2017-10-15

خه‌بات: ‬هاوار مورتكەیی

لالی‮ ‬بیبیلاشڤیلی‮ ‬كچە شەترەنجزانی‮ ‬جۆرجیا بەشێوەیەك سەیری‮ ‬شەترەنج دەكات كە جگە لە ئارەزوویەكی‮ ‬لە هەمان كاتیش پێی‮ ‬وایە ئەو‮ ‬یارییە بۆ ئەو ژیانە و كۆتاییەكەی‮ ‬دیار نییە و بەرفراوانییەكی‮ ‬تێدایە كە مرۆڤ دەتوانێت لە رێگایەوە بە خەون حەزەكانی‮ ‬بێنێتەدی،‮ ‬ئەگەرچی‮ ‬ئەو لەكاروانی‮ ‬ژیانی‮ ‬شەترەنجیدا دابڕانی‮ ‬بەخۆیەوە بینیوە،‮ ‬بەلام ئەمە نەبۆتە ئەوەی‮ ‬ئاستی‮ ‬دابەزیت و لە پاڵەوانێتییەكان داببڕێت‮.‬

لالی‮ ‬دڵی‮ ‬خۆی‮ ‬بۆ رۆژنامەی‮ ‬خەبات دەكاتەوە و وەڵامی‮ ‬هەموو ئەو پرسیارانە دەداتەوە كە ئاراستەی‮ ‬كراون،‮ ‬ئەو كچە لە‮ ‬30/12/1985 لە شاری‮ ‬رۆستاڤی‮ ‬وڵاتی‮ ‬جۆرجیا لە خێزانێكی‮ ‬شەترەنج دۆست لەدایك بووە،‮ ‬دایك و باوكی‮ ‬شەترەنجزان بووینە،‮ ‬بۆیە ئەویش رێچكەی‮ ‬باوكی‮ ‬دەگرێتەبەر و لەتەمەنی‮ ‬7 ساڵیدا دەست بە‮ ‬یاری‮ ‬شەترەنج دەكات،‮ ‬لالی‮ ‬بیبیلاشڤیلی‮ ‬تەمەن‮ ‬32 ساڵ دەڵێت‮: ‬لەبەر ئەوەی‮ ‬شەترەنج‮ ‬یارییەكی‮ ‬جێی‮ ‬سەرنج و بایەخ بووە و وەك ژیان سەیر كراوە،‮ ‬بۆیە هەوڵمدا خۆم فێری‮ ‬شەترەنج بكەم،‮ ‬ئەم دەرفەتەش بۆمن زۆر بەباشی‮ ‬هاتە پێشەوە و رەخسا چونكە باوك هەم‮ ‬یاریزان و هەم راهێنەری‮ ‬شەترەنج بوو،‮ ‬خانەوادەكەم هەر هەموویان شەترەنج دەزانن‮.‬

لالی‮ ‬زیاتر دەڵێت‮: ‬شەترەنج بۆ من وەك ئارەزووییەك وایە،‮ ‬نەمتوانیوە دوور بم لەو‮ ‬یارییە،‮ ‬كەواتە شەترەنج بۆ من ژیانە،‮ ‬ژیانیش جوانی‮ ‬و بەختەوەرییە،‮ ‬بەهۆی‮ ‬خوێندنەوە زۆر كات لە شەترەنج دادەبڕام،‮ ‬بەڵام دواجار پەنام بۆ دەبردەوە،‮ ‬چونكە پێم وایە لەو رێگایەوە بە خەون و حەزەكانمەوە دەگەم،‮ ‬بەلای‮ ‬منەوە شەترەنج زۆر شتی‮ ‬فێركردووم،‮ ‬فێری‮ ‬ئەوەی‮ ‬كردم كە ژیان فەلسەفەیە،‮ ‬وات لێدەكات بە ئاسانی‮ ‬بەرگەی‮ ‬سەختییەكانی‮ ‬ژیان بگریت،‮ ‬ئەویش بە ئامانجی‮ ‬پلانی‮ ‬درێژی‮ ‬هەتاهەتایە،‮ ‬هەروەها توانا بەخشین لە سەر تەركیزكردن،‮ ‬و لە سەر بیركردنەوە‮.‬

دواجار ئەو كچە شەترەنجزانە جۆرجییە دەڵێت‮: ‬خەون و ئاواتم‮ ‬یەكجار زۆرن لەبواری‮ ‬شەترەنج،‮ ‬لەوانە دەمەوێ شەترەنج لە ناوچەكەی‮ ‬خۆمان فیمۆ كارتلی‮ ‬Lali Bibilashvil‮  ‬پێشبخەم،‮ ‬هەروەها دەمەوێ بڕوانامەی‮ ‬ناوبژیوانی‮ ‬نیودەوڵەتی‮ ‬و رێكخەری‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬شەترەنج بەدەست بهێنم،‮ ‬وە دەمەوێ لەداهاتوودا ببمە گراندماستەرێك،‮ ‬هەرچەندە ئەمەی‮ ‬دوایی‮ ‬هیندە ئاسان نییە،‮ ‬دەبێ كاری‮ ‬لەسەر بكەم و زیاتر خۆمی‮ ‬بۆ ماندوو بكەم‮.‬

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌