2017-10-11

دادگای فیدرالیی عێراق لە ڕێگەی بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی خۆیەوە ئەوەی ڕەت کردەوە کە هیچ بۆچوونێک لەبارەی لێپێچینەوەکردن لەو پەرلەمانتارە کوردانە بدات کە بەشدارییان لە ڕیفراندۆم کردووە.

ئیاس سامۆک، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی دادگای فیدرالیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا  وەڵامی داواکارییەکەی پەرلەمانی عێراقی دایەوە لەبارەی لێپێچینەوە لەو پەرلەمانتارانەی بەشداری ڕیفراندۆمیان کردووە و ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ماددەی 93ی دەستوور و ماددەی 4ی یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005 کە دوورکەوتنەوەیە لەو ناکۆکییانەی لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، هەروەها بەپێی حوکمەکانی پێڕەوی ناوخۆیی دادگاکە کە بە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 دادەندرێت، بڕیاریان داوە ڕای خۆیان لەسەر داواکارییەکەی پەرلەمانی عێراق نەدەن.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە دادگای فیدرالی لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەکەی خۆیدا کار بۆ چاودێریکردنی دەستووریەتی یاساکان و بڕیار و ڕێنماییەکان دەکات و ئەو دەقە دەستووری و یاساییانە شی دەکاتەوە کە پێویستە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی دادگای فیدرالی لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەرکی دادگای فیدرالی نییە، بۆچوون لەبارەی نووسراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یان هەر داواکارییەکی لەو چەشنە بدات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌