2017-12-03

موحسین خالیدی

مێژوو دادپەروەرترین حاكمی‮ ‬جیهانە و شاراوەترین راستییەكان ئاشكرا دەكات‮. ‬بۆیە لەو كاتانەی‮ ‬لە شەوەزەنگی‮ ‬نەهامەتی‮ ‬و تاریكترین رۆژانی‮ ‬بێكەسیدا نوقم بووین،‮ ‬پێویستە بە بێ دڕدونگی،‮ ‬پەنا بۆ لاپەڕەكانی‮ ‬مێژوو ببەین‮. ‬مێژووی‮ ‬راستەقینە،‮ ‬نەك ئەو مێژووەی‮ ‬دەسەڵاتداران لە بەرژەوەندیی‮ ‬خۆیان نووسیویانەتەوە‮. ‬

مێژووی‮ ‬سەد ساڵی‮ ‬رابردووی‮ ‬كورد ئاشكراترین رۆژانی‮ ‬ژیانی‮ ‬ئەم میللەتەیە كە پڕە كە سەركەوتن و شكست و خیانەت‮. ‬چ خیانەتی‮ ‬ناوخۆیی،‮ ‬چ خیانەت و پشتتێكردنی‮ ‬وڵاتانی‮ ‬زلهێز‮. ‬لە نێوان كۆماری‮ ‬كوردستان لە مەهاباد تا رۆژانی‮ ‬دوای‮ ‬رێفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی‮ ‬لە باشووری‮ ‬كوردستان زیاتر لە‮ ‬70‮ ‬ساڵ تێپەڕدەبێ‮. ‬دوو خاڵی‮ ‬سەرەكی‮ ‬لەو دوو رووداوەدا هاوبەشن‮. ‬

یەكەم‮: ‬لە هەردوو لادا خیانەتی‮ ‬ناوخۆیی‮ ‬بووە هۆی‮ ‬لاوازیی‮ ‬كاتیی‮ ‬نیشتمانپەروەران‮. ‬

دووهەم‮: ‬لە هەر دوولادا،‮ ‬وڵاتانی‮ ‬زلهێز لەكاتی‮ ‬پێویست،‮ ‬پشتیان لە كورد كرد‮. ‬لە كۆماری‮ ‬كوردستان لە مەهاباد،‮ ‬رووسیا و لە باشووری‮ ‬كوردستان ئەمەریكا‮. ‬

لێكدانەوەی‮ ‬زۆر بۆ ئەو خیانەتە ناوخۆ و دەرەكییانە كراوە و من ناپرژمە سەریان،‮ ‬بەڵام ئەوەی‮ ‬لەم چەند مانگەی‮ ‬دوایی‮ ‬خۆی‮ ‬نواند،‮ ‬هەڵوێستی‮ ‬لایەنەكانی‮ ‬ناوخۆ و وڵاتانی‮ ‬بیانی‮ ‬لەمەڕ‮ ‬بارودۆخی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بوو كە لە نێویاندا فەرەنسا و رووسیا خاوەن هەڵوێستێكی‮ ‬باش بەرامبەر بە كورد بوون‮. ‬من بەشبەحاڵی‮ ‬خۆم زۆر بە رووسیا گەشبین نیم،‮ ‬چون لە كێبەڕكێ لەگەڵ ئەمەریكا ئامادەیە زۆر شت بە كوردیشەوە بكاتە قوربانی،‮ ‬بەڵام فەرەنسا دوای‮ ‬بانگهێشتكردنی‮ ‬بەڕێز نێچیرڤان بارزانی‮ ‬سەرۆكی‮ ‬ئەنجوومەنی‮ ‬وەزیرانی‮ ‬حكومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بۆ كۆشكی‮ ‬ئەلیزێ،‮ ‬دووپاتیكردەوە كە لەسەر هەڵوێستە ئەرێنییەكانی‮ ‬سوورە و تەنیا لە چوارچێوەی‮ ‬لێدوانی‮ ‬میدیایی‮ ‬نییە‮. ‬بۆیە پێویستە لەم بارودۆخە ناسكەدا،‮ ‬سەركردایەتیی‮ ‬سیاسیی‮ ‬كورد خوێندنەوەیەكی‮ ‬جدی‮ ‬و نوێ سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی‮ ‬بكاتەوە‮. ‬

كاتی‮ ‬ئەوەیە بزانین هاوپەیمانە راستەقینەكان و هاوڕێیانی‮ ‬كاتی‮ ‬تەنگانەمان كێن‮. ‬ئەمەریكا وێرای‮ ‬تەواوی‮ ‬هاوكارییەكانی‮ ‬لە كاتی‮ ‬شەڕی‮ ‬دژ بە داعش،‮ ‬لە دوای‮ ‬ریفراندۆم سەلماندی‮ ‬كە چیتر جێی‮ ‬متمانەی‮ ‬كورد نییە،‮ ‬بەتایبەت كە لە دوای‮ ‬خیانەتەكەی‮ ‬كەركووك و كوشتار و ماڵوێرانیی‮ ‬كورد و بڕیارە لەخۆباییەكانی‮ ‬عەبادی،‮ ‬دیسان بە پارێزەوە قسە دەكات و چاوی‮ ‬خۆی‮ ‬لە ئاست خوێنڕشتن و برسییكردنی‮ ‬كورد داخستووە‮. ‬بۆیە دەكرێ ئەم هەڵوێستەی‮ ‬فەرەنسا وەك دەلاقەیەكی‮ ‬نوێ بۆ خۆنزیككردنەوەی‮ ‬زیاتر‮ (‬نەك پشتبەستن‮) ‬لە بواری‮ ‬سەربازی‮ ‬و داڕشتنەوەی‮ ‬بناخەی‮ ‬ئابووری‮ ‬و گەشەی‮ ‬كۆمەڵایەتی‮ ‬و‮.. ‬لەگەڵ پاریس لەبەرچاوبگرین و بە ئەزموون وەرگرتن لەو وانانەی‮ ‬مێژوو پێمان دەڵێتەوە،‮ ‬هەنگاوی‮ ‬نوێ بەرەو سەربەخۆیی‮ ‬هەڵبگرین‮. ‬

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌