2017-09-11

خەبات‮ - ‬سلێمانی

جوتیارانی‮ ‬قەزای‮ ‬پێنجوێن‮ (‬96‮ ‬كلم باكووری‮ ‬رۆژهەڵاتی‮ ‬سلێمانی‮) ‬ساڵانە لە كاتی‮ ‬پێگەیشتنی‮ ‬بەرهەمەكانیاندا رووبەڕووی‮ ‬كێشە و گرفتی‮ ‬ساغكردنەوەی‮ ‬بەرهەمەكانیان دەبنەوە،‮ ‬ئەوان گلەیی‮ ‬و رەخنەكانیان ئاراستەی‮ ‬حكوومەت و لایەنە بەرپرسەكان دەكەن كە وەك پێویست هاوكارییان ناكەن و بەرهەم و ماندوبوونی‮ ‬ساڵانەیان بەفیڕۆ دەڕوات‮. ‬

پێنجوێن ناوچەیەكی‮ ‬شاخاوی‮ ‬سنووری‮ ‬پارێزگای‮ ‬سلێمانییە و نزیكە لە سنوورەكانی‮ ‬كۆماری‮ ‬ئیسلامی‮ ‬ئێرانەوە،‮ ‬ئەو ناوچەیە خاوەنی‮ ‬دەشتێكی‮ ‬كشتوكاڵی‮ ‬بەپیتەو ساڵانە بڕێكی‮ ‬زۆری‮ ‬بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لەو سنوورەوە بەرهەم دەهێنرێت،‮ ‬بەهۆی‮ ‬بەپیتی‮ ‬خاكەكەی‮ ‬و ئاو هەواكەیەوە كە ناوچەیەكی‮ ‬كوێستانییە،‮ ‬بەرهەمی‮ ‬ئەم ناوچەیە لە چاو بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی‮ ‬ناوچەكانی‮ ‬دیكەدا جیاوازی‮ ‬زۆریان هەیە و تام و چێژێكی‮ ‬تایبەت تریان هەیە‮. ‬پێنجوێن خاوەنی‮ ‬24 هەزار و450 ‮ ‬دۆنم زەوی‮ ‬بەراو و روبەری57 ‮ ‬هەزار و‮ ‬303 ‮ ‬دۆنم زەوی‮ ‬دێمیە و ژمارەیەكی‮ ‬زۆری‮ ‬دانیشتوانی‮ ‬ئەو ناوچەیەش لەو زەویە كشتوكاڵیانەدا كاردەكەن و ساڵانە بڕێكی‮ ‬زۆری‮ ‬سەوزە و میوە دەخەنە بازاڕەكانەوە‮. ‬بەپێی‮ ‬ئامارەكانی‮ ‬بەڕێوبەرایەتی‮ ‬كشتوكاڵی‮ ‬قەزاكەش،‮ ‬ڕووبەری‮ ‬چێنراوی‮ ‬بەرهەمە كشتوكاڵیەكان ساڵ بەساڵ بەرزتر دەبێتەوە،‮ ‬بەشێوەیەك لە ساڵی‮ ‬2016دا رووبەری‮ ‬20 هەزار دۆنم زەوی‮ ‬كراوە بەشوتی،‮ ‬تەماتە و خەیار‮. ‬ئەوەی‮ ‬جوتیارانی‮ ‬ئەو ناوچەیەی‮ ‬نیگەران كردووە و ساڵانە لەم كاتەدا ئەو نیگەرانیانەیان زیاتر دەكات،‮ ‬ساغ‮ ‬نەبوونەوەی‮ ‬بەرهەمەكانیان و هاوكاری‮ ‬نەكردنی‮ ‬لایەنی‮ ‬بەرپرسە بۆ ئەوان،‮ ‬بەجۆرێك لە ساڵانی‮ ‬رابردوودا چەندین جار خۆپیشاندانیان كردووە و رێگریان لە هاتنە ناوەوەی‮ ‬بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی‮ ‬ئێران كردووە كە لە سنوورەكەی‮ ‬ئەوان لە مەرزی‮ ‬باشماخەوە هاوردەی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان دەكرێت‮. 

سیروان عومەر جوتیار و خاوەنی‮ ‬عەلوەیە لە قەزای‮ ‬پێنجوێن،‮ ‬ئەو لەو بارەیەوە گوتی‮: "‬كێشە و گرفتەكانی‮ ‬جوتیاران بەشی‮ ‬گەورەی‮ ‬لە ساغ‮ ‬نەبوونەوەی‮ ‬بەرهەمی‮ ‬جوتیاراندایە،‮ ‬جگە لەوەی‮ ‬بۆ بەرهەمهێنانی‮ ‬هیچ هاوكارییەك ناكرێن لەلایەن حكوومەتەوە و هەندێكجاریش لە هەندێك شوێندا لایەنە پەیوەندیدارەكان كێشەیان بۆ دروست دەكەن لە هێنانی‮ ‬تۆ و دەرماندا،‮ ‬لەكاتی‮ ‬پێگەیشتنی‮ ‬ئەو بەرهەمانەشدا روبەڕووی‮ ‬كێشەی‮ ‬گەورە دەبینەوە لە ساغ‮ ‬كردنەوەیان‮". ‬

ئەو گوتیشی‮: "‬چارەسەری‮ ‬ئەو كێشەیە بە دوو رێگا دەكرێت،‮ ‬یەكەم داخستنی‮ ‬سنوورەكان لەكاتی‮ ‬پێگەیشتنی‮ ‬بەرهەمی‮ ‬ناوخۆ و رێگری‮ ‬لە هاوردەكردنی‮ ‬بەرهەمە دەركییەكان لەو وەرزەدا بۆ ساغ‮ ‬كردنەوەی‮ ‬ئەو بەرهەمانەی‮ ‬لەناوخۆدا بەرهەمهێنراوە و بەشی‮ ‬پێداویستی‮ ‬ناوخۆ دەكات،‮ ‬دووەم‮ ‬،‮ ‬لەناوخۆی‮ ‬عێراقدا رێگە بدرێت بەرهەمی‮ ‬ناوخۆی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بەبێ گومرگ بگوازرێتەوە بۆ شارەكانی‮ ‬ناوەڕاست و خوارووی‮ ‬عێراق و كارئاسانیان بۆ بكرێت‮". ‬

عومەر عەبدوڵڵا جوتیارێكی‮ ‬ناوچەكەیە و باس لەوە دەكات،‮ ‬رۆژانە بڕێكی‮ ‬زۆر تەماتە لە وڵاتی‮ ‬ئێرانەوە بە رێگەی‮ ‬فەرمی‮ ‬و قاچاخ دەهێنرێتە ناوخۆی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان و كاریگەری‮ ‬زۆر لەسەر بەرهەمی‮ ‬ناوخۆیی‮ ‬ئەوان دەكات،‮ ‬ئەو گوتی‮: "‬رۆژانە بڕێكی‮ ‬زۆر تەماتە دەهێنرێتە ناوەوە و باس لەوە دەكرێت كە گومرگ دەكرێت،‮ ‬بەڵام ئەگەر گومرك بكرێت بە پارەیەكی‮ ‬زیاتر دێت و كیلۆی‮ ‬500 دینار دەكەوێت،‮ ‬ئێمە داوا دەكەین‮ ‬یان نەهێنرێت‮ ‬یان گومرگی‮ ‬زیاتری‮ ‬لەسەر دابنرێت‮". ‬

تۆفیق شەریف دانیشتوویەكی‮ ‬بەتەمەنی‮ ‬ناوچەكەیە و‮ ‬78 ساڵ تەمەنی‮ ‬كردووە،‮ ‬ئەو كە تائێستاش ساڵانە بڕێكی‮ ‬زۆر تەماتە دەچێنێت لەو ناوچەیە،‮ ‬باس لەوە دەكات ئەو بەرهەمانەی‮ ‬دەیان چێنن خەرجی‮ ‬زۆریان هەیە و لەكاتی‮ ‬پێگەیشتنیان پارەیەكی‮ ‬كەمتر دەكەن و كیلۆی‮ ‬ناگاتە‮ ‬150 دینار،‮ ‬ئەوەش وای‮ ‬لەو جوتیارانە كردووە بڕێكی‮ ‬زۆری‮ ‬بەرهەمەكەیان لەو زەویانە واز لێبهێنن و لە بەر خەرجیەكەی‮ ‬نەیان چننەوە‮. ‬

جێگری‮ ‬سەرۆكی‮ ‬لیژنەی‮ ‬كشتوكاڵ و ئاودێری‮ ‬لە پەرلەمانی‮ ‬كوردستان،‮ ‬غەریب پێنجوێنی‮ ‬لەسەر كێشە و گرفتی‮ ‬جوتیارانی‮ ‬ناوچەكەی‮ ‬گوتی‮: "‬كێشە و گرفتی‮ ‬گەورەی‮ ‬جوتیارانی‮ ‬ناوچەكە ئەوەیە بڕی‮ ‬تێچووی‮ ‬بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان زیاترە و حكوومەت و وەزارەتی‮ ‬كشتوكاڵ ناتوانێت هاوكاری‮ ‬جوتیاران بكات لە پێدانی‮ ‬دەرمان و تۆو،‮ ‬لەئێستاشدا كە وەرزی‮ ‬پێگەیشتنی‮ ‬بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی‮ ‬ناوچەیە ئەو بەرهەمانە لە بازاڕدا ساغ‮ ‬نابنەوە و پارەیەكی‮ ‬كەم بۆ جوتیاران دەكات كە نرخی‮ ‬تێچوونەكەی‮ ‬دەرناهێنێتەوە‮".‬

پێنجوێنی‮ ‬ئاماژەی‮ ‬بەوەش كرد،‮ ‬سەرەڕای‮ ‬داواكاری‮ ‬جوتیاران،‮ ‬بەڵام تائێستاش تەماتە و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی‮ ‬دیكە لە ئێرانەوە هاوردەی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان دەكرێت،‮ ‬ئەوەش زیانی‮ ‬گەورەی‮ ‬لە بەرهەمی‮ ‬جوتیارانی‮ ‬ناوخۆ داوە و رۆژانە زیاتر لە‮ ‬70 تۆن تەماتە لەو سنوورەوە هاوردە دەكرێتە ناوەوە‮.‬

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌