2017-10-12

خەبات/ مەریوان نەقشبەندی

گەورە كەسایەتی مەسیحی ئەمریكا و خاوەنی گەورەترین رێكخراوی خێرخوازی لەجیهاندا ستایشی گەلی كورد و حكومەتی هەرێم دەكات و داوا لەسەرۆكی ئەمریكا دەكات پشتیوانی گەلی كورد بێت. لەنووسینێكیدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك فرانكلین گراهام خاوەنی رێكخراوی سەمیریتان پێرسی خێرخوازی مەسیحی و یەكێك لەبەهێزترین كەسایەتیە مەسیحیەكان كە دۆستێكی نزیكی گەلی كورد و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكایە رەخنەی توند لەوەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەگرێت كە بەشێوەیەكی سلبی لەسەر ریفراندۆمی كوردستان قسەی كردوە و دەڵێ: هێزە عێراقیەكان سەر بەئێرانن و هەر لەبەرئەوەش چەكدارانی داعش خۆیان تەسلیمی پێشمەرگە دەكەن چونكە دەزانن هێزی مرۆڤدۆستن. هەروەها دەڵێت سەرۆك جۆرج بوش هەڵەی كرد كە رێگەی دا سوننە و شیعە و كورد لەیەك وڵاتدا بمێننەوە، پێویستە سەرۆك و حكومەتی ئەمریكا پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان بكەن چونكە ئەوان مافی هەموو پێكهاتەكان و دیموكراسی لەناوچەكە دەستەبەربكەن. شایانی باسە فرانكلین گراهام نزیكەی 40 ملیۆن شوێنكەوتووی لەناو مەسیحیەكاندا هەیە و لە 65 وڵاتی جیهان پرۆژەی خێرخوازی هەیە و لەرێورەسمی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وتارێكی پێشكەش كرد و كەسێكی گوێلێگیراوە لەناو ئیدارە و ناوەندەكانی بڕیار لە ئەمریكا.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌