2018-01-09

(بەشی یەكەم)

كاروان محمەد

لەوانەیە ئەستەم بێ پێش هەڵبژاردنەكان مرۆڤ بتوانێ پێشوەختە نەخشەی سیاسی وڵاتێك دیاری و پێشبینی بكات!، بەتایبەت وڵاتێكی وەكو عێراق كە نێوەندی بڕیاری وڵات و بڕیاری سەركردە و حزبەكانی عێراق لەدەستی خۆیاندا نییە؟!، بەڵكو حزبەكان و كەسایەتییە سیاسیەكانی عێراق (بەتایبەت میلیشیا شیعەكانی حەشدی شەعبی) زۆرینەیان جڵەویان لە دەستی ئێراندایە (مەرجەعی حەوزەی قوم لە ئیران) و هەروەها هەندێكیشیان، شوێن كەوتوو و گوێڕایەڵی عەلی سیستانین (مەرجەعی حەوزەی نەجەف)، ئەوانی دیكەش (سوونەكان) لە فەلەكی سعودیا و ئیمارات و توركیادا دەخولێنەوە. بەڵام بەپێی خوێندنەوەی هەڵوێستی پێشووتری حزب و لایەنەكانی عێراق و لێدوان و رەفتارەكانی ئێستایان، لەوانەیە مرۆڤ بتوانێ تارادەیەك مەزندەی نەخشەی سیاسی عێراق بكات بۆ خولی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018. هەرچەندە ئێستاكە (كاتی نووسینی ئەم بابەتە) هەوڵێكی جیدیی لە ئارادایە بۆ هەڵپەساردنی هەڵبژاردنەكانی 2018، كە لە خوارەوە باسی دەكەین.
وێرای نەگەرانەوەی ئاوارەكانی كەركوك و توزخورماتو و حەویجە و ئەنبار و جورف ئەلسەخر و موسڵ و شەنگال و دیالە و چەندین شار و شاوچكەی دیكەی عێراق، بڕیارە لە 15ـی ئەیاری داهاتوو هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018 ئەنجام بدرێ. ئەگەرچی نوری مالكی و حەیدەرعەبادی و موقتەداسەرد و هەندێ لایەنی دیكە جەخت لەوەدەكەن كە پێویستە هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت ، بەڵام نەگەرانەوەی تەواوی ئاوارەكان و نەبوونی ئاماری تەواوی ئاوارەكان و نونەكردنەوەی كارتی هەرڵبژاردنی ئاواراەكان نەبوونی هێمنی و ئارامی لە زۆربەی ئەو دەڤەرانەی خەڵك لێیەوە ئاوارەبووە (بەتایبەت كەركوك و چەند شوێنێكی دیكە) و چەند هۆكارێكی دیكە كە پەیوەندی بە ناوخۆی ماڵی شیعەوە هەیە!!، ئەمانە هەموویان كۆسپن لە رێگای ئەنجام دانی هەڵبژاردنەكانی 2018ی عێراق.
بەهەرحاڵ، ئەگەر هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجامدار؟!، بێگومانی رووداوەكانی چەندمانگی رابردووی عێراق بەتایبەت (خیانەتكارییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر و جەنگی دژی داعش) كاریگەری راستەوخۆیان دەبێت بەسەر نەخشەی سیاسی عێراق و لیست و هاوپەیمانێتی حزبی سیاسی و میلیشیا چەكدارەكان (حەشدی شەعبی). ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەش بە نەبوونی سوپایەكی (نیشتیمانی) عێراقی، هەریەكە لە ئەمریكا و ئیران و توركیا و عەلی سیستانی (رابەری حەوزەی نەجەف) ئەمانەش راستەوخۆ و ناراستەوخۆ نەخشەی سیاسی و چەكداری عێراق دادەڕێژن و ئاراستەی دەكەن.

ئەی كورد چی دەكات؟!
ئەگەر هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018 ئەنجامدرا، پێویستە پێش وەختە ئیرادەی سیاسی كوردستان بە هەموو نەتەوە و حزب و ئاین و ئاینزاكانەوە، بەدەر لە هەموو ناكۆكی و جیاوازی و بیروبۆچوون و بەرژەوەندییە بەرتەسكەكانی حزبی و كەسایەتی  كە ئێستا لە ئارادایە، لەسەرەتادا پێویستە هەموویان یەك دەنگ و یەك رەنگ بڕیاری ئەوە بدەن ئاخۆ بەشداری هەڵبژاردنەكان 2018 دەكەن یان نا ؟!. ئەگەر بەشدارییان كرد پلانیان چی دەبێت؟!، ئەگەر بەشدارییان نەكرد ئەلتەرناتیڤیان چی دەبێت؟!. لە هەردوو حاڵەتدا (بەشداری كردن و نەكردن) پێویستە ئیرادەی سیاسی كوردستان (هەموویان) یەك دەنگ و یەك رەنگ و یەك هەڵوێست لە یەك بەرەدا بڕیار و هەڵوێستیان هەبێت، بەتایبەت لە حاڵەتی بەشداری كردن لە هەڵبژاردنەكان؟!، ئەگینا ئیرادەی سیاسی كوردستان بەرامبەر هەڵوێستی زۆرینەی عەرەب (سوونە و شیعە) هیچ دەسكەوت و كاریگەرییان نابێت لە حوكمڕانی داهاتووی عێراقدا و دووبارە وەكو خولەكانی پێشووتر دەكەونە بەر شمشێری (زۆرینەی پەرلەمانی عێراق)، ئەوكات بوون و نەبوونیان لە نێو پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی عێراقدا نەزۆك و بێ سوود دەبێت. هەڵبەت ساڵانی پێشووتر هەموومان شاهیدی ئەم واقیعەی نێو پەرلەمانی عێراق بووین كە هەموو پەرلەمانتارانی كوردستان (بەهەموو پێكهاتەكان)  لە نێو پەرلەمانی عێراقدا دەستەو ئەژنۆ و ئیفلیج و دەست بەستراوبوون بەرامبەر هەڵوێست و بڕیارەكانی (زۆرینەی عەرەبی) پەرلەمانی عێراق. ئینجا بۆیە ئەگەر ئیرادەی سیاسی كوردستان بەنیازە بەشدرای هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018 بكات، بێجگە لە كۆدەنگی ئیرادەی سیاسی كوردستان، پێوستە هەروەها جەخت لەسەر دوو بنەمای سەرەكی بكرێت بۆ لەیەكدی گەیشتن لە گەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا، یەكەم بنەمای تەوافق، دووەم بنەمای شەراكەت. ئەگەر ئەم دووبنەمایە لە حكومڕانی داهاتووی عێراقدا بوونی نەبێت؟!، ئەوكات بەشداری كورد یاخود بوونی ئیرادەی سیاسی كوردستان لە نێو پەرلەمانی عێراقدا هیچ سوود و دەسكەوتێكی بۆ كوردستان نابێت، بەڵكو دەبنە تەنها ژمارەیەكی بچوك و پاشكۆ بۆ بڕیارەكانی زۆرینەی عەرەب لە عێراقدا.

نەخشەی سیاسی هەڵبەژاردنەكانی 2018
پاش داگیر كردنی كەركوك و ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە 16ی ئۆكتۆبەر و هەروەها راگیەاندنی لەناوبردنی (داعش) لەلایەن عێراقەوە، خولی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018 بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان واقیعێكی دیكەی دەبێت جودا لە واقیعی هەڵبژاردنەكانی پێشووتر. لەسایەی سەری تاقمی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر ئەمجارە دەسەڵاتی كوردستان بە پێگەیەكی لاواز (لەرووی سیاسی و ئابووری) دەچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018. لە بەرامبەردا حزب و كەسایەتی و لایەنە سیاسییەكان و حەشدی شەعبی ئەمڕۆ خۆیان بە براوەی سیاسی و عەسكەری دەبینن بەسەر كوردستان و (داعش)دا، بێگومان ئەوان ئێستا لە نێو واقیعێكی غرور و بێ باكیدا دەژین و پشت ئەستوورن بە بنەمای (زۆرینەی رەها) لە نێو پەرلەمانی عێراقدا و بێ باك دەبن لە هەماهەنگی و سازان لە گەڵ لیست و لایەنەكانی كوردستان و هەرلایەنێكیش لێیانەوە نزیك بێتەوە، هەڵبەت بە جاش و پاشكۆی خۆیان ئە ژماری دەكەن.
بەهەرحاڵ... بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕانكاری خێرا و واقیعی ئەمرۆی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان، ئەستەمە ئێمە بتوانین (دەقاودەق) پێشبینی نەخشەی سیاسی هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەی عێراق بكەین، بەڵام بەرەچاوكردنی هەڵوێست و سیاسەتی لایەنە عێراقییەكان (تاكو ئێستا)، دەكرێ بەشێوەیەی گشتی نەخشەی سیاسی عێراق بۆ هەڵبژاردنەكانی 15ی ئایارای داهاتوو بەم شێوەی خوارەوە هەڵنجێنین، ئەویش ئەگەر هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا ئەنجام درا؟!!، لەبەر ئەوەی وەكو لەسەرەوە روونمان كردەوە، زۆرێك لە ئاوارەكانی دەڤەرەكانی سوونە نشین نەگەڕاونەتە زێدی خۆیان لە كەركوك و توزخورماتو و حەویجە و ئەنبار و جورف ئەلسەخر و موسڵ و شەنگال و دیالە و چەندین شار و شاوچكەی دیكەی عێراق. هەر لەم رووەوە رۆژی چوارشەممەی رابردوو سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان عێراق (سووننە مەزهەبە) داواكایێكی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كردووە كە تێیدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات و لەبەر هەمان ئەو هۆكارانەی كەلەسەروە باسمان كر، ئەمەلەكاتێكدایە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نوری مالكی و موقتەداسدر چەند بەرپرسێكی دیكە بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیان(15ی ئایارای داهاتوو) ئەنجادەدرێن.

لیستەكان
هەروەكو لەسەرەوە باسمان كرد، هەڵنجاندی ئەم لیستیانە لەسەر بنەمای هەڵوێست و لێدوانەكانی كەسی یەكەمی حزب و لایەنە سیاسییەكان پێشبینی كراوە، لەوانەیە بە گۆڕانی بارۆدۆخ و هەڵوێستی كەسایەتی و لایەنەسیاسییەكان، هاوپەیمانێتی و لیستەكانی هەڵبژادن گۆرانكاری تێكەوێت.
لیستی یەكەم: (عەبادی و مالكی)
هەواڵەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە هەردوو باڵی ناو حزبی دەعوا، باڵی نوری مالكی و  باڵی حەیدەر عەبادی كە هەردووكیان بەرپرسی باڵان لە حزبی دەعوەی ئیسلامی (نزیك لە ئیران)، هەریەكەیان بە لیستێكی جودا بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە دەكەن، واتا حزبی دەعوە بە دوولیستی جودا بەشداری هەڵبژاردنیەكانی 2018ی عێراق دەكات. شایانی باسە پێشتر یاسای و رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رێگەی نەدەدا كە حزبێك بە دوولیستی جودا بەشداری هەڵبژاردن نبكەن، بەڵام هەفتەی رابردوو كۆمیسیۆنی باڵا هەڵبژاردنەكانی عێراق (لەژێر گوشاری شیعەكان) چەند رێمناییەكی دەركرد كە رێگە بەوە دەدەن حزبێك بە زیاتر لە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە بكات. پێموایە بە غیابی كورد ئەمە یەكەم دەست تێوەردانە لە كاروباری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و ئەم رێنماییانە تەنها بۆبەرژەروەندی حزبی دەعوە دەرچووە.
(بەهەر حاڵ) وەكو گوتمان... كەواتە حزبی دەعوا بە دوولیستی جودا بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە دەكات، لیستی یەكەم لیستی (دەولەتی قانون) بەسەرۆكایەتی نوری مالكی دەبێت، و لیستی دووەم (كە تاكو نوسینی ئەم بابەتە هێشتا رانەگەینراوە) بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی دەبێت. لە ئێستادا و لەخولی ئەمجارە هەڵبژاردنەكانی عێراق 2018، نوری مالكی پاڵپشتی ئیران و ئەمریكای لە دەست داوە، لێرەدا مەسەلە ئەوەنییە كە نوری مالكی لە ئێران هەڵگەڕاوەتەوە یاخود لە ئەمریكا هەڵگەڕاوەتەوە، بەڵكو ئیران بۆ ئەوەی دەستی هەر لەناو ناوەندی بڕیاری عێراق بمێنێتەوە؟!،  هەردەم پاڵپشتی ئەو كاندیدە دەكات كە ئەمریكا پاڵپشتی دەكات؟!، ئەمەش سیاسەتی (پەنجە نەرمەكانی ئیرانە)كە لە ناوچەكەدا بەكار دەهێنێت و تاكو ئێستا بەم سیاسەتەی خۆی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و سیاسەتی دەرەوە و مەلەفی چەكی ئەتۆمی بەم سیاسەتەی سەركەوتووبووە. ئینجا مالكی لەبەر ئەم ئەگەرەی سەرەوە كە پاڵپشتی ئیرانی لەدەست داوە، بۆیە بە نیازە ئەمجارە زیاتر بەرووی حزب و لایەن و كەسایەتییە نیشتمانییەكانی عێراقدا بكرێتەوە و لیستەكەی خۆی بە لیستێكی نیشتیمانی عێراق نمایش و ئاراستە بكات بۆ كۆكردنەوەی زیاترین ئەودەنگانەی كە نارازین لە ئیسلامی سیاسی و شیعەگەرایی و تایفەگەری كە بەم دواییە لە عێراقدا ژمارەیان لە زیادبووندایە. هەربۆیە لە دوایین لێدوانەكانی بەرامبەر كوردستان و حكومەتی هەرێم، نوری مالكی نەرمی نواند و خۆی و لیستەكەی بە نیشتیمان پەروەر نمایش كرد. هەروەها بەم سیاسەتەی خۆی نوری مالكی تاكو ئێستا توانیویەتی قەناعەت بە باڵی سێهەمی حزبی دەعوابكات كە (خزەیر ئەلخوزاعی) سەركردایەتی دەكات، قەناعەتی پێكردووە كە بێتە نێو لیستی (دەولەت ئەلقانون). بەم شێوەی دەكرێ بڵێین نوری مالكی تاكو ئێستا توانیویەتی ڕكابەری حەیدەر عەبادی بكات لە هەنگاوەسەرەتاییەكانی بەرەو هەڵبژاردنی عێراق 2018. بەڵام بەم ستراتیجیەت و سیاسەتەی خۆی ئایا نوری ماڵكی دەتوانێ تاسەر بەردەوام بێ لە راكێشانی دەنگی شەقامی عێراق بەرەو لیستەكەی خۆی و ببێتە ركابەری سەرسەختی عەبادی؟!، یاخود سەركەوێ بەسەر لیستەكەی عەبادیدا كە تاكو ئێستا ئەمریكا و ئیران پشتیوانی لێ دەكەن!!.ئەمە لەلایەك و لەلاكی دیكەوە، كە عەبادی فیزی لەناوبردنی (داعش) و گەمارۆدانی كوردستان دەدات و خۆی بە پاڵەوان و پارێزەی یەكپارچەی عێراق نمایش دەكات و لەلایەن ئیران و ئەمریكا پاڵپشتی دەكرێت، بۆیە تائێستا عەباتی توانیویەتی (تارادەیەك) پارسەنگی هێز بەلای خۆیدا ڕابشكێنێت. بەڵام ئەمەش بێ بەرامبەر نییە! و دەتوانین بڵێین ئێستا عەبادی كەوتۆتە نێوان دوو بەرداشی خواستەكانی تایفەگەرییەكانی ئیران و داواكارییەكانی ئەمریكا (دووركەوتن لە ئیران و تواندنەوەی چەكدارانی حەشدی شەعبی). ئەمەش كارگەری سەختی دەبێت بەسەر هەڵمەت و پڕۆپاگەنداكانی عەبادی بۆ هەڵبژاردنەكانی 2018 (دواتر ئێمە هەستی پێدەكەین)!!.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌