2018-01-01

لە توویتێکدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی ئێران، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامن، دەڵێت "ئێران لە هەموو بوارێکدا شکستیهێناوە سەرەڕای ئەو "رێککەوتنە خراپە"ی ئیدارەی ئۆباما لەگەڵیدا کردووە".
ترەمپ دەشڵێت "خەڵکی مەزنی ئێران بۆ ماوەی چەندین ساڵە دەچەوسێندرێنەوە، ئەوان برسی نان و ئازادین. هاوشێوەی مافی مرۆڤیان سامانی ئێرانییەکانیش تاڵانکراوە، ئێستا کاتی گۆڕانکارییە".
پێشتر دۆناڵد ترەمپ هەر لە توویتەرەوە پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران راگەیاند و گوتی "سەرجەم ئێرانییەکان گۆڕانکارییان دەوێ، سەرکردەکانی ئەو وڵاتەش لە خەڵکەکەیان زیاتر دەترسن وەک لە سوپای گەورەی ئەمریکا".
ئەمریکا، بەریتانیا و کەنەدا پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران دەربڕیوە و داوادەکەن بەرپرسانی ئەو وڵاتە رێز لە داوای خەڵک بگرن.
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانیشدا، ئەمریکا سەرکۆنەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە کرد و رایگەیاند، واشنتن چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات، کە باس لە هەبوونی خۆپیشاندانی ئاشتییانە لە شارەکانی ئێران دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندبوو "بەرپرسانی ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن مێژوو و کوولتورێکی دەوڵەمەندیان کردووەتە وڵاتێکی وێرانە، کە هەناردەی سەرەکی بریتییە لە تووندوتیژی و خوێنڕشتن و بێسەروبەری".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن بەتووندی سەرکۆنەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران دەکات و داواش لە تەواوی وڵاتان دەکات بەئاشکرا پاڵپشتی لە خەڵکی ئێران و داواکارییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی مافە بنچینەییەکان و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی بکەن.
هیزەر ناوێرت دەڵێت، رۆژی 14ی حوزەیرانی 2017 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرێس پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو لایەنانەی ناو ئێران دەربڕی، کە دەتوانن رێگا بۆ گۆڕانکارییەکی ئاشتیانەی حکومەت خۆش بکەن و ئێستاش وەزیری دەرەوە پاڵپشتی تەواوی خەڵکی ئێران دەکات.

رووداو

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌