2017-12-05

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێشوازیی (پایڤی لاینێ) باڵیۆزی فنلەندا لە بەغدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە یەکریزی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە و بەرگری لە مافە دەستووریەکانی هاووڵاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم دەکات.
ئەمڕ 5-12-2017 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (پایڤی لاینێ) باڵیۆزی فنلەندا لە بەغدا کرد.

لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێشخستنی پێوەندییەکانی هەردوولا تاوتوو کران. لە بارەی رەوشی نێوان هەولێر و بەغداوە باڵیۆزی فنلەندا گوتی: "پەیامی ئەورووپا بۆ هەردوولا ئەوەیە کە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبردرێت و هەرچی زووتر گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکرێت و بە پێێ دەستوور گشت کێشەکان چارە بکرێن."

لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەی دەست پێکردنی گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆیە تاکو گشت ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەست پێ بکات.

(مەسروور بارزانی) تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە رێکارە سەربازییەکان و توندوتیژیی رەتکردووەتەوە و پەنای بۆ ئامراز و رێگە دیموکراتیکەکان بردووە، کە ریفراندۆمیش یەکێک بووە لەمانە، بەڵام بەداخەوە لەم دەڤەرەدا هێشتا زەمینەی قبووڵکردنی ئەم ئامرازانە لەبار نییە.

(مەسروور بارزانی) ئاواتی خواست، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار بن بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ریشەیی چارە بکرێن بۆ ئەوەی زەمینەی سەرهەڵدانی توندووتیژی لەناو ببردرێت. لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم گوتیشی، "هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە یەکریزی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە و بەرگری لە مافە دەستووریەکانی هاووڵاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم دەکات."

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌