2018-01-07

دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ شاری سلێمانی ، هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی،سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانییان رێكخست.

سه‌ره‌تا مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی رایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر باش و به‌رهه‌مدار بوو.

 راشیگه‌یاند: كَوبوونه‌وه‌مان له‌ گه‌ڵ پارتی له‌ دوای ئه‌و كاره‌ستانه‌ دێت كه‌ له‌ دوای رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ رویانداوه‌و باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ ریفراندومی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان مافێكی ده‌ستوری و یاسای گه‌لی كوردستان بوو، له‌ وانه‌یه‌ به‌شێكمان رای جیاوازمان له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی كاته‌كه‌ی هه‌بووبێت، به‌ڵام كاردانه‌وه‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ ریفراندۆم و سزادانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ته‌وه‌قعی ئێمه‌دا و چاوه‌رێی ئه‌وه‌شمان نه‌ده‌كرد عێراق به‌م شێوه‌یه‌ سزای خه‌ڵكی كوردستان بدات .

مه‌لا به‌ختیار باسی ئه‌وه‌ش كرد كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و یه‌كێتی په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووییه‌ و یه‌كێتی و پارتی هه‌موو كات و له‌ كاته‌ سه‌خته‌كان پێكه‌وه‌ سه‌ختییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستانییان تێپه‌راندووه‌.

گوتیشی: هه‌ر ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی پارتی و یه‌كێتی بوو كه‌ بووه‌ هۆی فه‌شه‌ل پێهێنانی چه‌ندین موئامه‌ره‌ی زور گه‌وره‌تر له‌وه‌ی رووی داوه‌ له‌ كوردستان .

هه‌روه‌ها مه‌لا به‌ختیار باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ر هه‌موومان به‌ كردار یارمه‌تی حكومه‌ت بده‌ین نه‌ك به‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت بین و به‌ ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ش دژی بوه‌ستینه‌وه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ چوونی ئه‌و وه‌فده‌ی له‌م دوو رۆژه‌ سه‌ره‌دانی لای به‌غدایان كردووه‌  مه‌لا به‌ختیار گووتی:  به‌داخه‌وه‌ ده‌بوو ئه‌وان راوێژییان به‌ حكومه‌ت كردبا ئه‌وكات هه‌نگاویان نابا بۆ به‌غدا.

 گوتیشی: ئه‌وان وه‌كو سێ حیزب چوون و ته‌واو ، هه‌ر رێككه‌وتنێكیش بكرێت ئه‌بێ له‌ له‌ رێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بكرێت .

سه‌باره‌ت به‌ بارۆدۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ مه‌لا به‌ختیار گوتی:  سبه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر گرنگ له‌ نێوان مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی و لقی پارتی ئه‌نجام ده‌درێت سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كه‌ركوك

ئه‌وه‌شی رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ كه‌ركوك رووده‌دات دۆخێكی سه‌ربازییه‌ و قابیلی قبوڵ نییه‌ .

پاشان نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند : كۆبوونه‌وه‌كه‌ زۆر گرنگ بوو زیاتر جه‌ختمان له‌ سه‌ر باشتركردنی باری ئابووری خه‌ڵك و په‌یوه‌ندی       نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كردۆته‌وه‌، باسیشمان له‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێت هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر حكومه‌تی ناوه‌ند له‌ ساڵی 2003 تا ئێستا له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكرێن.

نێچیرڤان بارزانی : راشیگه‌یاند تاكه‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كورد و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ یه‌كریزی گه‌له‌كه‌مانه‌ به‌ هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌كانه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ست تێوه‌ردانی هه‌ولێر له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: ئه‌مه‌ی كه‌ ده‌وترێت ده‌ستی كورد له‌ پشت خۆپیشاندانه‌كانی ئێرانه‌وه‌یه‌، شتێكی زۆر كومێدییه‌ و گوتیشی، ئێران دراوسێیه‌كی گرنگی ئێمه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ئێران روو ده‌دات وه‌زعێكی ناوخۆی ئێرانه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، هیواداریشم چاره‌سه‌ر بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ چوونی ئه‌و وه‌فده‌ی له‌ سلێمانییه‌وه‌ چوون بۆ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: باشتر بوو هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ چوباین، هیچ رێككه‌وتنێكیش به‌ بێ حكومه‌ت سه‌رناگرێ و به‌غدا و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌زانن .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌