2017-09-11

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 11ـی9ـی2017 به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌لاحه‌ددین پێشوازی له‌ یان كۆبیش نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ئێستا و ئاینده‌دا‌ تاوتوێكرا، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به‌ بۆچوون و تێبینیه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد له‌باره‌ی ریفراندۆم و گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی بۆ نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، بڕیاری گه‌لی كوردستانه‌ و مافێكی یاسایی و ئاسایی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، گه‌لی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ پاراستنی سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌