2017-11-12

 لە کۆبوونەوەی نێوان نووسینگەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە کاتییە پاڵپشتیکردنیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرینگ زانی.

پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌‌‌ ١٢/١١/٢٠١٧ نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كه‌ركووك–گه‌رمیان كۆ بووه‌وه‌.

سه‌ره‌تا (سەلاح ده‌ڵۆ)، به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركووك–گه‌رمیان وێڕای ده‌ستخۆشی و سوپاسگوزاری بۆ نووسینگه‌ی جه‌نابی جێگری سه‌رۆكی پارتی، كه‌ ئه‌و دیداره‌یان ڕێكخستبوو، ڕۆشنایی خسته‌ سه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌و دوواییانه‌ی كه‌ركووك و دووزخورماتوو و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تر و به‌ درێژی باسی له‌ باروودۆخی‌ سیاسی و پێشهات و گۆڕانكارییه‌كان كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ به‌ هۆی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوواییه‌ی كه‌ركووك و دووزخورماتوو و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تر ڕوویان له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی كردووه‌ و چۆنییه‌تی به‌هاناهاتنیان و سووككردنی موعانات و مه‌ینه‌تییه‌كانیان، به‌ تایبه‌تی ئه‌و هاوكاری و یارمه‌تییانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگاكان و خه‌ڵكی شاره‌كانەوە، به‌ تایبه‌تی شاری هه‌ولێر، كه‌ به‌شێك له‌ مه‌ینه‌تییه‌كانی سه‌ریان كه‌م كردووه‌ته‌وه‌.

پاشان (ته‌ها به‌رواری)، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی‌ به‌ ناوی جه‌نابی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كرد و سڵاو و ڕێزی جه‌نابی (سه‌رۆك بارزانی) و جه‌نابی (نێچیرڤان بارزانی)، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی پێ ڕاگه‌یاندن و خۆشحاڵیی خۆی و نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی به‌و دیداره‌ ده‌ربڕی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی تیشكی خسته‌ سه‌ر ڕه‌وش و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و دوا پێشهاته‌كان و ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوواییه‌ی شاری كه‌ركووك و باروودۆخی ئاواره‌كان و هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی باروودۆخه‌كه‌ و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی گفتوگۆ و وتووێژ له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و دواین هه‌ڵوێستی وڵاتانی زلهێز بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی كه‌ركووك و گه‌رمیان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تر و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ به‌ هۆی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوواییانه‌ی كه‌ركووك و دووزخورماتوو و ناوچه ‌كوردستانییه‌كانی تر ڕوویان له‌ شاره‌كانی تری كوردستان كردووه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی جه‌نابی جێگری سه‌رۆكی پارتی تیشكی خرایه‌ سه‌ر، كه‌ هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ك ده‌ده‌ن كه‌ هاوكاری و یارمه‌تی بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و ئاوارانه‌ بۆ به‌ هاناهاتنیان و سووككردنی موعانه‌ت و ئێش و ئازاره‌كانیان.

هه‌ره‌ها ته‌ئكید له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ قۆناغی ئێستادا به‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن ئه‌و بارودۆخه‌ تێده‌په‌ڕێت و كوردستانیان به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌دا زاڵ ده‌بن.

هه‌موو لایه‌ك پشتیوانی و پاڵپشتیكردن له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان به ‌گرینگ زانی، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ كاتییه‌ و له‌گه‌ڵ یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان و ته‌باییی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و بە وره‌به‌رزییه‌وه‌ گه‌لی كوردستان ده‌گاته‌ مافه‌ نه‌ته‌ویی و نیشتمانییه‌كانی، كه‌ ساڵیانی ساڵه‌ له‌ پێناویدا خه‌بات ده‌كات، به‌ تایبه‌تی كه‌ركووكی دڵی كوردستان، كه شارێكه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ درێژاییی شۆڕش و ڕاپه‌رینه‌كان، ته‌نانه‌ت بۆ ساتێك سازشی له‌سه‌ر نه‌كردووه‌ و هه‌میشه‌ جێگای بایه‌خی تایبه‌تی سه‌ركردایه‌تی و جه‌نابی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی پارتی بووه‌.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌