2017-11-14

لە دژی کەرکووک و خورماتوو، ھۆشداری دەدرێت لە پیلانێکی حکوومەتی عێراق و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت "ئەوەی دەکرێت پیلانێکی مەترسیدارە لەدژی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک".
سەڵاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەغدا و دەوڵەتی یاسا، دەیانەوێت سەرجەم پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک و خورماتوو پڕ بکەنەوە و کەسانی خۆیان لە پۆستەکان دابنێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بەھێزی کورد لەو ناوچانە کەم بکەنەوە و فشاریان لەسەر دروست بکەن".
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیانی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە لەکاتێکدا مەترسی ئەوەش دەکرێت کە بەھۆی دەرکردنی کورد لە پۆستە ئەمنییەکان ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.
گوتیشی: "ئەوەی دەکرێت پیلانێکی مەترسیدارە لەدژی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک، حکوومەتی عێراق دەبێت خۆی وەڵامی ئەو مەترسییە بداتەوە".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌