2017-11-08

دڵشاد مستەفا وەسانی

لە 100 ساڵی رابردوودا 27 ساڵ بۆ كورد لە هەرێمی كوردستان دۆخێكی جیاواز بووە، لەم ماوەیەدا لەگەڵ زیادبوونی ئومێد، دڵەڕاوكێی پاشەكشەش هەبووە، هۆی ئەمەش بۆ هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ناوخۆی كوردستان دەگەڕێتەوە، لێ دووەمیان بەلای خەڵكی كوردستانەوە ناسۆرترە، چونكە بەردەوام دوژمنانمان سوودیان لە كەلێنی نێوان هێزە سیاسییەكان وەرگرتووە، ناتەبایی گورزی كوشندەی لێداوین، لێنەگەڕاوە لەبەردەم گێژەڵوكەی رۆژگاردا، هەر لایە و بە پرۆژەیەكەوە، خۆی بۆ پرۆژەیەكی هەمەلایەنی كوردستانی ئامادە بكات، بەداخەوە بیرازكردنەوەی ناكۆكی، بارودۆخی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆ حزب دەقۆزێتەوە نەك نیشتمان.

هەر كاتێك خۆمان هەبووبین، دەرفەتیش باشتر و تا رادەیەك خێراتر هاتۆتەپێش، هەندێ جاریش تەبایی و یەكڕیزی كوردستان، ئیرادەی نێودەوڵەتی رۆڵی لە هاتنەكایەی هەبووە، راپەڕینی 1991 بە یەكگرتوویی كرا، بەرهەمەكەی دوای ساڵێك و دوو مانگ، هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە 1994 تا 1998 شەڕی ناوخۆمان كرد، رێككەوتنی واشنتۆن لە ئەیلوولی 1998 لە نێوان بارزانی و تاڵەبانی لەسەر دەستی مادلین ئۆڵبرایتی وەزیری دەرەوە ئیمزا كرا، بەمەش كۆتایی بە رەشترین رۆژگار هات و لاپەڕەی نوێ هەڵدرایەوە، دواتر زەمینەیەك رەخسا و دیسان كورد بە یەكگرتوویی لە رووداوەكانی 2003 ی كۆتایی هاتنی رژێمی سەدام و سەرەتای قۆناغێكی نوێ ئامادە بوو.

دەستمان بۆ گەورەترین پرۆژە برد، بەڵام دیسان ناكۆكیی حزبی پەندی پێكردین، خەڵكی كوردستان بە رێژەی نزیكەی 93% دەنگی بە سەربەخۆیی دا، بەڵام كە گەلەكۆمەكیی عێراق و ئێران و توركیا و تەنانەت سوریا لە سایەی بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەڕەشەكانی لە سەر زەوی جێبەجێ كرد، هەندێ لایەن خۆیان بە سەركەوتوو زانی و بزەیان كەوتە سەر لێوان، ئەمەیان بە شكستی كورد و غەدری گەورە لە نیشتمان نەزانی، بەڵكو بە كەوتنی پارتی و ئەو حزبانەیان لە قەڵەمدا كە پێیان وابوو ریفڕاندۆم ئامرازە بۆ سەربەخۆیی و داڕشتنی گوتارێكی یەكگرتووی پتەو.

ئەوەی تێبینی دەكرێ، ناوچەكە بەرەو دۆخێكی ناهەموار دەڕوات، راستە ئێمە لە 16 ی ئۆكتۆبەر، بە گەلەكۆمەی دەوروبەر، بەڵام بە تەقینەوەی رقی كۆنی ناكۆكیی حزبی لە كەركووك، خراینەوە ناو دەستورێك كە بەغدا خۆی لە جێبەجێكردنیدا دەدزێتەوە.

عێراق دەیەوێ كۆتایی بە هەرێمی كوردستان بێنێت، هێشتا ئەمەریكا و دەوڵەتانی دی ئیشیان بە ناوچەكە هەیە و خەریكی جێبەجێكردنی بەرنامەكانیانن، بەڵام هێدی هێدی، ئەو پەلە پەلییەی لە ئێمەیە لەوان نییە، ئێستا لەبەردەم گێژەڵوكەی رۆژگارداین، ئەوە دەوڵەتانی داگیركەر لە بۆسەدان، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانیشی لە جیهان و ناوچەكە، خەریكی خۆخڕكردنەوەن بۆ رووبەرووبوونەوەی ئێران، ئێمە لە حاڵەتێكداین ناتوانین سەیری رووداوەكان بكەین و خۆمان بێلایەن پیشان بدەین، وەگەڵ هەڵڵاش نەكەوین هەر دەبینە سووتەمەنی، بۆیە باشترە یەكگرتووبین و قسەیەكمان هەبێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌