2017-12-04

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری نوێی سلێمانی ده‌ستبه‌كاربوو، سبه‌ی سێ شه‌ممه‌ش له‌ به‌رده‌م سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی ده‌خوات.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری نوێی سلێمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ، وه‌ك پارێزگاری سلێمانی، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگ و ئیراده‌ی ئێوه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كان و متمانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی و دوای ته‌واوبوونی هه‌موو رێككاره‌ یاسایی و كارگێڕییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ پشتیوانیی خودا و هیمه‌تی هه‌موولایه‌ك، به‌ فه‌رمیی وه‌ك خزمه‌تكارو پارێزه‌ری سلێمانی، ده‌ستبه‌كاره‌كانمان ده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی: به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كیی و ستراتیژیی ئێمه‌ ئه‌و هێڵه‌ گشتیانه‌ن كه‌ به‌پێی سێكته‌ره‌ جیاجیاكان له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا، به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن په‌سه‌ندكراون.
 گوتیشی: كاری له‌ پێشینه‌مان هه‌وڵدانه‌ بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان.
دوێنی یه‌ك شه‌ممه‌ 3-12-2017 دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سه‌ردانی دیوانی پارێزگای هه‌ولێری كرد له‌لایه‌ن نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر و عه‌لی ڕه‌شید سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و تاهیر عه‌بدوڵا جێگری پارێزگار پێشوازی لێ كرا .

له‌دیداره‌كه‌دا پارێزگاری هه‌ولێر هه‌موو پشتیوانییه‌كی خۆی بۆ پارێزگاری تازه‌ی سلێمانی ده‌ربڕی و پارێزگاری تازه‌ی سلێمانیش جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو پارێزگاره‌كانی كوردستان پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی ته‌واویان هه‌بێت ، پێویسته‌ ئه‌زموونی هه‌ر لایه‌ك ببێته‌ سود بۆ لایه‌كی تر .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌