2017-09-12

جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان ڕای دەگەیەنێت، خەڵك بڕیاری داوە بە (بەڵێ) دەنگ بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق بدات.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان، كە هاوكات ئەندامی لێژنەی باڵای ڕیفراندۆمە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندوه‌  "ژمارەیەك لە بەرپرسانی توركمان لە بەغدا، كە دژایەتیی ڕیفراندۆم دەكەن، مەزهەب لایان گرنگترە لە نەتەوە و ئەوان گوزارشت لە گەلی توركمان ناكەن، چونكە بە گوێرەی دڵی نەیارانی توركمان كار دەكەن، ئەوە ئێمەین كە نوێنەری ڕاستەقینەی توركمانەكانین و خەڵك بڕیاری داوە و دەڕوات و لە 25ی ئەم مانگەدا بە (بەڵێ) دەنگی خۆی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەدات".

ئەو سەرکردەیەی تورکمان ڕوونیشی كردەوە: "ئێستا جگەلە بەرەی توركمانی سەرجەم حزبە توركمانییەكان لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم دان و ڕەنگە بەرەی توركمانیش بێتەوە سەر خەت و هەندێك داخوازیی هەبێت کە جێبەجێ بكرێت و ئەوانیش لەگەڵ ئەو پرسەدا بن".

لەبارەی بوونی حەشدی توركمانی، لە باشووری كەركووك و شارۆچكەی خورماتوو، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد" پێكهێنانی حەشدی توركمانی لەلایەن چەند بەرپرسێكی بەرژوەندیخوازەوە بووە و توركمان هیچ پێویستی بە حەشدی شەعبی نییە، چونكە ئێمە پێمان وایە كە حەشدی شەعبی هێزێكی میلیشیایی چەكداری مەزهەبییە، لای ئێمەش هێزی بەو شێوەیە ڕەت دەكرێتەوە".

ڕاشی گەیاند" ئێمە تاكە هێز كە دەمانپارێزێت هێزەكانی پێشمەرگەیە و گەنجانی توركمانیش چ لە هەرێم و چ لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەگەر بیانەوێت ببن بە چەكدار، دەتوانن ببن بە پێشمەرگە و ژمارەیەكی بەرچاو لە توركمانیش لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدان و تێیاندا هەیە ئەفسەریشە".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌