2017-10-03

خه‌بات: سه‌نگه‌ر حوسێن

خاتوو گۆرانیبێژی لوبنانی حه‌سنا مه‌ته‌ر به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، چه‌ندین ئاهه‌نگ و چالاكی هونه‌ری له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجامدا.
حه‌سنا مه‌ته‌ر كه‌ به‌ بالوێزی هونه‌ری نێوان كوردستان و لوبنان ده‌ناسێنرێت، نوێترین به‌رهه‌می هونه‌ری خۆی بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی پێشكه‌شی گه‌لی كوردستان ده‌كات ئه‌ویش گۆرانی (عیدك یا كوردستان)ه‌، ئه‌م گۆرانییه‌ له‌ هۆنراوه‌ی شاعیری به‌ناوبانگ كه‌ریم عێراقی و ئاوازی هه‌ڵكه‌وت زاهیرو دابه‌شكردنی یه‌حیا مۆجییه‌، له‌ ئێستادا تۆماركردنی گۆرانییه‌كه‌ ته‌واو بووه‌، حه‌سنا مه‌ته‌ر چاوه‌روانی سپۆنسه‌رێكه‌ به‌ مه‌به‌ستی كلیپ كردنی.

شایه‌نی باسه‌، حه‌سنا مه‌ته‌ر له‌ رۆژانی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی ریفراندۆمی كوردستان دوو ئاهه‌نگی گۆرانی له‌ پاركی شانه‌ده‌رو شارۆچكه‌ی به‌حركه‌ سازكردو زۆرترین هاوڵاتی تێیدا ئاماده‌بوون، به‌ سروودی (حیوا رجال الپیشمه‌رگه‌) هه‌موو ئاماده‌بووانی هێنایه‌ جۆش و خرۆش. هه‌روه‌ها له‌ رۆژی 25ی ئه‌یلوول وه‌ك چاودێرێكی بیانی له‌سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان ئاماده‌بوو.
خاتوو هونه‌رمه‌ند حه‌سنا مه‌ته‌ر كه‌ له‌ ئێستادا له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ژیت له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا رایگه‌یاند، زۆر دڵخۆشم به‌ تۆماركردنی ئه‌م گۆرانییه‌ كه‌ دیارییه‌كی بچووكه‌ بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌ی گه‌لی كوردستان، هیوادارم بتوانم له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا گۆرانییه‌كه‌ كلیپ بكه‌م و به‌شداری دڵخۆشی گه‌لی كوردستانی ئازیز بكه‌م.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌