2017-11-19

بە مەبەستی‮ ‬گەیاندنی‮ ‬پەیامی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستان،‮ ‬بە كونسوڵ و نوێنەرانی‮ ‬وڵاتان لە هەرێمی‮ ‬كوردستان سەبارەت بە پێشێلكارییە دەستوورییەكانی‮ ‬حكومەتی‮ ‬فیدڕالیی‮ ‬عێراق بەرامبەر بە هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬سەعات‮ ‬10ی‮ ‬پێشنیوەڕۆی‮ ‬پێنجشەممە‮ ‬16/11/2017 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی،‮ ‬جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستان،‮ ‬بە ئامادەبوونی‮ ‬خاتوو بێگەرد تاڵەبانی،‮ ‬سكرتێری‮ ‬پەرلەمان و پەرلەمانتاران زانا عەبدولڕەحمان،‮ ‬سەرۆكی‮ ‬لیژنەی‮ ‬پەیوەندییەكان لە پەرلەمانی‮ ‬كوردستان و محەمەد عەلی‮ ‬یاسین،‮ ‬ئەندامی‮ ‬لیژنەی‮ ‬كاروباری‮ ‬كۆمەڵی‮ ‬مەدەنی‮ ‬لە پەرلەمانی‮ ‬كوردستان و ژمارەیەك لە راوێژكارانی‮ ‬پەرلەمان،‮ ‬لە هۆتێل رۆتانا لە شاری‮ ‬هەولێر لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری‮ ‬وڵاتان لە هەرێمی‮ ‬كوردستان كۆبوونەوە‮. ‬

لە كۆبوونەوەكەدا جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستان وێڕای‮ ‬دەربڕینی‮ ‬سوپاسگوزاریی‮ ‬خۆی‮ ‬بۆ كونسوڵ و نوێنەرانی‮ ‬وڵاتان لە هەرێمی‮ ‬كوردستان بۆ ئامادەبوونیان،‮ ‬لە وتەیەكدا مەبەستی‮ ‬ئەنجامدانی‮ ‬ئەو كۆبوونەوەیەی‮ ‬بۆ ئامادەبووان روونكردەوە و رایگەیاند‮: ‬ئێمە لە دەستەی‮ ‬سەرۆكایەتی‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستان و لە سەر پێشنیاری‮ ‬زۆربەی‮ ‬فراكسیۆنەكان،‮ ‬بە پێویستمان زانی‮ ‬ئەم دانیشتنە تایبەتە لەگەڵ ئێوەی‮ ‬بەڕێز‮ ‬ڕێكبخەین،‮ ‬بۆ ئەوەی‮ ‬لە نزیكەوە لە سەر ژمارەیەك لە پرسی‮ ‬هەنووكەیی‮ ‬و گرینگ،‮ ‬كە جێگەی‮ ‬بایەخی‮ ‬هاوبەشی‮ ‬ئێمەن،‮ ‬بیروڕا ئاڵوگۆڕ‮ ‬بكەین‮. ‬هەروەها ستایشی‮ ‬ئەرك و هەوڵ و ماندووبوونی‮ ‬كونسوڵ و نوێنەرانی‮ ‬وڵاتانی‮ ‬لە هەرێمی‮ ‬كوردستان كرد بۆ هاوكاری‮ ‬و پشتیوانیی‮ ‬وڵاتەكانیان بۆ هێزی‮ ‬پێشمەرگەی‮ ‬كوردستان لە شەڕی‮ ‬دژ بە داعش و هاوكاریكردنی‮ ‬ئاوارەكان و سەرجەم بوارەكانی‮ ‬دیكە و رایگەیاند‮: ‬بەردەوامیی‮ ‬ئێوەی‮ ‬بەرێز لە كارەكانتان لە هەرێمی‮ ‬كوردستان مایەی‮ ‬خۆشحاڵی‮ ‬و ستایشی‮ ‬خەڵكی‮ ‬كوردستانە و ئاماژەیەكی‮ ‬دیارە بۆ پێگەی‮ ‬دەستووری‮ ‬و‮ ‬یاسایی‮ ‬و سیاسی‮ ‬و ئابووریی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬بۆیە داوا دەكەین هەبوونی‮ ‬ئێوە بەردەوام بێت و بەهێزتریش بكرێت‮. ‬

هەر لەوتەكەیدا جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬پەرلەمان باسی‮ ‬لە بارودۆخی‮ ‬سیاسیی‮ ‬ئەمڕۆی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان و عێراق و پەیوەندییەكانی‮ ‬نێوان حكومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان و حكومەتی‮ ‬فیدڕالیی‮ ‬عێراق و پێشێلكارییە دەستووری‮ ‬و‮ ‬یاساییەكانی‮ ‬بەغدا دژ بە هەرێمی‮ ‬كوردستان كرد لە دوای‮ ‬ئەنجامدانی‮ ‬ریفراندۆم و رایگەیاند‮: ‬بەداخەوە لە دوای‮ ‬گشتپرسی‮ ‬خەڵكی‮ ‬كوردستان بینیمان چۆن هێزی‮ ‬لەشكریی‮ ‬و فشاری‮ ‬ئابووریی‮ ‬دژی‮ ‬ئیرادەی‮ ‬گەلی‮ ‬كوردستان بەكارهێنراو باری‮ ‬سیاسییش زیاتر لە جاران ئاڵۆزبوو و پەیوەندییەكانی‮ ‬نێوان هەولێرو بەغدا كەوتوونەتەوە سەر لێواری‮ ‬هەرەسهێنان و پرۆسەی‮ ‬دیموكراسیش بەرەو دواوە هەنگاوی‮ ‬نا‮. ‬

جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬پەرلەمان،‮ ‬جەختی‮ ‬لەسەر چارەسەركردنی‮ ‬كێشەكان لە چوارچێوەی‮ ‬دەستووری‮ ‬عێراقدا كردەوە و ئاماژەی‮ ‬بە هەوڵەكانی‮ ‬حكومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان و پەرلەمانی‮ ‬كوردستان كرد بۆ دەستپێكردنی‮ ‬گفتوگۆیەكی‮ ‬راشكاوانە لەگەڵ حكومەتی‮ ‬فیدڕالیی‮ ‬عێراق بۆ دۆزینەوەی‮ ‬چارەسەرێكی‮ ‬بنەڕەتی‮ ‬بۆ سەرجەم كێشەكان و رایگەیاند‮: ‬ئێمە هەمیشە داوای‮ ‬دانووستاندنمان كردووە،‮ ‬بەڵام بەغدا بەردەوام مەرجی‮ ‬پێشوەخت دادەنێت و كۆسپ بەرامبەر دانووستاندن لەگەڵ هەرێمی‮ ‬كوردستان دروست دەكاتەوە‮. ‬سەبارەت بە كێشەی‮ ‬بودجە و شایستە داراییەكانی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان و كێشە دەستوورییەكان لەگەڵ بەغدا،‮ ‬جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬پەرلەمان جەختی‮ ‬لەسەر پێویستیی‮ ‬دۆزینەوەی‮ ‬چارەسەرێكی‮ ‬بەپەلە و خێرا بۆ ئەو كێشانە كردەوە و رایگەیاند‮: ‬تائێستا بەغدا بە ناڕەوا مامەڵەی‮ ‬لەگەڵ ئەم بابەتە كردووەو ناكرێت چیتر ئەو نادادپەروەرییە بەردەوام بێت‮. ‬هەروەها جەختی‮ ‬لەسەر پێویستیی‮ ‬پەلەكردن لە پەسەندكردنی‮ ‬یاسای‮ (‬المجلس الاتحادی‮) ‬كردەوە،‮ ‬بۆ ئەوەی‮ ‬ببێتە گەرەنتی‮ ‬بۆ گشت پێكهاتەكانی‮ ‬عێراق،‮ ‬عێراقێك كە لە سەر بنەمای‮ ‬شەراكەت و تەوافوق بنیادبنرێتەوە‮. ‬لە كۆتایی‮ ‬وتەكەشیدا جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬پەرلەمان،‮ ‬داوای‮ ‬لە كونسوڵ و نوێنەری‮ ‬وڵاتان كرد كە هاوكاربن و بەشێك بن لە چارەسەر‮. ‬

دواتر خاتوو بێگەرد تاڵەبانی‮ ‬سكرتێری‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستان لە وتەیەكدا باسی‮ ‬لە كارو چالاكییەكانی‮ ‬پەرلەمان كرد دوای‮ ‬دەستبەكاربوونەوەی‮ ‬و رایگەیاند‮: ‬ئەوەی‮ ‬كە لە رابردوودا بەسەر پەرلەمان داهات و بووەهۆی‮ ‬پەكخستنی‮ ‬خواستی‮ ‬هیچ لایەكمان نەبووە و پێویستە پەرلەمان بە ئەركەكانی‮ ‬خۆی‮ ‬هەڵبستێت‮. ‬هەروەها باسی‮ ‬لە پرسی‮ ‬ریفراندۆم كرد و بە مافێكی‮ ‬رەواو دیموكراسییانەی‮ ‬زانی‮ ‬بۆ هەر گەلێك بۆئەوەی‮ ‬بڕیار لە چارەنووسی‮ ‬خۆی‮ ‬بدات و ئەنجامدانی‮ ‬ریفراندۆمیشی‮ ‬بە پێشێلكردنی‮ ‬دەستوور نەزانی‮ ‬و پێی‮ ‬وابوو كە دەرئەنجامەكانی‮ ‬دەبنەهۆی‮ ‬دەستپێكردنی‮ ‬دانووستاندن لەگەڵ حكومەتی‮ ‬ناوەند بۆ چارەسەركردنی‮ ‬كێشەكان نەوەك قووڵكردنەوەیان و فشار خستنە سەر هەرێمی‮ ‬كوردستان و جەختی‮ ‬لەسەر پێویستیی‮ ‬چارەسەركردنی‮ ‬كێشەكان لە چوارچێوەی‮ ‬دەستووری‮ ‬عێراقدا كردەوە‮. ‬

سكرتێری‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستان ئەوەشی‮ ‬راگەیاند كە ئەو هەنگاوانەی‮ ‬حكومەتی‮ ‬عێراق بەرامبەر هەرێمی‮ ‬كوردستان ناویەتی‮ ‬پێشێلكردنێكی‮ ‬تەواوی‮ ‬دەستوورە بۆیە پەرلەمانی‮ ‬كوردستان لە دانیشتنی‮ ‬چوارشەممەدا‮ ‬18 راسپاردەی‮ ‬دەركرد سەبارەت بە پێشلكارییە دەستوورییەكان لەلایەن بەغداوە و رایگەیاند‮: ‬پێمان وایە مانەوەی‮ ‬دۆخەكە بەمجۆرە لە بەرژەوەندیی‮ ‬گەلانی‮ ‬عێراقدا نییە بەتایبەتی‮ ‬گەلی‮ ‬كورد،‮ ‬لە دەستووردا سەرجەم مافە دەستوورییەكانی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان دیاری‮ ‬كراوە و پێویستە حكومەتی‮ ‬عێراق بەپێی‮ ‬دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی‮ ‬كوردستاندا بكات‮. ‬لە كۆتایی‮ ‬وتەكەیدا سكرتێری‮ ‬پەرلەمانی‮ ‬كوردستان داوای‮ ‬لە كونسوڵ و نوێنەری‮ ‬وڵاتان لە هەرێمی‮ ‬كوردستان كرد كە رۆلیان هەبێت لە هەرچی‮ ‬زووتر دەستپێكردنی‮ ‬دانووستاندن و دانانی‮ ‬سنوورێك بۆ پێشێلكارییە دەستوورییەكانی‮ ‬حكومەتی‮ ‬عێراق‮. ‬

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌