2017-10-10

ڕۆژی سێشەممە 10ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سیریل نان باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كاردانەوەكانی دوای ڕیفراندۆم بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە سەقامگیری و سەلامەتیی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە. داوایشی كرد كە هەولێر و بەغدا بە ئاراستەی گرژی و ئاڵۆزكردن هەنگاو نەنێن و ئامادەیی ئەڵمانیاشی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی هەردوولا بۆ ئەوەی بكەونە گفتوگۆ لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و ڕێگەگرتن لە گرژی، چونكە گرژی و ئاڵۆزی بە زیانی هەردوولا دەبێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیا كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان لە پڕۆسەیەكی ئاشتیانەدا دەنگی داوە و ڕیفراندۆم دەرخەری ئیرادەی گەلی كوردستانە. جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوی بۆ گرژی و ئاڵۆزی نەناوە و ئامادەی گفتوگۆیە بە بێ مەرج و بە ئەجیندایەكی كراوە لەگەڵ بەغدا.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌