2017-12-05

سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی فەڕەنسا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە پێویستیان زانی کە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ چارە بکرێ و لەسەر ئەو پرسە رێککەوتن.

بەگوێرەی راگەیاندراوێکی کۆشکی سپی ئەمەریکا، ئەمڕۆ پێوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترامپ) و سەرۆکی فەڕەنسا (ئیمانوێل ماکڕۆن) ئەنجام درا.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی کۆشکی سپی، سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترامپ) و سەرۆکی فەڕەنسا (ئیمانوێل ماکڕۆن) رێککەوتن کە پێویستە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکانیان بەرێگەی دیالۆگ چارە بکرێت.

کۆشکی سپی دەڵێ، هەردوو سەرۆک سەبارەت بە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناویندا گفتوگۆیان کردووە و تێیدا تەئکید لەسەر هاوپەیمانێتیی نێوان فەرەنسا و ئەمەریکا بۆ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریکا کرایەوە و، ئەو هاوپەیمانێتییەی نێوانیان بە گرینگ وەسف کرد.

ئەم پێوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان (ترامپ) و (ماکڕۆن) دوای ئەوە دێ کە سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بە یاوەری جێگری سەرۆکوەزیران (قوباد تاڵەبانی) لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی فەڕەنسا داوای لە عێراق کرد کە دەبێ پابەندی دیالۆگ بێت و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و هەروەها ملیشیاکانیش بە حەشدی شەعبییەوە لە عێراقدا نەمێنن.

هەروەها سەرۆکی فەرەنسا داوای کرد کە دەبێ لە عێراقدا سەرجەم مافەکانی کورد گرەنتی بکرێ و دەستووریش بە کۆی ماددەکانییەوە جێبەجێ بکرێت. هەر دوای دیدارەکە سەرۆکی فەرەنسا پێوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و دوای لێکرد کە دەبێ پابەندی دیالۆگ بێت. ئەمڕۆیش سەرۆکی فەرەنسا پێوەندیی بە سەرۆکی ئەمەریکا کرد و بۆ هەمان پرس داوای لێ کردووە کە دەبێ کێشەی کورد لە عێراقدا بە دیالۆگ چارە بکرێ.

فەڕەنسا لە ئێستادا لەدوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، تاکە دەوڵەتی نێو یەکێتیی ئەورووپایە کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییە و بە پاڵپشتیی ئەڵمانیا لە نێو یەکێتیی ئەورووپا لە ئێستادا قسەی یەکەم بە ناوی ئەورووپا دەکات.

پاڵپشتیی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان هەم لە نێو یەکێتیی ئەورووپا و هەمیش لە نێو ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیی گرینگی زۆری هەیە و بەگوێرەی شڕۆڤەی چاودێرانی نێودەوڵەتیش ئەگەر بێت و فەڕەنسا هەوڵەکانی بۆ چارەکردنی کێشەی کورد لە عێراقدا بە دیالۆگ سەرنەگرێ و بەغدا گوێی پێنەدات، ئەوا رەنگە فەڕەنسا پەنا بۆ ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی ببات و لەوێدا بە فەرزی نێودەوڵەتی رێگەی دیالۆگ بە فەرمیی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌