2017-09-11

   پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ١١/٩/٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ (پارك یۆنگ كیوو) كونسووڵی كۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا (كیوو) خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆریای باشووری دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها نامه‌یه‌كی (موون جای ئان) سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی كۆریای باشووری دایه‌  سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تیایدا جه‌خت له‌ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و سیئۆل له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌ جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی ڕێكخراوی كۆیكای كۆری له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ بواره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و دابه‌شكردنیدا. ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هاوكاریكردن له‌ به‌ره‌وپێشبردنی ته‌كنه‌لۆژیا و كه‌رتی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاشكرای كرد كه‌ مانگی داهاتوو ناوه‌ندێكی مه‌شق و ڕاهێنان بۆ كادیرانی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌نه‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و نامه‌ی سه‌ركۆمار و هاوكارییه‌كانی كۆریای باشووری له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها تۆكمه‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و سیئۆلی دووپات كرده‌وه‌.

داواشی له‌ كونسولی كۆریای باشوور كرد سه‌رمایه‌دارانی وڵاته‌كه‌یان هان بده‌ن بێن له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن و ئه‌زموونی كۆریا له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا‌ به‌ تایبه‌تی له‌ بواری به‌ئه‌لكترۆنیكردنی ده‌زگاكانی حكوومه‌ت، بۆ هه‌رێمی كوردستان بگوازنه‌وه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌