2017-09-12

پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، جەختیان لە نایاساییبوونی بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دژای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایان گەیاند، ئەگەر بەو بڕیارەدا نەچنەوە، بژاردەی دیکە هەیە.

دوای بڕیاردانی پەرلەمانی عێراق بە ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پرێس کۆنفرانسێکدا دژایەتیی خۆیان بۆ بڕیارەکە دەربڕی. لەمبارەیەوە موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ڕای گەیاند: ”تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە توندی لەکاتی گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر بڕیارەکە، ناڕەزاییان نیشان دا. ڕێژەی یاسایی تەواو نەبووە و پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان نەداوە، ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە دەستەی سەرۆکایەتیی عێراق وەڵامی پێشنیازی ئەوانی بۆ دواخستنی گفتوگۆکردن لەسەر بڕیارەکە نەداوەتەوە. دووپاتیشی کردەوە: ”ئەگەر ئەم بڕیارە هەڵنەوەشێتەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستێکی دیکەیان دەبێت“.

هاوکات شاخەوان عەبدوڵا لە فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد: ”هەڵەیەکی گەورەیان کرد، ئەو بڕیارە نایاساییە و ئێمە وەکوو کورد هیچ پێیەوە پابەند نابین. نابێ پرسێکی نیشتمانیی وەکوو ڕیفراندۆم بەبێ وەرگرتنی ڕای فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاری لەسەر بدرێت“. دووپاتیشی کردەوە کە بڕیارەکەیان بڕیاری پێکهاتەی عەرەب بووە و داوایان کردووە بۆ ئەم پرسە، پەرلەمان لێژنەیەک بۆ گفتوگۆکردن لە هەرێمی کوردستان پێک بهێنن.

لە کۆتاییشدا ئاڵا تاڵەبانی لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕای گەیاند: ”ئێمە تا بۆمان بکرێت دژایەتیی ئەو بڕیارە دەکەین. ئەگەر پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیان نەکەن، ئێمە بژاردەی دیکەمان هەیە“.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌