2017-10-10

كه‌ریم زه‌ند، مێژووناس و گه‌ڕیده‌ و جوگرافیاناسی ناسراوی كورد، كه‌ یه‌كێكیشه‌ له‌وانه‌ی به‌شداریی له‌ كۆماری كوردستان له‌ مهاباد كردووه‌ كۆچی دوایی كرد.

 ئه‌مڕۆ میژوونووسی ناوداری كورد كه‌ریم زه‌ند كه‌ خاوه‌نی میدالیای بارزانی نه‌مره‌، له‌ ته‌مه‌نی 93 ساڵیدا له‌ شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

كه‌ریم زه‌ندی نووسه‌ر و مێژووناسی كورد له‌ ساڵانی چله‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌نووسین كردووه‌ و ده‌یان چاپكراوی له‌رۆژنامه‌و گۆڤاره‌ كوردیه‌كان بڵاو كردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین خه‌ڵات و رێزلێنانی له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ و رێكخراوه‌كانی پێبه‌خشراوه‌ و له‌ شاری سلێمانی قۆتابخانه‌یه‌ك به‌ناوی كه‌ریم زه‌ند ناونراوه‌.
کەریم زەند، کوڕی حەمەئاغای کوڕی ئەمین ئاغایە و لە ساڵی 1924 لە سلێمانی لە دایک بووە و لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی خوێندنی ئایینی و سەرەتایی و ناوەندی تەواو کردووە و پاشان چووەتە بەغدا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا. لە ساڵی 1940ـەوە دەستی بەنووسین کردووە و وەك گەڕیدەیەك هەر چوار پاچەی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی دونیا گەڕاوە و زانیاری تەواوی لەسەر هەموو شوێنەکان و هۆز و تیرە و ڕەگەز و زمان و مێژووی کوردستانی گەورە و دونیا تۆمار کردووە و زۆربەی گەشتەکانیشی بە پێ بووە. ناوبراو بەشداری لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەھاباد كردووە و مێدالیای رێزلێنانی بارزانیشی وەرگرتووە. كەریم زەند، پشتگیرێكی سەرسەختی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوو و لە رێی كوردستان24 ـەوە پێش ئەنجامدانی پرۆسەكە، داوای لە خەڵكی كوردستان كرد روو بكەنە سندووقەكانی دەنگ دان و بە بەڵێ دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن. كەریم زەند، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 93 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

K24

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌