2017-11-28

سەلام عەبدوڵڵا

گومان لەوەدا نییە كە حكوومەتی عێراقی و هەندێك لایەن، لە پێناو چەواشەكردنی خەڵكیدا، پەنا دەبەنە بەر ئەوەی گوایە ئەم هێرشە سەرتاسەرییە كرایە سەر هەرێم لە ئەنجامی ریفراندۆم بوو. بەڵام راستییەكان ئێستا وردە وردە ئاشكرا دەبن، ئەگەرچی ئەم راستییانە سەركردایەتی سیاسی هەرێم و شەخسی سەرۆك بارزانی، بەپێی جموجۆڵەكانی حكوومەت لە بەغدا و سیاسەتی ئاشكرای دژ بە هەرێم لە هەموو بوارەكاندا و هەوڵی گەمارۆ و برسیكردنی هەرێم، ئاماژەی دیار و روون بوون كە نەیدەتوانی پیلانەكانی حكوومەت بشارێتەوە، هەموو ئەوانە دەزانرا، هەربۆیەش بۆ رێگەگرتن لەو پیلانە و داڕشتنی داهاتوویەكی رووناك بۆ هەرێم، پەنا بۆ ریفراندۆم برا كە خواستێكی دێرینی ئەم گەلە بوو كە بە بێ خواستی خۆی بە عێراقەوە لكێندرا، بەڵكوو لەو رێگەیەوە شكست بە پیلانەكانی حكوومەت و دەورووبەر بهێنێت، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بگەڕێتەوە بۆ هەرێم.
فەرموون لە 25/9 دا ریفراندۆم دەكرێ، بەڵام پێش ئەوە ‌حكوومەتی عێراق رێككەوتننامەیەك لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی مۆر دەكات كە لەمەودوا دەرهێنان و زیادكردن و گواستنەوە بۆ توركیا بەوان بسپێردرێ، ئەمە لەكاتێكدا كەركووك و ئەو بیرە نەوتانە لە ژێر چاودێری هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستاندا بوو.
فەرموون عێراق پێش رێفراندۆم هەوڵی ئەوە دەدات كە بۆڕییەكی نەوت لە كەركووكەوە ببەستێتەوە بە ئێران و لەو رێگەیەوە نەوت رەوانەی دەرەوە بكات.
بۆیە بەكارهێنانی پاساوی ریفراندۆم لەلایەن عێراقەوە هیچ بنەمایەكی نییە، بەتایبەتی ئێستا كە هەرێم قایل بووە بە سڕكردنی ریفراندۆم، بەڵام حكوومەت رۆژ لەدوای رۆژ داواكانی زیاتر دەبێت، كە مەبەست لێی كۆنترۆڵكردنی هەموو هەرێمە بەتایبەتی كە داوای خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان دەكات، كە رادەستی حكوومەت بكرێ و ئەوەشی كردۆتە مەرجی پێش دانوستاندن لەگەڵ هەرێمدا، بۆیە داواكانی حكوومەت هەر مەبەستی ئەوەیە دەسەڵاتەكانی هەرێم بەڕادەیەك كەم بكاتەوە كە ناوەڕۆكی فیدڕاڵی پێوە نەمێنێت، چونكە ئاماژەكان هەر بۆ ئەوە دەچن كە هەوڵی ئەوە دەدات بە تەواوی سیستەمی فیدڕاڵی نەهێڵن و حكوومەت جارێكیتر بگەڕێتەوە بۆ دۆخی مەركەزییەت كە گەلەكەمان و گەلانی عێراق دەیان ساڵ لە پێناو گۆڕینی ئەو سیستەمەدا خەباتیان كرد و قوربانی زۆریشیان – بەتایبەتی گەلی كورد- لە پێناویدا بەخشی. بۆیە دەڵێین ریفراندۆم كرابا یان نەكرابا، ئەم پیلانە دژی هەرێم هەر جێبەجێ دەكرا.
لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێین ئەم پیلانە هەرگیز بەوشێوەیە جێبەجێ نەدەبوو، گەر دەستێك لەناوخۆدا پەلكێشی هەرێمی نەكردبان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌