2017-09-11

  نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ١١/٩/٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ (د. عومه‌ر ئه‌لكه‌نده‌ری) كونسووڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا (ئه‌لكه‌نده‌ری) خۆشحاڵیی خۆی به‌و دیداره‌ ده‌ربڕی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و كوێتی دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌و هاوكارییه‌ مرۆییانه‌ دا كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی كوێته‌وه‌ بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كرێت و له‌مباریه‌وه‌ سوپاسی داموده‌زگا و ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه‌ هاوكارییه‌كی باشیان ده‌كه‌ن له‌ گه‌یاندنی ئه‌و كۆمه‌كانه‌‌ و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانیشی دووپات كرده‌وه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ سه‌رمایه‌دارانی كوێتی هان ده‌ده‌ن سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن تا له‌ نزیكه‌وه‌ ئاشنای هه‌رێمی كوردستان ببن و له‌ داهاتوودا سه‌رمایه‌گوزاری تێدا بكه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و ده‌وڵه‌ت و ئه‌میر و خه‌ڵكی كوێتی كرد بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌‌ی كه‌ گه‌یاندوویانه‌ته‌ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و بۆته‌ هۆی سووككردنی هه‌ندێك له‌و بارگرانییه‌ی‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێم.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان خویازیاره‌ باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت هه‌بێت و پێشوازی له‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌دارانی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن و له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كرێت.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ دا باس له‌ بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و پرسی ڕیفراندۆم و داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ل عیراق كرا و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ خوازیاره‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌