2017-12-05

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوابەدوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا و ئاماژەی بە سەردانەكەیان بۆ فڕەنسا و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتەدا كرد.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی كانوونی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆكی فڕەنسا دووپاتمان لەسەر ئەو خاڵانە كردەوە كە پێویستە بۆ چارەسەری كێشەكان و داوامان كردووە دەستوورێكی گشتی جێبەجێ‌ بكرێت و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان بگەڕێتەوە.

باسی لەوەیش كرد كە فڕەنسا دەسپێشخەری بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و چاوەڕوانی قۆناغەكانی داهاتوو دەكەین و دواتر لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و حزبەكان قسەی لەسەر دەكەین.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئەمڕۆ پێشوازیمان كرد لە پارێزگاری نوێی سلێمانی كە سوێندی یاسایی خوارد و دووپاتی دەكەینەوە كە پشتگیری دەكەین و هیوادارین بتوانێ‌ خزمەتێكی باش بە خەڵكی سلێمانی بكات".

سەرۆكی حكوومەت ڕوونی كردەوە كە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بوو بە شرۆڤەكردنی ڕاپۆرتێك لەبارەی دۆخی ئاوارەكانی خورماتوو و ناوچەكە، بۆیە داوا دەكەین كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە هێڵ و هاوكاریی ئەو ئاوارانە بكەن و مەلەفێكیش بۆ پێشێلكارییەكان بكەنەوە كە لە خورماتوو ئەنجام دراوە.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، زیاتر لە 100 هەزار كەس ئاوارە بوون كە تا ئێستە هیچ هاوكارییەك نەكراون لەلایەن ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی یەكڕیزیی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی كرد لە بەغدا كە بەرانبەر پڕۆژە بودجەی ساڵی 2018ی عێراق و هەوڵ دەدەن ڕێ نەدرێت بەشێوەیەكی نادەستووری تێپەڕێنرێت.

لەبارەی سەردانی گەشتی سەرۆكی حكوومەت لە توركیاوە بۆ فڕەنسا گوتی، خۆشحاڵ دەبووم ئەگەر بمتوانیایە لە عێراقەوە گەشتەكەمان بكەین، بەڵام نەمانتوانی لەگەڵ ئەوەشدا پێوەندیی ئێمە لەگەڵ توركیا بەردەوامە.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتووی كوردستان گوتی، تا ئێستە هیچ گفتوگۆیەك لە نێوان هەولێر و بەغدادا نییە و ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و ئامانجمان گفتوگۆیە.

لەبارەی كردنەوەی دەروازە سنوورەكان لەلایەن ئێرانەوە سەرۆكی حكوومەت ڕای گەیاند، ئێران تا ئێستە دوو دەروازەی نەكردووەتەوە، بەڵام قسە و گفتوگۆ لە نێوانماندا هەیە و داخستنی دەروازەكان هیچ بیانوویەكی نەماوە و پێویستە كارە بازرگانییەكان بەردەوام بێ لەگەڵ ئێران.

لێدوانەكەی نێچیرڤان بارزانی دوابەدوای سەردانی شاندی حكوومەت بۆ فڕەنسا دێت كە مەبەست لە سەردانەكە كردنەوەی دەرگەی گفتوگۆ بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام تا ئێستە هیچ گفتوگۆیەك لە ئارادا نییە.
 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌