2018-01-08

پەرلەمانتارێک لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگی بە لێژنەی بەدواداچون بۆ ڕووداوەكانی خورماتوو دا و لە ئەمڕۆوە لێژنەكە دەتوانن دەست بە كارەكانیان بكات.
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 8/1/2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگ بە لێژنەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكانی خورماتوو درا، بەپێی ئەوەش لە ئەمڕۆوە ئەو لێژنەیە دەتوانێت خۆی ڕێك بخاتەوە و دەست بە كارەكانیان بكەن".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەندامی لێژنەی ڕۆشبیری و ڕاگەیاندنیش بۆ لێژنەكە زیاد كراوە، چونكە لە ڕووداوەكانی خورماتوودا پێشێلكاری بەرامبەر هەندێك كەناڵ و ڕۆژنامەنووسیش كراوە، ئێستا لێژنەكە ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤ، كۆچ و كۆچبەران، ئەمن و ئاسایش و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لەخۆ دەگرێت، بەڵام ناوی ئەندامەكان لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا نەهێنرا و دەكرێت ژمارەیان زیاد بكرێن، یان كەم بكرێت".
ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەش کرد: "ئامانج لە كاری ئەو لێژنەیەش دیاریكردنی پێشێلكارییەكانە و هەر كەسێكیش پێشێلكاریی كردبێت، ئەوا دەبێ بدرێتە دادگا و ئەوانەی كە زیانیشیان پێ گەیشتووە، قەرەبوو بكرێنەوە".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌