2018-01-09

فارس قادر فەقێ عەبدولڵا*

 رۆژی یەكشەممە 7/1/2018 عەبادی لە شاری نەجەف لە كۆبوونەوەیەكدا لە مەدح و سەنای خۆی گوتی "سەركەوتووین بەسەر ریفراندۆم و جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق و شكستمان بەو كارە هێنا". منیش دەڵێم وڵاتی بێ ناونیشان و بێ خاوەن و بێ حاكمی راستگۆ و ئیمان دەبنە بەڵایەك بۆ خۆیان و بۆ دراوسێ و بۆ گشت تاكەكان.
 بە راستی كۆمەڵێك پەند هەن لە سەر عێراق و عەبادی جێبەجێ دەبن، نازانم كامیان بنووسم كامیان بەراورد بكەم لە سەر سەرانی عێراقی و بڵێم برا ئێوە بێ ئاگان لە سیاسەتی دونیا و هەق وایە پێیان بڵێین بە راستی ئێوەن وەك مەسەلەكە گوتەنی "اطرش فی الزفە" و هەقمانە وا بڵێین چونكە ئێوە كەڕن و تێناگەن، بەڵكو تەنها چاوتان دەبینێ و وەك بەردی دامەن و لە سەر مێزی خەڵكی تر یاریتان پێدەكەن.
 گەر بڵێم نەخێر پەندێكی تر هەیە لە سەر ئێوە جێبەجێ دەبێ راستە، كە دەڵێت (زمان بەڵای سەرە) بەڵێ وایە بەخوا زماندرێژن، بەڕێز كەی توانیتان بەبێ ئێمەی كورد و بەبێ وڵاتە زلهێزەكان بەرگری لە كەرامەتی خۆتان بكەن، ئەوكات هەقتانە زمانتان درێژبكەن، نەك بە نامەردی بیكەن و ئەوانەی لەسەر سفرەتان رادەبوێرن پاش رابواردن دەستیان بگرن و بیانهێنن بەرەو كوردستان و فشەفشیش بكەن و بڵێن كەركووكمان گەڕاندەوە بۆ باوەشی عێراق، كەوا نییە!!! ئێوەی جاش تەنها دارودەستەی ئێرانن، كورد گوتەنی لە پەندێكی تر "گوریسی درۆ كورتە" پێم وایە ژن و منداڵی خۆشتان بڕواتان پێناكەن و ئێستا بەم درۆیەتان پێدەكەنن.
گەر لە پەندێكی تر بڵێم "كەشكیش برای دۆیە" ئێوەش هەر سەددامن! بەڵێ رووی یەك دراون، بەڵام دووڕوون، تەنها جیاوازیتان لە وێنەی رووەكانی دراوەكەیە، ئەگینا ئەوەی ئێوە دەیڵێن سەددامیش هەروای دەگوت، بەڵام رەنگە لە ئێوە جیاوازتر بووبێ، هەروەك گوتەنی لە نێوان خراپەكان لە ئێوە باشتر بوو، دۆستی پاسدار نەبوو، كەواتە تەنها لەو رووەوە جیاوازن وەك دراوەكە، نازانم بڵێم ئێوە چین و تا بنووسم تەواو نابێ، بەڵام دیارە نە شەرم دەكەن و نە وەفاشتان هەیە، بەناو خاوەن دینن، كەچی زۆر بێ دینن، ئەكتەرن، بێ شەرمن، هەموو شتێك دەڵێن تەنها راستی ناڵێن.
جا بە راستی زۆر ئەستەمە مرۆڤ بتوانێ لەگەڵ ئێوە ژیان بەسەربەرێ، وەسفی ئێوە زۆر زەحمەتە، تەنها ئەوە نەبێ كە مرۆڤ لێی تێكچوو لە وەسفتان بڵێت "نە نێریە نە گایە، بەڵایەكی خوایە" كە ئەمەش مەسەلەیەكی كوردیە. زەحمەتە مرۆڤ ئێوە بناسێ، بە راست پێناسەتان نییە ئێوە بەڵایەكی خودان، جا لە كۆتاییدا پەند و قسەكانم كورت دەكەمەوە و وازیان لێ دەهێنم، چونكە ئێوە پەند لە مێژوو وەرناگرن، دەشڵێم ئیمامی عەلی رەزای خوای لێبێت كە زۆر بە داخەوە ئێوە خۆتان لە ئیسلام جیاكردۆتەوە و خۆتان بە پەیڕەوان و دەروێشانی رێبازی ئیمامی عەلی دەزانن و ئیمام عەلی نەك جارێك دووجار لێتان بەرییە، یەكەم ئیمامی عەلی رێبازی تایبەتی خۆی نییە و رێبازەكەی ئیسلامە، دووەمیش دەفەرموێت "لو كان الجاهل فی الجنە جارا لتركت الجنە واخترت النارا" دڵنیام گەر ئێوە بچنە بەهەشت كە مەحاڵە بچن، وەك ئەوەی خودای خۆم و ئیسلام دەناسم، ئیمامی عەلی لە دژی ئێوە جەهنەم هەڵدەبژێرێ. بۆیە دەڵێم بەسە عەیبە، ئێوە زۆر كەمترن بتوانن لە سەر شاشەی تەلەفزیون ئەم مێژووە بۆ خۆتان بنووسن، هەرچەندە ئەوانەی ئەو مێژووەشیان دروست كرد هەر رووڕەشن جا هەر كەسێك بن، بەڵام ئێوە ئەو پیاوە نین، ئێوە جاشی حەقیقی بوون بەراست یان بەكرێگیراو بوون! یان ناموسی خۆتان فرۆشت بەرامبەر بە داگیركردنی كەركووك و دروستكردنی 16ی ئۆكتۆبەر، یان جێبەجێكاری پیلانی دوژمنان بوون؟! هەرچیەك بوون بەڵام ئەو پیاوە نەبوون ئەوەی كە ئێستا هەن، ئێوە لە ترسی داعش لە ماڵەكانی خۆتان نەدەنووستن یان لە هەولێر بوون لەلای ئێمە، یان لە تاران بوون لای ئاغاكانتان، یاخود جاسوسیتان دەكرد لە دەرەوەی وڵات، گرنگ ئەوەیە هیچ كات لە ماڵی خۆتان نەبوون و ئاگاداری ماڵ و منداڵەكانیشتان نەبوون، زۆر عەیبە ئێستاش مەدحی خۆتان بكەن لە ناو ژن و منداڵەكانتان چونكە ئێوە وەك هەن وا ناسراون ئێوە زۆر نزمترن لەوەی باسی سەركەوتن بكەن بە سەر كورد و ئەو كوردەی ئەو قسەیەش لە ئێوە قبوڵ بكات لە ئێوە كەمترە.
 دەكرێ بڵێین بەهەر شێوەیەك بێت و بە هەر نرخێك بێت ئێوە بوون بە بەربەست لە بەر داوای رەوای كورد دەكرێ بڵێین هەموو ئیمكانیەت و كەرامەتی خۆتان فرۆشت و بەكارهێنا بەرامبەر بە وەستان دژ بە داواكاریەكانی كورد!
دەكرێ بڵێم ئێران بە هاناتان هات و ئەو جاشانەی 50 ساڵە بەخێویان دەكات لە ناو جەستەی كورد جاشایەتی بۆتان كرد، بۆ ئێوە بە وەفابوون و بۆ كورد بێ كەرامەت، لەوە زیاتر ناكرێ بگوترێ ئێوە نە لە رابردوو و نە لە ئێستاو نە لە دواڕۆژیش تا یەك رۆڵەی كورد مابێ سەركەوتوو نابن و هەر ژێركەوتوون، پەنا بەخوا، بەڵام تا عێراق بفرۆشن تا سفرەتان لە ژێر پێ و ئەجێندای دەرەكی و عەقڵیەتی سەفەوی بێت، رەنگە خیانەت و غەدری زیاتریشتان پێ بكرێت، بەڵام دەبێت بزانن زاتی خۆتان كەمترن لەوەی بتوانن سەرهەڵبڕن زمان بجولێنن بەرامبەر بە گەلی كوردستان بەڕێز بە هەڵەدا چوویت، زوو شێلوو بوویت، لە مستە ئاوێك مەلەت كرد، هەڵەت كرد، لە كۆتایی گەمەكان ئەم پێكەنینەت دەبێت بە گریان و دەبینین كێ پێدەكەنێت پڕ بە دڵان.
* ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ. د. ك)

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌