2017-11-13

دەستەى سەرۆكایەتیى پەرلەمان و فراكسیۆنە كوردییەكانى پەرلەمانى عێراق و  فراكسیۆنەكانى پەرلەمانى كوردستان لە کۆبوونەوەیاندا جەخت دەكەنەوە، كە هەوڵەكان بۆ دانوستانێكى ڕاشكاو و بەرهەمدار پەلەی لێ بكرێت و لە حاڵەتى ئامادەنەبوونى حكوومەتى عێراق بۆ دانوستان و چارەكردنى كێشەكان لە چوارچێوەى دەستووردا بژاردەى كشانەوە لە پرۆسەى سیاسیی عێراق بابەتێكى كراوەیە و هەر لە ئێستاوە كۆدەنگیى بۆ دەستەبەر بكرێت.

رۆژى دووشەممە كاتژمێر١١ى پێشنیوەرۆ كۆبوونەوەیەكى هاوبەشی سەرۆكایەتیى پەرلەمانى كوردستان و فراكسیۆنە كوردییەكانى پەرلەمانى عێراق و فراكسیۆنەكانى پەرلەمانى كوردستان بەڕێوە چوو.

دوابەدواى تاوتوێكردنى كۆی دۆخەكە و ئەو هەنگاوانەى كە پێویستن بگیرێنەبەر لە چارەسەركردنى كێشەكان و هەماهەنگىی تەواوەتى هەردوولا بۆ ئەم مەبەستە ئەم خاڵانەى خوارەوە جەختیان لێ كرایەوە:

١-‌ لە پێناو بەهێزكردنى پێگەى كورد و گەلی كوردستان لە ئاستى عێراقدا، هەماهەنگى  تەواوەتى و یەكگوتارى فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێویستە هەرچی زووە دەستەبەرى یەكڕیزیى میللەكەمان بكرێت و دەرفەت بۆ هیچ جۆرە هەوڵ و هەنگاوێك نەهێڵدرێتەوە، كە ببێتە هۆى لاوازیى گوتارى گەلی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا پەرلەمانى كوردستان ئەوپەڕى تواناكانى دەخاتە گەڕ.

٢- پێویستە هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە كە حكوومەتى هەرێمى كوردستان ڕێكارى یاسایی و پەیوەندییەكانى لە ئاستى نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بخاتەگەڕ لەگەڵ حكوومەتى عێراقی فیدراڵدا بۆ پاراستنى مافی گەلەكەمان و شایستە داراییەكانى و پشكى ١٧%ى بوودجە كە ڕێکكەوتنى لەسەر كراوە پێشتر، بۆ ئەم مەبەستەش توانا و پێگەى نوێنەرانى گەلى كوردستان لە بەغدا لە هەر ئاست و پلەیەكدا بن بەكار بهێنرێت لە پێناوى دەستەبەركردنى ژیان و گوزەرانێكى شایستە بۆ خەڵكى كوردستان، لەم ڕووەشەوە حكوومەت سەرپشك دەبێت لە هەر جۆرە ڕێکكەوتنێك كە پێویست بكات.

٣- هەنگاوەكانى پەرلەمان و حكوومەتى فیدراڵى عێراق لە تێپەراندنى هەر جۆرە یاسا و بڕیارێك كە پێشێلی دەستوور و ڕێكکەوتنەكانى نێوان حكوومەتى هەرێم و حكوومەتى فیدڕاڵى بكات ڕەت دەكەینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە مەبدەئی تەوافق كارى پێ بكرێت و ڕۆڵى فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەگشتى بخرێتەگەڕ تا مافی گەلی كوردستان لە چوارچێوەى یاسا و دەستووردا پارێزراو بێت.

٤- پێویستە حكوومەتى هەرێمى كوردستان لە ئەنجامدانى دانوستانەكاندا زانیارى و سەرنجى نوێنەرانى گەلی كوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە هەند وەربگرێت و ڕاوێژ و هەماهەنگیى تەواویان هەبێت.

٥- ناوچە جێناكۆكەكان دووچارى دۆخێكى نەخوازراو بوونەتەوە بە هۆى ئەو پێشێلكارى و تاوانانەى لە ڕووداوەكانى ئەم دواییانەدا بەسەریاندا هاتووە، بۆیە لە پێناو بەدواداچوونى ورد و مەیدانى و كۆكردنەوەى زانیاریى تەواو بە دۆكیۆمێنتكردنى هەردوولا هاوكار و هەماهەنگیى تەواوى یەكترى دەكەن لەسەر كۆى ئەو گرفتانەى بە هۆى ئەم دۆخەوە دووچارى دانیشتوانەكانى بووەتەوە لە سەرجەم ناوچەكان، چارەسەرى بەپەلەش خۆى لە ئاساییكردنەوەى دۆخەكە و ڕێكکەوتنى بەپەلە و قەرەبووكردنەوەى تەواوى زیانلێكەوتووانى ئەو ناوچانە دەبینێتەوە، تا ئەو كاتەى چارەنووسیان بە پێى دەستوور یەكلا دەبێتەوە، هەر لەم سۆنگەیەشەوە زیاتر لە ڕابردوو پێویستمان بە ڕۆڵى نوێنەرانى گەلى كوردستانە بۆ جێبەجێكردنى ماددەى١٤٠ و كاراكردنەوەى هەنگاوەكانى ئەم ماددەیە.

٦- پەرلەمانى كوردستان پاڵپشتیى تەواوى فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكات بەگشتى، لە هەمان كاتدا داكۆكیى تەواویش لەو ئەندام پەرلەمانە بەرێزانە دەكات، كە كەوتوونەتە بەر هەڕەشەى دادگاییكردن بە هۆى بەشداریكردنیان لە پڕۆسەى ڕیفراندۆمددا، كە مافێكى دیموكراتى گەلانە.

٧- جەخت دەكەینەوە كە هەوڵەكان بۆ دانوستانێكى ڕاشكاو و بەرهەمدار پەلەی لێ بكرێت و لە حاڵەتى ئامادەنەبوونى حكوومەتى عێراق بۆ دانوستان و چارەسەركردنى كێشەكان لە چوارچێوەى دەستووردا بژاردەى كشانەوە لە پرۆسەى سیاسیی عێراق بابەتێكى كراوەیە و هەر لە ئێستاوە كۆدەنگیى بۆ دەستەبەر بكرێت.
 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌