پاڵپشتی دەكرێت هەروەك نوری مالكی و حەیدەر عەبادی بەڵكو زیاتریش. شایانی باسە زۆرێك لەو بەرپرسانەی (چەكدارن) لە نێو ئەم لیستەدا، حزبی سیاسییان پێك هێناوە (گوایە؟!!) وازیان لە چەكداری هێناوە، بۆ ئەوەی لە ژێر ناو و پەردەی ئەم حزبانە، بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018 بكەن. بەڵام دواجار هەر هەموویان لە ژێر چەتر و ركێفی لیستی هادی ئەل عامری دەرناچن!. لە رووی سەنگ و هێز و پاڵپشتی ئیران، ئەم لیستەی هادی ئەل عامری، پاش لیستی مالكی و عەبادی لەریزبەندی سێهەم ئەژمار دەكرێت، هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئیران، بەرپرسیارانی نێو ئەم لیستە زۆرینەی جومگە سیاسی و دارایی و كارگێرییەكانی وڵاتی عێراقیان بەدەستەوەیە.

لیستی سێهەم: (ئەیاد عەلاوی)
لەم خولەی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا 2018، ئەیاد عەلاوی (جێگری سەرۆكی كۆمار)، بەهەمان لیستی پێشووی خۆی بەشدرای لە هەڵبژاردنەكان ئەم جارە دەكات، ئەیاد عەلاوی وەكو كەسایەتییەكەی میانڕۆ لە عێراقدا ناسراوە،پێگەی خۆی لە نێو خەڵكی عێراقدا هەیە، هەروەها لە لایەن كورد و شیعە و سوونەش رێزی لێ دەگیرێت. ئەگەر ئەیاد عەلاوی و لیستەكەی لەم خولەی هەڵبژاردندا بتوانن پڕۆگرامێكی تەكنوكرات و نیشتیمانی و پاك و تەمیز و راستگۆ بخەنە روو بۆ چارەسەر كردنی گەندەڵییەكان لە عێراق و چارەسەر كردنی كێشەكانی عێراق بە گشتی و كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی، ئەوا لەوانەیە زۆرێك لە خەڵكی عێراق (حزب و لایەنە سیاسی و سوونەو شیعە) دەنگی پێبدەن و لەوانەی كوردستانیش هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەم لیستەی ئەیاد عەلاوی بكات. لەرووی پارسەنگی هێزەوە دەتوانم بڵێم كە سەنگی لیستی یەیاد عەلاوی لە رێزبەندی چوارەم دایە پاش لیسیت هادی عامری و لیستی (مالكی و عەبادی).

لیستی چوارەم: (موقتەدا سەدر)
ئەم لیستە لیستێكی توكمە و پەیوەستە بە خودی كەسایەتی (موقتەدا سەدر) و جەماوەرێكی نەگۆر و گوێڕایەڵی هەیە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی زۆری جەماوری ئەم لیستە بریتین لە شوێن كەوتوانی باوكی موقتەدا (محەمەد محەمەد سادق ئەل سەدر) و ئێستاش شوێنكەوتووی خودی موقتەدان،ئەم رەوتەی (موقتەدا) بە گەورەترین رەوتی شیعە مەزهەبی عێراق و جیهانی شیعە ئەژمار دەكرێن كە پەیوەستن بە (حەوزی علمی نەجەف) و ركابەری حەوزی علمی (قوم) دەكەن. هەروەها موقتەدا سەدر سەركردەی باڵای عەسكەری رەوتی سەدردەكات كە پێكدێت لە (جیش ئەل مەهدی) و (لیوای ئەلیەوم ئەل مەوعود) و (سەرایا ئەل سەلام)، بەڵام لە رووی پلەو پێگەی ئاینییەوە موقتەدا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئاینی كە بتوانی ركابەرایەتی مەرجەعیەتی شیعەی عێراق (عەلی سیستانی) بكات. مەزندەدەكرێ ئەم لیستەی موقتەدا زیاتر لە ملیۆنێك و دووسەد و پەنجا هەزار دەنگدەری لە عێراقدا هەبێت. لیستێكی بە توانا و كاریگەرە، هەروەها باڵادەستە لە بەغدا و باشووری عێراق و كاریگەری روحی هەیە لەسەر جەماوەری خۆی و زاڵە بەسەر شەقامی عێراقدا، بەتایبەت لە بەغدای پایتەختدا. بۆیە مەزەندە دەكرێت كە ئەم لیستە توانای ركابەری كردنی هەردوو لیستی (مالكی و عەبادی) هەیە. لەرووی پێگەی هێز و دەسەڵات ئەم لیستە شان بەشانی هەردوو لیستی (مالكی و عەبادی) لەئاستی یەكەم دایە. بۆیە ئەگەر لیستی موقتەدا لەم خولەی هەڵبژاردندا پرۆگرامێكی دژی گەندەڵی و پاڵپشتی كردنی تەكنوكرات و چاكسازی و چارەسەر كێشەكانی عێراق و هەولێر و بەغدا بكات، ئەوا دوورنییە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بێت.

لیستی پێنجەم: (عەمار ئەل حەكیم)
عەمار ئەل حەكیم (1971)، كوری عەبدولعەزیز ئەلحەكیمە سەرۆكی حزبی (ئەل مەجلس ئەل ئەعلا ئەل ئیسلامی ئەل عێراقی) و نەوەی (ئایەتو ڵاه ئەل عوزما موحسن ئەل حەكیم)ـە مەرجەعی ئاینی شیعەی عێراقە. هەروەها عەمار ئەل حەكیم سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانێتی (ئەل ئیئتیلاف ئەل عێراقی ئەل مووەحەد) بووە لە پەرلەمانی عێراقدا، لە تەمووزی رابردوودا(2017) عەمار ئەلحەكیم لە حزبی (ئەل مەجلس ئەل ئەعلا ئەل ئیسلامی ئەل عێراقی) جیا بووەوە و (رەوتی ئەل حیكمە ئەل وەتەنییە)ـی پێكهێنا، ئەمەش نیشانەیەكی پێشوەختەبوو بۆ لێكترازانی ناوماڵی شیعە پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018، عەمار ئەل حەكیم هاوشێوەی موقتەداسەدر سەركردایەتی رەوتی شوێن كەوتوانی باوك و باپیری دەكات، بەڵام خۆی نەگەیشتووتە ئاستی (ئایەتولڵا )كە بتوانێ ببێتە مەرجعێك بۆ شوێنكەوتوانی خۆی، هەروەها لە مانگی تەمووزی رابردوو(2017) عەمار ئەل حەكیم جیابوونەوەی خۆی لە (ئەل مەجلس ئەل ئەعلا ئەل ئیسلامی ئەل عێراق) راگەیاند. ئینجا پێم وایە لیستی عەمار ئەل حەكیم لە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا رێژەی دەنگدان و كاریگەریی لەسەر شەقام و دەسەڵاتی بەسەر بەغدا وەك پێشوو نابێت، چونكە حزبەكەی ئێستا رەوتێكی نوێیە و ژمارەی شوێن كەوتووانی (لەچاو موقتەدا سەرد) كەمترە، هێزی چەكداری كەمە، بۆیە لیستی عەمار ئەل حەكیم دوور نییە لەكۆتاییدا هاوپەیمانێتی لە گەڵ حزبێك یان لیستێكی دیكە بكات.

لیستی شەشەم: (بەرەی سوونە)
بریاربوو بەرەی سوونە (هێز و حزب و كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكانی سوونە) لە ناوەراستی مانگی رابردوودا 14-15ی كانوونی دووەم 2018 كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان و گشتگیری سوونەكان ئەنجام بدەن بۆ پێكهێنانی لیستێكی بەرەی سوونە كە لەتوانایدابێت ركابەرایەتی زۆرینەی شیعەی عێراق بكەن لە هەڵبژاردنەكانی 2018، بەڵام بەبێ دیاریكردنی هۆكار و ئەگەرەكان، ئەم كۆبوونەوەیە سەری نەگرت و ئەنجام نەدرا. ئینجا لە ئەگەری شكست هێنانی ئەم كۆبوونەوەیە، پێشبینی دەكرێت كە حزب و لایەن و كەسایەتییە سوونەكان پەرتەوازە ببن و بەسەر لیستی حزب و لایەنەكانی دیكەدا دابەش ببن وەكو (لیستی حەیدەر عەبادی و لیستی ئەیاد عەلاوی ... هتد). هەروەها هەندێك لە لایەنە سوونەكان بەنیازن لیستی تایبەت بە خۆیان پێك بهێنن، بەڵام دەسكەوتیان نابێت و كاریگەریشیان لاواز دەبێت، بۆیە ناچار لە كۆتاییدا هاوپەیمانێتی لە گەڵ لیستی دیكە پێك بهێنن بەپێی بەرژەوەندی حزبی و كەسایەتی خۆیان.
لەلایەكی دیكەوە هەریەكە لە سەلیم جبوری (سەرۆكی ئێستای پەرلەمانی عێراق) و ساڵح موتڵەگ و (ئوسامە ئەل نوجێفی) كە كەسایەتی سیاسی سوونەن، ئێستا لەهەوڵی ئەوەدان هاوپیمانێتی لە گەڵ كەسایەتی ناودار و سەرەك عەشیرەتی سوونە پێك بهێنن، هەریەكە لەمانە لە ئێستادا توانیویانە بگەنە لێك تێگەیشتنێك بۆ دابەشكردنی سنوری جوگرافی چالاكی خۆیان و پارێزگا و دەڤەرە سوونەكان لە نێوخۆیاندا دیار و دابەش بكەن. ئێستا هەندێك لە كەسایەتی سیاسی و لایەن و حزبی سوونە لەنێویاندا (سەلیم ئەل جبوری)  خوازیاری ئەوەن كە هەڵبژاردنەكان دوا بخرێن بە بیانوی ئەوەی تاكو ئێستا ئاوارە و پەنابەرەكانی كەركوك و توزخماتی و جورف ئەل سەرخر و دیالە و ئەنبار ...هتد) نەگەراونەتەوە شوێنی ئاسایی خۆیان و كارتی دەنگدانیان نوێ نەكراوەتەوە و نێوی مردووەكانیان نەسراوەتەوە، بۆیە لەم رووەوە رۆژی چوارشەممەی رابردوو سەلیم ئەل جبوری بەفەرمی داواكارییەكی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كرد و تێیدا داوای كردووە كە وادەی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوابخرێ لەبەر ئەوەی مەلەفی ئاوارەكان هێشتا چارەسەر نەكراوە و كێشەكانی هەولێر بەغدا هیچ گۆرانگاری و پێشڤەچوونێكی نەبووە، لە بەرامبەردا حەیدەر عەبادی جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكات و داوای لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق كردووە كە بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بدات لە كاتی خۆیدا. لە رووی هێزەوە ئەم لیستە هیچ چەكدارێكیان نییە و لە عێراقدا كەمینەی تایفین و رێژەیان لە شیعە كەمترە.

لیستی حەفتەم: هاوپەیمانێتی كوردستان
هەڵبەت خیانەت كارییەكەی 16 ئۆكتۆبەر و فرۆشتنی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی ئیرداری هەرێمی كوردستان، ئەم بوویەرە كاریگەرییەكی نەرێنی هەبووە بەسەر پارسەنگی و یەكریزی ناوماڵی كورد. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەنجام دەرانی خیانەتكاریەكەی 16 ئۆكتۆبەر كەسانی بێ ئەزموون و گومان لێكراوی تاقمێكی نێو حزبێكی سیاسی كوردستان بوون بێ ئەوەی تەواوی سەركردە و جەماوەری ئەو حزبە بەشداربن!، بۆیە پێم وایە ئەوان (تاقمەكە)، ئەگەر بەپاڵپشتی دەرەكی هەوڵی لێكترازانی نێو ماڵ كوردستان بدەن؟! ئەوا كاریگەرییەكەیان سنووردار دەبیت و زیاتر زیان بەر خودی كەسی خۆیان دەكەوێت، ئەگەرچی ئەم (تاقمە) زیانی كاتییان دووچاری دەسەڵاتی كوردستانیان كردووە، بەڵام لە دوارۆژدا زیان و سەرشۆری هەر بۆ خایین و خۆفرۆشان دەمێنێتەوە. ئاشكرایە كە هەر زوو ئەم لێكترازانە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان خویابوو. ئەوەتا لە پاش نیوەڕۆی رۆژ چوارشەممە 3ی كانوونی دووەم 2018، شاندێكی هاوبەشی سێ حزبی كوردستان (بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەند چوونە بەغدا. ئەگەرچی سەردانی هەر حزبێكی سیاسی بۆ بەغدا كارێكی ئاساییە ئەگەر لە بارودۆخێكی ئاساییدا بێت!!، بەڵام سەردانی ئەو سێ حزبە بەم شێوەیە و لەم كاتە ناسكەدا كە كەركوك و توزخورماتو و شوێنەكانی دیكەی دەرەوەی ئیداری كوردستان داگیر و تەعریب دەكرێ و عێراق لە بەردەم هەڵبژاردندایە، بەم شێوەیە هەنگاوی ئەو سێ حزبە گوماندار و خۆ بەدەستەوەدانە و بێجگە لە پەرتەوازەی ناوماڵی كورد و لێكترازانی لایەنەكانی كوردستان و دامەزراندنی (دوكانی سیاسی و هەراجی سیاسی خۆیان) بۆ بەغدا هیچی دیەكەی لێ ناخوێندرێتەوە. لە ئەنجامیشدا بەغدا بەچاوی شكست و لەرزۆك و تەسلیم بوون و خستنەرووی خزمەگوزاری ئەو سێ حزبە تەماشای هەڵوێستی ئەوان دەكات! كە بە گوشار و هاوئاراستەی ئەجندای ئیران لە زۆنی سلێمانی ئەم هەنگاوەیان ناوە. كەواتە هەرلەئێستاوە، واتا چوارمانگ بەرلە وادەی هەڵبژاردنەكانی 2018عێراق، ئەم سێ حزبە پەرتەوازەیی ناوماڵی كوردستانی بە گوێی بەغدادا چەرپاند. بۆیە دەبێ ئیرادەی سیاسی و نیشتیمان پەروەری خەڵك و حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لە ئێستاوە خۆیان رێك بخەن و ئەنجام و ئامانج و دەرهاویشتەكانی سەردانەگومان لێكراوەی ئەم سێ حزبە تاوتۆ بكەن و یەك دەنگ و یەكگرتووانە هەڵوێست و بڕیاری گونجاو بدەن و نەخشەرێگایەك بۆ (بەشداربوون یاخود بەشدارنەبوونی) هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018 سازبكەن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌